رۆژنامەی ھەولێر

“خۆنەچەماندن، مانەوەی شکۆمەندییە”

فەزیلە شۆرش
ئاشکرایە، مرۆڤی کورد هەمیشە باجێکی قورسی بۆ ئازادی، مرۆڤدۆستی، و پاراستنی بیروباوەڕی خۆی داوە. بە ڕۆحییەتێکی بەرزەوە، پێداگریی لەسەر بەهاترین بنەما و بناغەی مانەوەی نەتەوەکەی کردووە، کە ئەویش خۆنەچەماندنە.
خۆنەچەماندن هێز و ئیرادە دەبەخشێت بۆ بەردەوامبوون لە شکۆمەندی. هەرچەندە دوژمنان بە درێژاییی مێژوو بە هەزاران پیلانی ناپاکانە هەوڵی ڕووخاندنی ئیرادە و سڕینەوەی کورد و کوردستانیان داوە، بەڵام ئیرادەی پۆڵایینی گەلی کورد، بە ڕابەرایەتیی بارزانیی نەمر و پێشەوایەتیی سەرۆک بارزانی، هەموو هەوڵەکانی دوژمنانی نەزۆک کردووە. دواجار، ڕووشەرمی بۆ ناحەزانی کورد لە لاپەڕەکانی مێژوودا ماوەتەوە.
نابێت لەبیرمان بچێت کە ڕژێمی بەعسی دوژمنی کورد، بە شێوەیەکی دڕندانە، پەنای بۆ کردەوەی نامرۆڤانە دەبرد. بۆ ئەوەی پێشمەرگە قارەمانەکان ناچار بکات دەستبەرداری خەبات بن و خۆیان ڕادەست بکەن، هەڵدەستا بە زیندانیکردنی دایک و خوشک و ماڵباتی شۆڕشگێڕەکان. ئەم کردەوە دڕندانەیە نیشانەی ترسی ڕژێمی بەعس بوو لە بوونی کورد و پێشمەرگە قارەمانەکانی. بەڵام ئیرادەی پۆڵایینی ئەو پێشمەرگە بوێرانە، کە پەروەردەی دایکی بەهێز بوون و فەرهەنگی کوردپەروەری و خۆنەچەماندن و “یا کوردستان یا نەمان”یان لە ناخدا چەسپابوو، هەرگیز خۆیان نەدەچەماند. ئەو ماڵباتە ئازا و سەربەرزانە، مردنێکی شەرەفمەندانە و زیندەبەچاڵکردنیان هەڵدەبژارد، بەڵام ڕۆڵە ئازاکانیان ڕادەستی بەعسی فاشیست نەدەکرد.
لەم کات و ساتەدا و بۆ نەوەکانی داهاتووش، ڕابەری کورد “سەرۆک بارزانی” و پێشمەرگە و ماڵباتە قارەمانەکانیان، هێمای چاونەترسی و خۆنەچەماندنن. ئەم خۆڕاگرییەی خەڵکی کوردستان بەرامبەر بڕینی مووچە لەلایەن بەغداوە، نموونەیەکی زیندووی خۆڕاگری و بەردەوامییە. بێگومان، ئەم هێزەی کوردستانییان هەڵقوڵاوی باوەڕبوونیانە بە دۆزە نیشتمانییەکان و سڵنەکردنەوەیە لە خزمەتکردنی کوردستان.
گرنگە بە یەک هێز و یەک ئامانج و بە ڕۆحێکی کوردستانیانە، بەردەوام بین لە پارێزگاریکردن لە مافەکانی گەل و نیشتمان و خاوەندارێتی لە سەروەری و ئازادیی کوردستان