رۆژنامەی ھەولێر

پاڵەوانەکانی مووچە

شێرکۆ حەبیب
لە هەفتەی رابردوو بەرێز مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی وەک دەڵێن “ئەوەی بن بەڕەی هێنایە سەر بەڕە” بەراشکاوی باسی لە گرفت و ناکۆکییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێم کرد، هەروەها ئاماژەی بە رێگا چارەسەرەکان کرد و بە ڕاشکاوی ئەوەی خستەڕوو کەوا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکان نابن، و هەوڵەکان هەروەک ئاماژەی پێکرد بەردەوامە بۆ دابینکردنی مافەکانی فەرمانبەرانی کوردستان، و ئەوە هەوڵی حکوومەت و خودی خۆیەتی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان.
ئەوەی جێگای پرسیارە لە کوێن پاڵەوانەکانی مووچە کە هەر ڕۆژەی لە دەزگاکانی راگەیاندنی تایبەت بەخۆیان باس باسی هەوڵەکانیان بۆ دابینکردنی مووچە بوو، سەرجەمیان ئەوەیان دەخستە روو کەوا لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا و بەرێز سوودانی رێککەوتوون کەوا مووچە بەم زوانە دابەش دەکرێت! یا هەبوو دەیگوت فلان کەس بەتەنیا دەچوو بۆ بەغدا کێشەکەی چارەسەر دەکرد و مووچەی لەگەڵ خۆی دەهێنا! ئەوەی تر دەیگوت لە دادگای فیدراڵی لەسەر پێشنیاری ئێمە مانگانە مووچە دێت، لە کۆتایی بینیمان تەنیا راگەیاندنەکانی حکوومەت راست و دروستبوون کەوا هەوڵەکان چر کراونەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەرکردن.
گرنگ ئەوەیە ئەو لایەن و کەسایەتیانە ئەوەی لە توانایان بێت درێغی نەکەن، نەک تەنیا بۆ نمایش کردن و خۆ دەرخستن بێت، و دەبێ ئەوەش لە یاد نەکەن کەوا حکوومەت لە گەڵ حکوومەت مامەلە دەکات، لە لایەکی دیکەوە چیتر هاووڵاتی چەواشە مەکەن و هەر کەس لە ئاستی خۆی هەواڵ بڵاو دەکاتەوە مووچە ئەمرۆ سبەی دێت، حکوومەتی هەرێم گوتەبێژی هەیە هەر دەرئەنجامێک هەبێ ڕایدەگەیەنێ، بەسە یاری بەهەستی هاووڵاتیان مەکەن چونکە کەستان ئاگاداری هەوڵەکان نین جگە لە حکوومەتی هەرێم. و دابینکردنی مووچە و چارەسەرکردنی گرفتەکان ئەرکی حکوومەتی هەردوو لایەنە، نەک ئەم حزب و ئەو حزب، بەڵکو هەندێ لایەن بابەتەکە زیاتر قووڵتر دەکات بۆ ئەوەی دژایەتی حکوومەتی هەرێم زیاتر بێت، ئەوەی دژایەتی حکوومەتی هەرێم یا رەخنەی لێدەگرێت دەبێ لە حکوومەتی هەرێم بە پەرۆشتر و دڵسۆزتر بێت بەکردەوە نەک بەنمایش کردن بیسەلمێنێ.