رۆژنامەی ھەولێر

چۆن دەبیت بە نووسەر؟

حەمەسەعید حەسەن
نووسەر با دەست بە داوێنی خەون و خەیاڵیشەوە بگرێت، لە کۆتاییدا هەر تاکی کۆمەڵێکە و لە واقیعێکدا دەژی، بۆیە ناتوانێت خۆی لە خەمی کۆمەڵ داببڕێت و باس لە شتگەلێک بکات، هیچ پێوەندییان بە دونیای واقیعەوە نەبێت. تەنانەت ئەوە ئەدەبەشی بە شاباڵی خەیاڵ دەفڕێت، ڕەگەکانی قووڵ بە ژیانێکی ڕاستەقینەدا ڕۆ چوون، ئاخر ئەفسانە و خەون و خەیاڵ هەر درێژەپێدانی واقیعن، لێی جیا نین، با ئەو سیمبۆڵ و ئایدیا و خەونانەشی نووسەر بەگەڕیان دەخات، خوێنەر لە ژیانی ڕۆژانەیدا بەرەو ڕوویان نەبێتەوە.

نووسین با دەربڕی خودێکی دیاریکراویش بێت، با ڕەنگدانەوەی ئەو واقیعەیش بێت کە نووسەر تێیدا دەژی، هەر پێوەندیی بە هەموو گەردوونەوە هەیە، ئاخر هیچ نەبێت نووسەریش کەم یان زۆر بە دوای مانای بووندا وێڵە و لە هەوڵی وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەزەلیدایە، لە چەشنی: ئایا ژیان ئەوە دەهێنێت، توند دەست بە داوێنییەوە بگرین؟ نووسینیش وەک ژیان تەمومژاوییە، وەک چۆن دەژین و لە ژیان تێناگەین، وەک چۆن دەکەوینە ڕووباری خوڕی خۆشەویستییەوە و نازانین بەرەو کوێمان دەبات، هەر وایش دەنووسین و شارەزای دونیای پڕ لە نهێنیی نووسین نین.

نووسەر ژیانی تێدەپەڕێت و بێ دابڕان دەنووسێت، خۆیشی بە تەواوی نازانێت، بۆچی هەر دەنووسێت؟ کە لە نووسینێک دەبێتەوە، هەست بە خۆشییەکی سەیر دەکات، هەست بە تێربوونێکی گیانیی دەکات، بەڵام هەر زوو وای بۆ دەچێت، دەبێت دیسانەوە بنووسێت، هەوڵی بەرهەمهێنانی نووسینی جوانتر بدات، چونکە پێی وا دەبێت، ئەوەی بڵاوی کردووەتەوە، لە ئاستی چاوەڕوانییەکانیدا نییە. نووسەر هەمیشە پێی وایە، زۆری پێیە و هێشتا کەمی گوتووە و ئەوەی بەرهەمی هێناوە، بەشێکی کەمە لەوەی لە گەنجینەی ناخیدا هەیە، بۆیە هەتا تەمەنی کۆتایی دێت، لەدوای نووسینێکییەوە دەچێتە سەر یەکێکی دیکە.

نووسەر ئەگەر تا دوا ڕۆژەکانی ژیانیشی هەر بنووسێت، هێشتا هەر وا هەست دەکات، پێویستی بە وەختی ترە، تا هەموو ئەو بیرۆکانەی تریش کە لە ناخیدا خۆیان مەڵاس داوە و هێشتا بواری بۆ نەڕەخساوە، بیاننووسێت، لە جوانترین فۆرمدا دەریانببڕێت. نووسەری داهێنەر قەت تینوویەتیی لە نووسین ناشکێت، کە بە دەست نووسینەوە ماندوو دەبێت، دوای کورتەپشوویەک دەست بە نووسین دەکاتەوە. بۆچی دەنووسیت؟ نووسەری ڕاستەقینە، ناتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، وەک چۆن ناتوانێت، بەرسڤی پرسیاری: بۆچی خەون دەبینیت، بداتەوە، ئاخر نووسین نە پاڵنەرێکی دیاریکراوی هەیە، نە ملکەچی لۆگیکە، نە ئامێرێکە بۆ گەییشتن بە ئامانجێکی دیاریکراو.

