ڕاژان عەبدولڕەحمان پیرۆ
کاتێک باس لە مافی ئافرەتان دەکرێت، پێویستە یەکەمجار باس لە مافی مرۆڤ بکرێت. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، هەنگاوەکان هەمیشە بە ئاراستەی مرۆڤسالاری هاوێژراون، نەک نەریتسالاری یان نێرسالاری؛ چونکە چەسپاندنی پڕەنسیپی مرۆڤسالاری و باسکردن لەم پڕەنسیپە، خۆی لە خۆیدا باسکردنە لە مافی ئافرەتانیش. مافی مرۆڤ و مافی ئافرەت دوو ڕووی یەک دراوێکن، واتە تەواوکەری یەکترن و هەرگیز لە یەکتر جیا ناکرێنەوە.
شایەنی باسە، لە وڵاتە پێشکەوتووە دیموکراسییەکاندا بایەخێکی یەکجار زۆر بە مافی ئافرەتان دراوە و مافەکانیان لە یاسا و دەستووری ئەم وڵاتانەدا جێگیر کراون. بۆیە دەبینین پێشێلکردنی مافی ئافرەت لەم وڵاتانەدا بە بەراورد لەگەڵ وڵاتە دواکەوتووەکاندا زۆر کەمترە یان هەر بوونی نییە، چونکە یاساکانیان بە هەموو شێوازێک پشتگیری لە مافی ئافرەتان دەکات و قۆناغی پیاوسالاری و نێرسالارییان دەمێکە تێپەڕاندووە.
بەپێچەوانەوە، لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا تا ئێستاش، سەرەڕای ئەو وەرچەرخانە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی بەسەر مرۆڤایەتیدا هاتووە، بەڵام مخابن ئافرەتان لەژێر هەڕەشەی بەردەوامدان و مافیان لە هەموو ڕوویەکەوە پێشێل دەکرێت. چونکە هێشتا ئەم وڵاتانە نەیانتوانیوە خۆیان لەو کۆت و بەندە کۆمەڵایەتییانە ڕزگار بکەن کە ڕێگەخۆشکەرن بۆ ستەمکردن لە ئافرەتان و ئەشکەنجەدان و کوشتنیان، تەنها لەبەر ئەوەی کە ئافرەتن و وەک مرۆڤ سەیر ناکرێن. واتە، نەریتسالاری و نێرسالاری بەگشتی زاڵە بەسەر ئەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا.
ئەگەر ئێمە لە هەرێمی کوردستان بمانەوێت بە ئاراستەی “مرۆڤسالاری”، نەک “نێرسالاری” هەنگاو بنێین، دەبێت بەر لە هەموو شتێک پڕەنسیپی مرۆڤسالاری بەهێز بکەین و یاسا و دەستووریش پشتگیریی تەواوی لێ بکات. ئەمە بۆ ئەوەی بتوانین کۆتایی بەو هەموو پێشێلکارییانە بهێنین کە دەرحەق بە ئافرەتان دەکرێن و هەموو مافە مەدەنی و سیاسی و.. هتد، بەپێی ڕێسا و یاسا نێودەوڵەتییەکان بۆیان دەستەبەر بکرێت.
ئافرەتان نیوەی کۆمەڵگە پێک دەهێنن و لە هەندێ وڵاتیشدا زیاتر لە نیوەی پێک دەهێنن. پەراوێزخستنی ئافرەتان و دروستکردنی بەربەست لە بەردەمیاندا، کاریگەریی نەرێنیی لەسەر بەرەوپێشچوون و گەشەسەندنی کۆمەڵگا دەبێت.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین:
ڕزگاربوونی ئافرەتان لە نەریتە کلاسیکییەکان و نێرسالاری، یەکسانە بە ڕزگاربوونی کۆمەڵگە لە چەقبەستوویی و دواکەوتوویی.

