رۆژنامەی ھەولێر

‎گرینگی پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی لە عێراق

دژوار فایق*
‎لە ڕاستیدا دەسەڵاتدارێتی لە عێراق لە ١٩٢١ تا ٢٠٠٣ لەسەر بنەمای ناوەندێتی و دیکتاتۆری بەڕێوەچووە، هەموو دەسەڵاتە ئیداری و سیاسی و داراییەکان لای کەسێک یان گروپێکی حکومدار کۆبۆتەوە حوکمی عێراقیان پێ کردووە، ئەو بنەمایەش باوبوو : ئەگەر کەروێشکت ئەوێت، کەروێشک وەرگرە، ئەگەر ئاسکت ئەوێ، کەروێشک وەرگرە، ئەم بنەمایەش بووە ماڵوێرانی بۆ عێراق بە هەموو پێکهاتەکانەوە.
‎بۆ گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات لە عێراق لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی لە دوای ١٩٩٢ بە دواوە ڕێککەوتن لەسەر پرەنسیپی فیدراڵی بۆ عێراق وەکو چارەسەرێک بۆ نەهێشتنی دیکتاتۆریەت و خۆ سەپاندن، فیدراڵیش بە مانای دابەشکردنی دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری و دارایی بەسەر هەرێمەکان، نەک پارچەپارچەکردنی خاک بەڵام لەدوای ٢٠٠٣ــەوە تا ئێستا بەداخەوە دەسەڵات دیکتاتۆریەتی زۆرینەیە، واتا زۆرینەی عەرەبی و شیعی لە پەڕلەمانی عێراق و دادگای فیدراڵی عێراق هەر شتێک لە بەرژەوەندی خۆیان بێت بەزۆرینەی دەنگ تێی دەپەڕێنن بێ گوێدانە ماف و بەرژەوەندیەکانی کورد و پێکهاتەکانی تر. بۆ چارەسەرکردنی دیکتاتۆریەتی زۆرینە و پاراستنی مافی کورد و پێکهاتەکان.
‎سیستەمی فیدراڵی لە عێراق دەنگی لەسەر دراوە و بە تایبەتی لە دەستوردا لە ماددەی ٦٥ باسی ئەوە کراوە ئەبێت ئەنجومەنی فیدراڵی پێکبێت شانبەشانی پەرلەمانی عێراق لە ڕێککەوتنی هەولێر-بەغدا لە ساڵی ٢٠٢٢ دووبارە جەخت لە پێکهێنانی ئەو ئەنجومەنە کراوەتەوە بووە بە خاڵێک لە خاڵەکانی منهاجی وزاری سەرۆک وەزیرانی ئێستای عێراق،
‎لە لاپەڕە ٢٧ ـی منهاجە وزاریەکە لە بڕگەی پانیا: المحور التشریعی
‎١- دەرکردنی یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی لە ماوەی ٦ مانگ…ئەم ئەنجومەنە کاری دەرچواندنی یاسای پێویست ئەبێت هەروەها هاوبەش ئەبێت لە دەسەڵاتی یاسادانان لە عێراق شانبەشانی پەڕلەمان و دەسەڵاتی فراوانیشی ئەبێت وەکو پێشنیارکردنی پڕۆژە یاسا و هەموار و گفتوگۆ لەسەر یاساکان جگە لە چاودێری دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
‎ئەم ئەنجومەنە لە سیستەمی فیدراڵی پێکدێت لە ژمارەیەکی دیاریکراو لە نوێنەری هەرێم و پارێزگاکان بە مەرجێک هەرێمی گەورە و گچکە وەکو یەک ئەندامیان هەبێت بۆ نمونە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە ١٠٠ کەس پێکهاتووە و هەر ویلاتیەک ٢ نوێنەری هەیە پەیوەندی بە ژمارەی دانیشتوانەوە نیە ئەمەش ئەبێتە هۆکارێک بۆ گەورەیی هەرێم و پارێزگا و پاراستنی بەرژەوەندی هەرێمە وپاەێزگاکان، بە دیکتاتۆریەتی زۆرینە بڕیارئان لەسەر ناسەپێدنرێ .
‎ لەلای خۆشمان ئەگەر ئەو ئەنجوومەنی فیدڕاڵیە دروست بێت دروستبێت بۆ پارێزگاریە لە بەرژەوەندی پارێزگا و هەرێمەکان بۆ ڕاگرتنی باڵانسی سیاسی و یاسایە لە دەسەڵاتی یاسادانان و بەڕێوەبردن لە عێراق.
‎بەڵام بەداخەوە ئەم خاڵە و وەک کۆمەڵێ خاڵی تر لە ڕێککەوتن و منهاجی وزاری عێراقی جێبەجێ نەکرا، بۆیە پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان و شاندی دانوستانکار لە داهاتوودا داکۆکی زیاتر بکەن لە ماف و داخوازیەکانی خەڵکی کوردستان بە دەسەڵاتە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها پێداگیری بکەن لە پێکهێنانی ئەنجومەنی فیدراڵی.
چونکە مادەیەکی دەستوریە و بەرژەوەندی هەرێم و پارێزگاکان ئەپارێزێ و بنەمایەکە لە بنەماکانی سیستەمی فیدڕاڵی .
‎* ڕاوێژکاری باڵا