نووسین لەکن نووسەر، ئارەزوویەکە نە تێر دەبێت و نە خامۆش دەبێتەوە، ئاخر نووسەر بە هەڵمژینی هەوای نووسین دەژی. نووسین ئەگەر تەنیا لەپێناوی دابینکردنی بژێویدا بوو، ئەگەر مۆچیاریی سیاسی، یان ئایینی بوو، ئەوە دەکەوێتە خانەی بەجێهێنانی ئەرکەوە، نەک داهێنانەوە، چونکە نووسین پرۆسەیەکی چێژبەخشە و نووسەر بەدەم نووسینەوە، چێژێکی زۆر لە نووسینەکانی دەبینێت. خەڵکی ئاسایی لەنێو واقیعدا دەژین، وەلێ نووسەر لە دونیای نووسیندا دەژی، ژیانێک لە لوتکەی مەستیدا. بۆچی دەنووسیت؟ ئاخر بێ نووسین ناژیم، بێ نووسین وەک سەراب و وەک وەهمم لێ دێت و دەبم بە بەشێک لە عەدەم.

ئەگەر نەمنووسیبا، هەستم دەکرد، ئینسانێکم پەراوێزخراو، شتێکم، ژمارەیەکم، ئامێرێکم، ئاخر لە غەیری نووسین، بە چی هەستم بە ئینسانبوونی خۆم کردبا؟ ئەگەر نووسین بێ پرس و بێ مۆڵەت خواستن، هەر وەختێک ویستی، دێت و داگیرت دەکات، ئەگەر نووسین هیچ کام لە مەرجەکانی تۆی بە دڵ نییە و هەموو مەرجەکانی خۆیت بەسەردا دەسەپێنێت، ئەگەر نووسین ناوبەناو نائومێدت دەکات، ئەگەر ناوبانگێکت هەیە و تەنیا بە هۆی نووسینەوە پەیدات کردووە، ئەگەر بە هۆی نووسینەوە، دنیای تازەت دۆزیوەتەوە و زوو زوو سەفەر بۆ شوێنی نادیار دەکەیت، ئیدی گومانت لەوە نەبێت کە نووسەریت.

بڕیاری پێشوەخت بۆ نووسین نادەم، کاتێک دەست بە نووسین دەکەم، پێم وابێت شتێکی تازەم بۆ گوتن پێیە. پلان بۆ نووسینی شیعر دانانێم، وەک چۆن ئاوی کانی هەڵدەقوڵێت، شیعریش لە کن من، ئاوا خۆڕسکانە لە دایک دەبێت، بەڵام دواتر هەندێک دەستکاریی دەکەم. شیعر زیاتر پێوەندیی بە هەستمەوە هەیە، وەک لە هۆشمەوە و لە قووڵاییی ناخمەوە سەر دەردەهێنێت، لە ئاسمانەوە بە سەرمدا نابارێت. ئەگەر توانیم پەخشانەشیعرێک بنووسم، نزیک لەوەی جوبران خەلیل جوبران دەینووسی، کێش و پاشبەند دوور تووڕ دەدەم، ئەگەرنا دەست لە کێشی بڕگەیی بەر نادەم.

لە نووسیندا پەلەم نییە، جاری وا هەیە، ڕستەیەک چەند جارێک دادەڕێژمەوە. بەو هەست و بایەخەوە دەنووسم، وەک نووسینم لە داهاتوویەکی نزیکدا، ببێت بە بەشێك لە کتێبێکی پیرۆز. ڕۆژی ڕستەیەکی جوان بنووسم، لەوەم پێ باشترە هەزار وشەی لەوانەی ڕۆژانە ڕۆژنامەیان پێ پڕ دەکرێتەوە، بنووسم. ئەگەر شتێکی بەنرخت بۆ گوتن پێ بێت، دەبێت بە شێوازێکی جوان و بە زمانێکی پوخت دەری ببڕێت، ئەگەر نا، بانگەشە بۆ ئەوە مەکە، خاوەنی فیکر یان مانای باڵایت.

