رۆژنامەی ھەولێر

باوەڕ و متمانە، خەونی ئافرەت و خێزان بەدی دەهێنێت

محەمەد هەسنانی
ئافرەت و پیاو تەواوکەری یەکترن و بەبێ یەکێکیان، بۆشایی لە پێکهێنانی خێزاندا دروست دەبێت. گرنگترین پرسیاریش ئەوەیە، چۆن خێزانێکی تەندروست پێک دێت تا لە داهاتوودا منداڵەکانیان هەمان ڕێچکە بگرنەبەر؟ وەک لە پەندی کوردیدا هاتووە: “گیا لەسەر پنجی خۆی شین دەبێتەوە.” ئەمەش دواجار کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کۆمەڵگا بەگشتی دەبێت. لە هەرێمی کوردستان، بەبێ جیاوازی ڕێز لە هەموو پێکهاتە و ئایین و ئایینزایەک دەگیرێت و ئەمەش وای کردووە ببێتە نموونەی پێکەوەژیان.
پێویستە ئافرەت و پیاو ڕۆڵی سروشتیی خۆیان ببینن. بۆ نموونە، هەندێک کار هەن کە زیاتر پەیوەستن بە پیاوەوە و ڕەنگە بۆ ئافرەت ئەنجامدانیان قورس بێت، لە هەمان کاتدا ئاستەمە پیاویش بتوانێت هەندێک کار هاوشێوەی ئافرەت ئەنجام بدات. بەڵام ئەگەر تەبایی و لێکتێگەیشتن لەناو خێزاندا هەبێت، هەردوو ڕەگەز دەبنە تەواوکەری یەکتر. ئەمەش دەبێتە هۆکارێک بۆ شکاندنی هەموو بەربەستەکان و زاڵبوون بەسەر کێشە و گرفتەکانیاندا.
سەبارەت بە ڕۆڵی ئافرەت و چۆنیەتیی بەدیهێنانی خەونەکانی، گرنگترین شت ئەوەیە کە ئافرەت باوەڕ و متمانەی تەواوی بە خۆی هەبێت. پێویستە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو کێشە و گرفتانەی ڕۆژانە دێنە پێشی، هەرگیز کۆڵ نەدات، چونکە بۆ هەموو شتێک چارەسەر هەیە. دەبێت بیر لەو ڕێگەچارانە بکاتەوە کە دەبنە هۆی بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانی و زاڵبوون بەسەر کێشەکاندا. بەپێچەوانەوە، ئەگەر دەستەوەستان بوەستێت و لەناخەوە خەم بخوات، نەک هەر کێشەکانی زیاتر دەکات، بەڵکوو تووشی کێشەی دەروونی و دڵەڕاوکێش دەبێت.
لام سەیرە کاتێک ئافرەتێک یان هەر ئەندامێکی خێزان تووشی کێشەیەک دەبێتەوە و پەنا بۆ کاری خراپ دەبات، یان بیر لە خۆکوشتن و کۆتاییهێنان بە ژیانی دەکاتەوە. ئەمە گەورەترین هەڵەی ژیانە، چونکە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە ژیان وێرانتر دەکات، نەک چارەسەری بکات. زۆرجار بینیومانە ئافرەتێک لە کاتی تووڕەبووندا کۆنترۆڵی لەدەست داوە و پەنای بۆ خۆسووتاندن بردووە یان فیشەکێکی بە خۆیەوە ناوە، دواتر لەسەرەمەرگدا یان لە نەخۆشخانە هەزار جار پەشیمانیی دەربڕیوە. ئەو کاتە هەستی بە گەورەترین هەڵەی خۆی کردووە، بەڵام تازە کار لە کار ترازاوە و خەونی خۆی و خێزان و منداڵەکانیشی لە گۆڕ ناوە.
لەکۆتاییدا، جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان ئافرەت و پیاودا نییە. گرنگ ئیرادە و باوەڕبەخۆبوونیانە بۆ بەدیهێنانی خەون و ئاواتەکانیان. هەریەکەیان پێویستیان بە هەوڵدان هەیە. چەندین ئافرەتمان هەن کە لە پۆست و پلەی باڵادان و ئەرکەکانیان بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە بەڕێوە دەبەن. ئەگەر چاوێکیش بە مێژووی کورددا بخشێنینەوە، دەبینین چەندین ئافرەت هەبوون کە فەرمانڕەواییان کردووە، بەرگرییان لە خاک و نیشتمانەکەیان کردووە و شانبەشانی پیاوان جەنگاون. بێگومان، ئەمانە هەمووی لە ئەنجامی باوەڕبەخۆبوونیانەوە بە پلە و پایە و خەون و ئاواتەکانیان گەیشتوون