خوسرەو جاف
ساڵی 1963ز پێشمەرگە بووم، برسێتی و بێ ڤیتامینی هێڵەی دەكرد، دوو هەفتە جارێك بگرە زۆرتر چەوریمان نەدەدی، خواردنی هەمیشەییمان نان و دۆی لادێیەكان و نان و چای یان بە پێچەوانەوە دۆ و نان یان چای و نان بیریشمان لێ نەدەكردەوە، لامان وابوو كوردستان لەسەر دەستی ئێمە ئازاد دەكرێت، ئەو برسیەتییە بەردەوامە تووشی نەخۆشیی “شەوكوێریی كردم” پێشمەرگایەتی ئەودەمە بە هەق پارتیزانی بوو.. شەو و ڕۆژی بۆ نەبوو، هەر ئان و سات ئەگەری پەلاماردان هەبوو، ئیدی لە تاریكیدا دەكوژامەوە بووم بە ئەرك بۆ هاواڵەكانم بە هەر فەلاكەتێك بوو هەواڵی لێقەومانم گەیاندە ئامۆزاكانم لە ئێران سەردار جاف و سالارجاف زۆری نەكێشا پیاوێكیان وەك چاوساغ بۆ ناردم..
ساڵ ساڵی 1963ز پێشمەرگە بە لای دەوڵەتی ئێرانەوە یاخی و بە تیرۆریست ناودەبرا، هەر پێشمەرگەیەك بگیرایە، بێسەروشوێن دەكرا، توێشووی نانمان هەڵگرت و بە لاڕێدا بە پێیان كەوتینە ڕێ، كابرا قاچاخچییەكی چالاك و لێزان بوو، هەرچی كوێرەڕێگە و ڕێچكەڕێ بوو دەیزانی، ئێوارە درەنگ گەیشتینە سەر جادەیەكی قیر، لە نزیك شارێكی گەورەوە، لەژێر دارێكدا وەستاین و وتی: تۆ لێرە چاوەڕێ بە تا من دەڕۆمە نێو شار”قەسری شیرین” ماشێنێك چاوەڕێمان دەكات، دەڕۆم دەیهێنم. ئەو ڕۆیشت زۆر شەكەت و ماندوو بووم، لە بەرەبەیانییەوە بە لاڕێی هەڵەتەوە بەڕێگاوە بووم، خەوم لێ كەوت نازانم چەندێكی پێ چوو، شەو داهاتبوو، منیش كوژابوومەوە، كابرا دەستی گرتم و لە دواوە سەیری كردم، وتی ئەگەر ژاندارم هاتە ڕێمان تۆ خۆت بكە بە نەخۆش. شەو گەیشتمە ماڵی مامم، ئامۆزاكانم بەو شێوەیە منیان دی، گەلێك پێی ناڕەحەت بوون، بەتایبەت “خورشیدە”ی ئامۆزام، كە پەیمانمان بە یەك دابوو، سەرەنجام بوو بە هاوسەرم و دایكی منداڵەكانم، دوای پەنجا و پێنج ساڵ ئەوە پێنج مانگ و چوار ڕۆژە كۆچیدوایی كردووە تاك و تەنها بەجێی هێڵاوم.