ژیانی نووسەر لە نووسیندا چڕ نابێتەوە، ئاخر نووسەریش وەک کەسانی دیکەی ئاسایی، ژیانی تایبەتیشی هەیە کە ڕەنگە هیچ لەگەڵ نووسیندا کۆی نەکاتەوە. تەنیایی بۆ نووسەر وەک گەنجینەیەک وایە، نووسەر لە گەنجینەی تەنیاییدا زێڕی وشە دەبینێتەوە و پێشکەش بە خوێنەری دەکات. خاتوونە شاعیری ئەمریکایی ئێمیلی دیکنسۆن (١٨٣٠ – ١٨٨٦) کەسێکی هێندە شەرمن بوو، لە ڕووی نەدەهات شیعرەکانی پیشانی کەس بدات، بەڵام دوای مەرگی کە شیعرەکانی بڵاو کرانەوە، بەشدارییەکی کارایان لە گۆڕینی نەخشەی شیعری جیهاندا کرد. کەواتە شیعرێک بکەوێتە خانەی داهێنانەوە، بۆ سەلماندنی هەبوونی خۆی، پێویستی بە ڕیکلام و نەڕەنەڕ نابێت، شیعرێکە خۆڕسکانە، ناخمان دەکات بە هێلانە. ئەوە شیعری لاوازە، نەک جوان، پێویستی بەوەیە شاعیر بە دەم نمایشەوە، بە دەنگێکی بڵند بیخوێنێەوە، تەواو وەک ئەو کلیپەی، تێیدا هیچ بایەخێک بە تێکست نەدراوە.

نووسەر دەتوانێت باسی سیاسەتیش بکات، بەڵام بە مەرجێک بەرگێکی هونەریی بکاتە بەر نووسینەکەی و ڕاستگۆیانە لەو دەرگەیە بدات، ڕاستگۆیییەکی بێ دەمامک، ڕاستگۆیییەک لە چەشنی ئەوەی قەشە ئوگەستین، ڕۆسۆ، شێخ ڕەزا و موحەممەد شوکری، ڕاستگۆیییەک نە هیچ مانگایەک بە پیرۆز بزانێت و نە هیچ لەودیو پەردەوە بهێڵێتەوە. نووسەر کە وەکوو ڕەخنەگرێکی ئازاد ئاوڕ لە سیاسەت دەداتەوە، بەوە لە دابینکردنی ژینگەیەکی دیموکراسیدا بەشدار دەبێت، ڕەخنەی ئازادیش لە ژینگەیەکی دیموکراسیدا گەشە دەکات. من بە مەبەستی ڕۆنانی پردێک لە نێوان نووسەر و خوێنەردا، ڕەخنەی ئەدەبی دەنووسم، بەڵام بە ئومێدی ڕووخاندنی ئەو پردەی سیاسەتکاری بازرگان بە خەڵکەوە دەبەستێتەوە، ڕەخنەی سیاسی دەنووسم. وەک چۆن کاریکاتێر، کۆمێدیایە لە وێنەدا، ساتیریش هەر کۆمیدیایە، بەڵام لە وشەدا. نە هونەرمەندی کاریکاتێریست و نە نووسەری ساتیریست، هیچیان مەبەستیان سووکایەتیکردن، بەو کەسایەتییانە نییە کە بەسەریان دەکەنەوە، بەڵکوو لە ڕێی ئەم یان ئەو کەسایەتییەوە، ئاوڕ لەم یان لەو دیاردە دەدەنەوە.