دژوار فایەق
حکومەتی فیدراڵی عێراق کێشە چارەسەر ناکات بەڵکو کێشە دروست دەکات! هەرچەندە رێککەوتن کراوە لە نێوان هەولێر و بەغدا بەڵام مووچە خەرج ناکات و بودجە نانێرێ و رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نادات، پارەی کۆمپانیاکانی نەوت خەرج ناکات هەرچەندە ١١ ملیون بەرمیل نەوتی لە کوردستان وەرگرتووە! گلەیی لە کەمی داهاتی نەوتی کوردستان دەکات، لە کاتێکدا خۆی کۆسپ بۆ بازرگانان و دەروازە سنورییەکانی کوردستان دروست دەکات و گومرگی زیاتر ئەخاتە سەر کاڵاکانیان بۆ ئەوەی ناچاربن لە دەروازە سنورییەکانی عێراق شتومەک هاوردە بکەن باسی کەمبوونەوەی داهاتی کوردستان ئەکات.
پێویستە رای گشتیی عێراق باش بزانن داهاتی دەروازە سنورییەکانی کوردستان ئەوەندەی داهاتی دەروازە سنورییەکانی عێراق نیە بەڵکو زۆریش کەمترە، بەتایبەتی داهاتی بەندەری ئوم قەسر .
لە راستیدا چارەسەری کێشەکان زۆر ئاسانە ئەگەر نیاز پاکی و متمانە هەبێت، بەوەش دەکرێت یاسای نەوت و گاز دەربچێت لەبەر رۆشنایی ماددەی ١١٢ی دەستوور یان لێکتێگەشتن و رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا جێ بەجێ بکرێت بەتایبەتی ئەوەی لەگەل حکوومەتی سودانی کراوە و پەرلەمانیش بریاری لەسەر داوە، نەوت بڕوا و مووچە و بوودجە خەرج بکرێت، پێشتریش لە ڕێکەوتنی هەولێر بەغدا و بەرنامەی وزاری سەرۆک وەزیرانی عێراقدا هاتووە لەلاپەڕە ٢٠ : لە بەرنامەی وزاری برگەی یاسادانان و ریفۆڕمە سیاسەکان برگەی أولا خالی دوو : یاسای نەوت و گاز کەدەبوو حکوومەتی فیدڕاڵی عێراق وەک پڕۆژە یاسا بینێرێ بۆ پەڕلەمان بۆ دەرکردنی یاساکە، بەڵام نەی ناردووە و یاساکەش دەرنەچووە.!
هەر بۆ ئاگاداری لە ماددەی ی١١٢ دەستووری عێراق بەڕوونی دەردەکەوێت ئیدارەی نەوت و گاز لە کێلگەکانی ئێستا بە هاوکاری بەرێوە دەبرێت لە نێوان حکوومەتی فیدرال و هەرێم و پاریزگاکانی عێراق، بەیەکەوە پلانی ستراتیجی بۆ پەرەسەندنی سامانی نەوت و گاز دادەنێن، بەشێوەیەک زیاترین سود بە گەلی عێراق بگەیەنێت و دادپەروەرانە داهات دابەشبکرێت بە گوێرەی رێژەی ژمارەی دانیشتوان .
بەڵام ئەوەی جێی داخە حکوومەتەکانی عێراق تا ئێستا یاسای نەوت و گازیان دەرنەکردووە و هەرچی لێکتێگەشتن هەیە لەسەر پرسی نەوت و گاز بەرهەمی نەبووە و نەگەشتونەتە رێککەوتن ئەمەش بووەتە کێشەیەکی گەورە لە بەرامبەر هەناردەکردنی نەوتی کوردستان بۆ دەرەوە، زیانی زیاتر لە ٢٠ ملیار دۆلاری گەیاندوە بە عێراق .
ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی عێراق بیزانیایە بە گوێرەی ماددەی ١١٢ دەستوری عێراق هەرێمی کوردستان و پارێزگاکان مافی بەشداریی کردنیان لە ئیدارەدانی بابەتی نەوت و گاز نیە هەر لە ٢٠٠٥ یاسای نەوت و گازیان دەردەکرد، ئەو یاسایە دەرناکەن چونکە دەزانن حکوومەتی هەرێم مافی بەشداری هەیە لە دارشتنی سیاسەتی نەوت .
* ڕاوێژکاری باڵا