ئەو دەم سەردارجاف لە كۆلیژی مافی زانكۆی تاراندا دەیخوێند، هەرچۆنێك بوو گەیاندمیانە تاران شێخ ناسح و شێخ مادح نەقشبەندی ئاپارتمانێكیان بەكرێ گرتبوو، بوومە مێوانی ئەوان…سەردارجاف لە یانەی زانكۆدا بەشی بێگانەكان دەنووست بۆ ماوەی یەك مانگ و بیست ڕۆژ لە تاراندا بە لای دكتۆرەكەوە بووم “پرۆفیسۆر شەمس” لێزانی چاو بوو، چاوم كەوتبووە كار، دەتوانم بڵێم یەكەمین پێشمەرگە بووم ڕۆیشتوومەتە ناو ئێرانەوە، گەڕامەوە بۆ ماڵی مامم لە كرماشاندا.. كات ئەو كاتەیە وا حەسەن زیرەك گۆرانیی “كرماشان شاری شیرینم”ــەکەی لە ڕادیۆی كرماشاندا بڵاو كردەوە:
کرماشان شاری شیرینم
شاری جوان و کوردنشینم
پێم خۆشه دایمه بتبینم
خۆشم دهوێی کچه جیران
ئهمن دۆست و تۆ دهسگیران
ئهی وهی وهی ده وهره ده وهره وهی وهی بابان وێران
کرماشان جێگهی ئهژدادم
جێگهی شیرین جێی فهرهادم
قهد قهد تۆ ناچی له یادم
خۆشم دهوێی کچه جیران
ئهمن دۆست و تۆ دهسگیران
ئهی وهی وهی ده وهره ده وهره بابان وێران
کرماشان شارێکی جوانی
شاری گهورهی کوردستانی
ساحیبی تاق وهستانی
خۆشم دهوێی کچه جیران
ئهمن دۆست و تۆ دهسگیران
ئهی وهی وهی ده وهره ده وهره بابان ویران
کرماشان شاری ڕهنگینی
جێگهی فهرهاد جێی شیرینی
حهز دهكهی دایمه بیبینی
خۆشم دهوێی کچه جیران
ئهمن دۆست و تۆ دهسگیران
ئهی وهی وهی سووره گوڵهکهی نێو موکریان
کرماشان شاری دڵخۆشی
کرمانشان نهمکهی تۆ فهرامۆشی
شاری شیرین و سهرخۆشی
خۆشم دهوێی کچه جیران
ئهمن دۆست و تۆ دهسگیران
ئهی وهی وهی سووره گوڵهکهی نێو موکریان
کرمانشان تاریفی تۆم تهواوه
تێیدا ماندووی من حهساوه
چون وێنهی بووك بۆم ڕازاوه
خۆشم دهوێی کچه جیران
ئهمن دۆست و تۆ دهسگیران
ئهی وهی وهی خۆشم دهوێی بابان وێران
ئەو كاتە ڕادیۆی كرماشان لە ئاستێكی بەرزی شیعر و مۆزیك و شانۆییدا بوو، بەتایبەت تیپی مۆسیقای كرماشان گەیشتبووە پلە و پایەیەك وا ئێستا هەزارەی سێیەمە و كورد خاوەنی دەستەڵاتی خۆیەتی و بواری ڕاگەیاندن ئاستی بەرز و باڵایە، پڕە لە كەناڵی جۆراوجۆری تەلەفزیۆنی، كەچی لە بواری مۆسیقاوە هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی ڕادیۆی كرماشاندا…
حەسەن زیرەك دوو ڕۆژ جارێك دەهاتە ماڵی مامم و گۆرانیی بۆ دەوتن، ئەو یانزە ڕۆژەی دوای چاكبوونەوە لە ماڵی ماممدا مامەوە، شەش حەوت جار حەسەن زیرەكم دیوە و لەگەڵیا دواوم، ئەو بە ڕاستگۆیانە ڕێڕەوی هونەری پڕ لە ناسۆری و نەهامەتی خۆی دەدوا، كە بە كوێرەوەری و منداڵی بردوویەتە سەر و لەگەڵ هەژاریدا ژیانی بەسەر بردووە، خۆی دەیوت: