رۆژنامەی ھەولێر

تارماییه‌كانی مووشەک و برینه‌كانی خود له‌ شیعری “مووشەک”ـەکەی “ته‌یب قادر”دا

بڵند باجه‌لان
ته‌یب قادر زۆرجار بەدواداچوون بۆ تەوەری بوون و شوناس و بارودۆخی مرۆڤ دەکات. شیعری ته‌یب گوزارشت لە هەستێکی قووڵی حەسرەت و خەبات دەکات کە دەتوانرێت هاوتەریب بکرێت لەگەڵ دیدگای نیچە. نیشته‌ به‌ چه‌مكه‌كانی ” سوپه‌رمان” و “ئیرادەی دەسەڵات” ناسراوە. ئەم بیرۆکانە جەخت لەسەر هێزی تاک و زاڵبوون و دروستکردنی بەهاکانی مرۆڤ دەکەنه‌وه‌ لە جیهانێكی تایبه‌تدا.
له‌ قه‌سیده‌ی” موشەک”ـەکەی تەیب قادر، لە کاتێکدا وردەکاریی تایبەت سەبارەت بە كوشتن و جه‌نگ لەلایەن شاعیره‌وه‌ خراوەتە ڕوو، دەتوانین تەوەرەکانی قەیرانی بوون، شوناس، یان بارودۆخی مرۆڤ، وەک زەمینەیەکی بەپیت بۆ گفتوگۆ تێبینی بكه‌ین.
له‌ ده‌قی ” مووشەک دا، شاعیر بەدواداچوون بۆ ئازاری ئینسان ده‌كا، جێگای سەرنجه‌ كه‌ ده‌قه‌كه‌، مامەڵە لەگەڵ پرسی مانا و ئامانج دەکات، ڕەنگە دەنگدانەوەی ئەو توڕەییە وجودییه‌ بێت له‌ شیعره‌كه‌دا هه‌یه‌:
له‌ شه‌ڕدا نازانن منداڵ چییه‌
له‌ شه‌ڕدا نازانن ژن چییه‌
ته‌نیا ده‌زانن مرۆڤ بكوژن
مرۆڤ نابێت بكوژرێت، دڵی هه‌یه‌.
– چەمکی “ئیرادەی دەسەڵات”ـەکەی نیچە دەتوانێ لە ڕۆحی ته‌وه‌ره‌كانی ناو “موو‌شه‌ك”دا ڕەنگ بداتەوە کە جەخت لەسەر خۆڕاگری و ئیرادە ده‌كه‌نه‌وه‌ و پاڵنەرن بۆ زاڵبوون بەسەر ناخۆشییه‌كاندا. ئه‌م شیعره‌، دەست ده‌خاتە سەر بابەتەکانی خۆڕاگری و توانای ڕۆحی مرۆڤ بۆ بەرگەگرتن، ئەمەش خاڵێك دابین ده‌کات بۆ جەختکردنەوە له‌سه‌ر گۆشه‌ فەلسەفییەکانی نیچە.
– برینی ئه‌م ده‌قه‌ كه‌ ڕەگ و ڕیشەی لە کولتوور و زمانی کوردیدا هەیە، ڕوانگەیەکی ناوازە بۆ شوناس و تەوەرە وجودیەکان پێشکەش دەکات. فەلسەفەی نیچە، جەخت لەسەر ڕۆڵی تاک دەکاتەوە لە دروستکردنی شوناس و بەهاکانی خۆیدا. “مووشەک” دەتوانێت وەک گەڕانێکی دژه‌ مۆدێرنه‌ بۆ ئەم بابەتانە ده‌ربكه‌وێ، ناسنامەی کولتووری لەگەڵ پرسیارە وجودییەکان تێکەڵ ده‌كات:
ئه‌و ده‌یه‌وێت گه‌وره‌ بێت و بچێته‌ زانكۆ و
ببێته‌ ئه‌ندازیار و
نه‌خشه‌یه‌كی نوێ بهێنێت و
بینایه‌ك دروست بكات،
تا هه‌ست بكات زیندووه‌.
ئه‌م شیعره‌، تێڕوانینێک پێشکەش دەکات کە چۆن فۆرمە جیاوازەکانی دەربڕین تاقی بكه‌ینه‌وه‌ بۆ گوزارشت كردن وه‌ك چۆن باس لە تەوەرە گشتگیرەکانی بوون، شوناس و بارودۆخی مرۆڤ دەکا، تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییە بەردەوامەکانی خود له‌ ئه‌ستانه‌ی ژیان و سته‌می جیاوازی ئینساندا.
بە لێکۆڵینەوە لە تێما و مۆتیڤەکانی ناو شیعری (ته‌یب) و بیرۆکە فەلسەفیەکانی نیچە، دەتوانین تێگەیشتنێکی قووڵتر لە پرسیارە وجودییه‌كان كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ شوناسەوە بەدەست بهێنین، كه‌واته‌ ده‌قه‌كه‌ بە گەڕان بەدوای تەوەرە وجودیەکان و شوناس و بارودۆخی مرۆڤ دەناسرێتەوە:
ئه‌و ده‌یه‌وێت ته‌نیا ببێت به‌ دایك
ئه‌و ده‌یه‌وێت ته‌نیا ببێت به‌ باوك
بەکارهێنانی هێما و وێنە و مێتافۆر، دیمەنێکی دەوڵەمەند و ئاڵۆز دروست دەکات کە خوێنەران بانگهێشت دەکات بۆ ئەوەی بیر لە بوون و شوێنی خۆیان بکەنەوە لە جیهاندا، تاک هاندەدرێت بۆ تێپەڕاندنی سنوورەکانی خۆی و هەوڵدان بۆ گەورەیی ئاسمانی، ئەم تەوەرە لە خواستی خود بۆ زاڵبوون بەسەر ناخۆشییەکان و گەیشتن بە ئامانجەکانی ڕەنگ دەداتەوە، دەتوانرێت گەشتی خود وەک پرۆسەیەکی داهێنەرانە سەیر بکرێت، کە دەبێت به‌ خیابانی ئاڵۆزییەکانی بووندا بڕوات و به‌ مانای خۆی بگات.

ئەنجام:
ئەم شیعره‌ تیشک دەخاتە سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ كۆنه‌كانی مرۆڤ و ئازار، له‌و سیاقه‌ (ئه‌ده‌بی_ فکری)یه‌، دەتوانین تێگەیشتنێکی قووڵتر لە وجود و شوناس بەدەست بهێنین کە لە “مووشەک”دا خراونەتەڕوو، هاوكات بەهای ئینسان و توانای مانه‌وه‌ی ئه‌و ئینسانه‌ و سته‌می ئینسان ده‌رحه‌ق به‌ ئینسان، به‌یان ده‌كا، پێمان ده‌ڵێ كه‌ زه‌مین پڕه‌ له‌ تاوان مه‌گه‌ر خه‌یاڵی جوانییه‌كانی ئاسمان ئارامی بێت.

سه‌رچاوه‌:
مووشەک، ته‌یب قادر، سایتی (ته‌م)، 2025
در امدی بر جامعە شناسی ادبیات: لوکاج، ادورنو، گلدمن، گرامشی، مترجم: محمد جعفر پویندە، نشر چشمە، تهران، ١٣٨٠.
المدخل الی الفلسفة، جون لویس، ترجمە: د. انور عبدالملک.