حەمەسەعید حەسەن
هەموو شتێ دوایی پێ هات
تازە ئیدی
پەشیمانی دادمان نادات
تازە ئیدی
نە گلەیی سوودی هەیە
نە گریان کۆمەکمان دەکات
*
تازە ئیدی
نە ئەگەری ئەوە هەیە
ئەو ڕابردووە شیرینە
دووبارە بگەڕێتەوە
نە کانیاوی کوێرەوەبووی
ئەو ئەڤینە ئاگرینە
سەرلەنوێ ببووژێتەوە
*
تازە ئیدی
کۆشکی بڵندی ئەڤینمان
لە بناغەوە ڕووخاوە
لە کوانووی پڕ کەڵەپشکۆی
دڵداریمان
مشتێ خۆڵەکەوە ماوە
*
دەبێ ئەوە باش بزانین
ئەو سەردەمە
لەمێژە دوایی هاتووە
کە دەمانگوت
هەر ڕۆژێ یەکدی نەبینین
ئەو ڕۆژەمان لەکیس چووە
*
ئیدی دەبێ
چیتر خۆمان فریو نەدەین
ئێمە بەدەم شەپۆلەوەین
هانا بۆ بنجەگیا نەبەین
*
ئیدی دەبێ
لەگەڵ دابڕاندا ڕابێین
ئاخر مەحاڵە بتوانین
لە قەدەری خۆمان هەڵبێین
*
(*) خۆڵەکەوە: خۆڵەمێش