من و هەژاری دووانەین و بە یەك سك هاتووینەتە دنیاوە. دەیوت كار نییە نەمکردبێت، كرێكاری، وەرزێری، فاڵگیری، دەفرشۆری و چایچیەتی، بە هەر فەلاكەتێك بوو گەیشتمە ئێزگەی بەغدا، مامۆستا مەردانم لێ بوو بە فیرعەون، بە هەر جۆرێك بوو چەند گۆرانییەكیان بۆ تۆمار كردم. ئیتر لەگەڵ دەهۆڵژەنێك و سڕناژەنێكدا بووم، بە هاوڕێ لە بڕێك بۆنەیدا بەشداریمان دەكرد.. بیستمان لەو بناری گەرمیانەدا لە لادێی “ژاڵە”دا شادییە، ئێمەیش بەو گەرمای گەرمیانە ڕێگەمان گرتە بەر بۆ ئەو دێیە.. كاكە نەگەیشتبووینە ناوی لە دێیەكەوە كابرایەك بە هەرا بەرەو ڕوومان هات و بە هەناسەبڕكێوە وتی: نەیەن، هەر لەوێدا ڕاوەستن، خواردنتان بۆ دێنن بۆ ئێرا. دهۆڵ و سڕناژەنەكە ئەو جۆرە مامەڵەیانە لە مێژدا دیبووە، كابرا گەڕایەوە بۆ ناو دێ لای كردەوە و پەنجەی شایەتمانی ڕاوەشاند و وتی: ها! نەكا بێن؟
لە هاواڵەكانم پرسی ئەرێ ئەوە بۆ وامان لەگەڵ دەكەن؟
سڕناژەنەكەمان لە هەردووكمان دنیادیدەتر بوو، وتی:
” لەم بابەتەم زۆر دیوە، ئەوانە لایان وایە ئێمە لۆتی و نەگبەتین، بەدبەختی دێنینە سەر ژیانی بووك و زاوادا. ناڕەحەت مەبە، ئەمە زۆر دەخایەنێت تا لەو نەگبەتییەی ڕزگارمان ببێت، هەر نەبێ من و تۆ نایبینین. نانیان هێنا تازەكار بووم نەمخوارد، ئەمە حەسەن زیرەك بۆ خۆی گێڕایەوە.
وتم ئەرێ تۆ بەو دەنگە زەڵاڵەت بۆچی “نەورۆز” ناكەیتە گۆرانی…
وتی بیكەمە چی؟
وتم: لە سروود دەربهێنەوە و بیكە گۆرانییەكی كەلتووری…
وتی: قوڕ دەكەن بەسەرما، تووشی پەتپەتێنم دەكەن…
وتم: هیچی تیا نییە، نەورۆز جەژنێكی نەتەوایەتیی ئێرانە، قەڵخانەكانی لێ لابە بە هەمان ئاواز وەك گۆرانییەك تۆماری بكە.
بەهەرحاڵ دوای ساڵێك، دوو بوو، گوێم لێ گرت، بەڕاستی جوانی دەرهێنابوو، سەد ڕەحمەت لە ڕۆح و ڕەوانی.
ئەمەم لە مەزهەر خالقی بیستووە دەیگوت: “من بەڕێوەبەری ڕادیۆی كرماشان و شارەكانی تر بووم، لە لایەن گوێگرانەوە هەفتەی هەشت نۆ نامەم بۆ دەهات…كەچی حەسەن زیرەك هەفتەی یەك گونیە نامەی پێ دەگەیشت.”
دەمەوێ ئەوەی بڵێم كابرایەكی نەخوێندەوار، هەژار و بێ پشتوپەنا، دوور لە ئەكادیمیەت و زانست و فێركردن لەناو زۆنگاوی ژیاندا بێت و وردەوردە هەڵكشێتە سەرەوەی سەرەوە سەرتر، ببێتە ئەو حەسەن زیرەكە وڵاتگیرە خۆی بناسێنێتە تەواوی توێژەكانی گەلی كوردا، ئەكادیمی، خوێندەواران، كۆلكەخوێندەواران، خەڵكی دەوڵەمەند و هەژار لە هیچا هاوڕا نەبن، لە بلیمەتیی حەسەن زیرەكدا هاوڕا و هاودەنگن.
سەد ڕەحمەت لە ڕۆح و ڕەوانی حەسەن زیرەكی كۆڵنەدەر و بلیمەت.
