عومەر چنگیانی
سەرەتا: لە بەرای چوونە نێو بابەتەكەم، بە ئەركی دەزانم كە ئەوە ڕوون بكەمەوە ئەم نووسینەم نوێكردنەوەی گوڵخەرمانی زنجیرە سێی گۆشەكەیە كە كاتی خۆی، لە لاپەڕە “8” ی ژمارە 2250 لە سێشەممە 10ی نۆڤەمبەری 2015 لەم ڕۆژنامەی هەولێرە ئازیزەدا بڵاو كراوەتەوە، ئێستایش كە نوێی دەكەمەوە ئەمڕۆ ٦ــی محەڕەمی1447دەكات و شەممەی دابێت ڕۆژی دەهەم و عاشورایە. (بایەخ پێدانی قورەیش و خەڵكانی تر بەر لە هاتنی ئیسلام بە دەهەم ڕۆژی مانگی “محەڕەم” و دواتریش لەلایەن مسڵمانانەوە بەڵگەنەویستە و ساڵانە لەو ڕۆژی “عاشوورا”یەدا باس لەوە دەكرێت، كە خوای گەورە لە ڕۆژێكی وادا “پێغەمبەر مووسا” و جوولەكەكانیشی ڕزگار كردووە لە دەست “فیرعەون” لە وڵاتی میسر و، مەلا و بانگەوازخواز و، وتاربێژەكانمان بایەخێكی زۆر بە بیرهێنانەوەی ئەو ڕۆژە دەدەن و، باس لە گرتنی ڕۆژووی نۆ و دەی مانگەكە دەكەن، بەڵام وێستان بە دیار باسی یەكتاپەرستی و بایەخی بێسنووری قورئان پێیەوە و دروستكردنی گیانی یەكتری قەبووڵكردن، فەرامۆش دەكەن كە مووسایەك پێغەمبەری بەنی ئیسرائیلی بووبێت – سەلامی خوای لێبێت – چۆن و بۆ ئەو بایەخە وەردەگرێت لای مسڵمانان، لەكاتێكدا كە هەمیشە ڕقبوون لە جوولەكە لەسەر زاری زۆرینەمانە؟!
بۆیە دەپرسم:
1/ ئەو ڕۆحی یەكتری ویستن و ئەو بە تەنگ ئازاری یەكترەوە هاتنە و، هەماهەنگی و هاوخەمی و هاوخۆشییەی پێغەمبەر خۆی – دروود و سڵاوی خوای لێ بێت – و مسڵمانان دەیانكرد لە كوێ و، ئەوەی لای خۆمان لە كوێ؟
2/ كام مسڵمانە كوردە هەیە وا گۆش نەكرابێت كە قینی لە جوولەكە ببێتەوە و كارەكەیشی بە بەشێك لە ئیمان نەزانێت و لە سۆنگەی ئێستای عەرەبەوە ــ نەك قورئان ــ سەیریان نەكات؟
3/ باشە كێ بەرپرسیارە لەو ڕووننەكردنەوەیە و، لەو بەرچاوڕۆشنینەدانە بە مسڵمانان كە “بەنیئیسرائیلیەت” تاوان نییە! تاوان تاوانە هەر كەس و لە هەر پێگەیەكدا بیکات، داگیركردن لە ژێر هەر پاساوێكدا بکرێت تاوانە، نەك داگیركردنێك جوولەكە بیكات ستەمە و، ئەوەی عەرەب و تورك و فارس بیكەن دروست و ڕەوا بێ؟ ئەوەی جوولەكە لە “فەلەستین” بیكات ناڕەوایە و ــ كە وایشە ــ بەڵام ئەوەی وڵاتە بە ناو ئیسلامییەكان بیكەن بە گەلان دروستە؟
4/ ئەوەی “خاخام” بە دەم خواوە بیڵێ ناوی لێ بنێن “تەلموود” كفرە و، ئەو هەموو درۆیەی بە ناوی ئیسلامەوە مەلای نامەلا و ئاخوند دەیكات و ئەو هەموو تەفرەدانە دروستە؟!
لەلایەكی ترەوە لەبارەی یادی كوشتنی حسەینی كوڕی عەلی – سەلامی خوایان لێ بێت -، كە لە ساڵی شەستی كۆچیدا و، لە عاشورادا بە ستەم كوژراوە، دەڵێم:
1/ گومان لەوەدا نییە كە كوشتن بەناهەق كارێكی خراپە و دەبێ نەبێ و، گەر ڕوویشی دا دەبێ خاوەن ماف بگاتەوە بە مافی خۆی و، بەو ڕێگانەی قورئان ڕوونی كردوونەتەوە لە ڕێگای دەسەڵاتەوە هەقەكە بستێندرێت.
2/ كەسە كوژراوەكە هەر كەس بێ و لە هەر پێگەیەكدا بێت جیاوازی لە نێوان خوێنەكاندا نییە و، مرۆڤ هەر مرۆڤە و، بە گەڕانەوە بۆ قورئان خۆی بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە كوشتنی هەر مرۆڤێك بە ناهەق بەبێ سەیركردنی نەتەوە و ڕەگەز و خێڵ و ئایدیای، وەك یەكە و، تاوانە (1)، بەڵام بۆ ئەبێ دوای ئەم هەموو ساڵە ئەم خوێنە نەبڕێتەوە و، ساڵانە ئەو هەموو كارەساتە و تەفرەدانە بە نێوی تۆڵەی ئەو خوێنەوە بكرێت؟
3/ لەو وڵاتانەی كە بایەخێكی بێسنوور بەو بەزم و هەرایە دەدەن و خەڵكی پێ تەفرە دەدەن چ بەهایەك بۆ مرۆڤ هەیە، نەخاسمە مرۆڤێك كە هاوئایدیا و هاومەزهو و هاوزمانی دەسەڵاتداران نەبێت؟
4/ باشە ئەو كارەساتی خۆسزادانە (2) و خوێنڕشتنە و، بەكارهێنانی منداڵە، لە كوێ و، مافی مرۆڤ نەخاسمە منداڵ و ژن لە كوێ؟
ئەمە لە كوێی ئایینێكدا جێی دەبێتەوە كە باس لەوە دەكات بۆ میهرەبانی هاتووە و بایەخ بە ئەقڵ و زانست دەدات؟
5/ ئەو هەموو درۆ و پۆخڵەواتانەی لەو چەند ڕۆژەدا دەیدەن بە گوێی خەڵكدا چەند بەهایان هەیە و تا چەند ڕێز بۆ ئەقڵی تاك دانراوە لە لایان؟
پەراوێز:
(1) قورئان لە 32ـەم ئایەتی سوورەتی “المائدە”دا لە دوای باسی یەكەم تاوانی مرۆڤكوشتن لەسەر زەوی، دەفەرمێت:
“هەركەسێ، كەسێكی بە ناهەق، یان بۆ ئاشۆنانەوە کوشت، وەك ئەوە وایە هەموو مرۆڤی كوشتبێ”.
(2)قورئان لە 195ـەم ئایەتی سوورەتی “البقرە”دا، دەفەرمێت:
“بە دەستی خۆتان، خۆتان تووشی ناڕەحەتی مەكەن”؛ لە بنەماكانی شەریعەتیشە كە نابێ بە هیچ پاساوێك مرۆڤ، خۆی سزا بدات.