هەروەها ڕووداوێكی تری گێڕایەوە وتی: هەر لەگەڵ ئەو دهۆڵ و سڕناژەنەیدا دێ بە دێمان دەكرد، شەومان لێ هات وتەكەیم پێ بڕی و وتم: ئەمەی دەیگڕیتەوە هەر لە ناوچەكانی جافدا بووە.
وتی: ئەی كاكە خۆ لە ناوچەی باوكمدا نەبووە، ئەرێوەڵا ئەمەیش بەلای قەوموقیلەی ئێوەوە بووە، سەرتاسەری ناوچەی بەربڵاوی جاف بگەڕێیت ماشەڵا ئەوەندە زۆرن كوردستانتان داگیر كردووە، بۆ نموونە سڕنایەك نابینی، دهۆڵێك بەچاو نابینی، لەبەر ئەوەی مەڕ و ماڵاتتان زۆر و شمشاڵ بەلای شوانەكانەوە هەن.
– ئێ دەی كاكە واز لە ئێمەی جاف بێنە…
وتی: شەومان لێ هات و تۆزێك ساردی كردبوو، لە كەوانەی دێوە تاكەماڵێك دیار بوو، بەش بەحاڵی دەوڵەمەند بوو، سەرمامانە، دامان لە دەرگا، تمەز ئەم ماڵە وا تاك بووەتەوە دژمندارە، ئەو دوای لێدانەی دەرگا یەكێك نەڕاندی، ئێوە كێن؟
دەهۆڵژەنەكە وتی: مێوانین و لێمان قەوماوە!
وتی: كوڕە ڕاستم پێ بێژن وەپێغەمبەر عارەوی نەیەژن وە گولە كونكونتان دەكەم..
دەهۆڵژەنەكە وتی: كاكە ئێمە لۆتین و ڕێمان گوم كردووە، شەومان لێ هاتووە.
كابرا دیسان نەڕاندی شەش تەڵاقەم كەوێ بۆی بەیان نەكەن تا بزانم لۆتین، هەر لەوێ خپتان دەكەم.
دەهۆڵژەن وتی: خاڵۆ حەسەن حەوسەڵەت هەبێت ئێستا بۆت ڕوون دەكەینەوە لۆتین، لۆتی…
سڕناژەن وەك خەنجەر سڕناكەی كردبووە بەرۆكیدا، سڕنای دەركرد و فووی پیای كرد دەهۆڵژەنیش دەستی پێ كرد و ئیتر هەر مەڕ و بزن بوو بە چوار دەوردا ڕایان دەكرد، كابرا هاتبووە هاوار، كورە بەسە!
– كورە گەماڵ باوكینە بەسە، نیوەی دهۆڵژەنەكان لێرەوەن.
– كورە بەسە!
بڕیمانەوە، كابرا بە تفەنگەوە هاتە دەرەوە، لەو لاوە دێ شڵەژابوو، ڕۆمولغەزایەك بوو نەوێتەوە…
وتم: كاكە حەسەن ئەمە خۆت دروستت كردووە.
ئایەتێك بە دیواردا هەڵواسرابوو، حەسەن زیرەك هەڵسا و لە ئایەتەكە نزیك بووەوە ئاماژەی بۆ كرد و وتی: كاك خوسرەو بە هەقی ئەو قورئانە ئەوەی گێڕامەوە خیلافی تیادا نییە.
سەیر كە هونەرمەندێكی وا گەورە بە چی ڕێگە و هەڵدێرگایەكدا گوزەراوە، چ میحنەت و بێڕێزییەكی دیوە. كۆڵی نەداوە و كۆششی خۆی كردووە تا بووە بەو حەسەن زیرەكە.. خۆزگە میللەتەكەشمان وەك حەسەن زیرەك سوور دەبوون لەسەر مافی ڕەوای خۆیان و كۆڵدانی لە ئاوەزی خۆی دەسڕیەوە.

