لایەك لە گشتگێری وشەی “سلام” لە قورئاندا

عومەر چنگیانی
لەم تەمومژە خەماوی و بارە نالەبارە دەروونی و ئابووریەی هەموو لایەكماندا كە هەمیشە قورئان بەشێكی سەرەكی چارەسەری لا دەست دەكەوێت.
لەم دنیا بە چەرمە چۆلەكە كراوەی ئێمەدا كە بە ناو كەسایەتییەكانی ئایین سەرباری سیاسییەكان ئەوانیش هەر خەریكی بەرتەسك كردنەوەی میهرەبانی خوای گەورەن، لە خزمەت سیوسێهەمین ئایەتی سورەتی “مرێم”دا بووم، كە خوای گەورە باسی عیسای كوڕی مرێممان بۆ دەكات – سڵاوی خوایان لەسەر بێت – و باس لەوە دەكات كە نزای كردووە و گوتوویەتی: “سڵاوی تایبەتی و دیاریكراو و سنووردار لەو ڕۆژە بێت كە تێیدا هاتوومەتە دنیاوە و لەدایك بوومە و لەو ڕۆژەیش بێت كە تێیدا ئەمرم و لەو ڕۆژەیش كە تیایدا زیندوو دەكرێمەوە “.وشەی”السلام” بۆم بووە جێگای پرسیار، داخۆ بۆچی بە “مەعریفە” هاتووە، كە تایبەتمەندییەتیی دەگەیێنێت؟گەرچی تەواوی ئایەتەكە هەڵدەگرێ زۆری لەسەر بگوترێت و ڕەنگە ئێرە بەشی ئەوە نەكات، وەلێ ناكرێ هەڵوەستەی بە دیارەوە نەكەم. گومان لەوەدا نییە دەكرێ سڵاوەكەی عیسا – سڵاوی خوای لەسەر بێت – وەك نزا و خواست لێكدانەوەی بۆ بكرێت، نەك وەك هەواڵ و باس، بە مانا ئەوە خواستی ئەوە، نەك بڵێ من ئەوەم، ئەگەر مانای دووەمیش بێت، واتە عیسا – سڵاوی خوای لەسەر بێت – باس لە میهرەبانی خوا دەكا لەسەری. هەڵبژاردنی سێ كاتە كەیش – كاتی لەدایكبوون و مردن و زیندووكردنەوە –، گرنگی خۆیانیان هەیە و پێویستی بە یارمەتی خوا هەیە .

دەستەواژەی “سلام” لە قورئاندا:
گەر بمانەوێ باس لە دەستەواژەی “سلام” بكەین لە قورئاندا، پێویست بەوە دەكات بگەڕێینەوە بۆ ئەو زانست و بابەتانەی كە لە ڕووی ڕەوانبێژییەوە باس لەلایەنی موعجیزەیەتی قورئان دەكەن، وێڕای وردەكاری زمانەوانییش.
لە قورئاندا وشەی “سەلام” بە هەموو داڕشتنەكانیەوە زیاتر لە سیودوو جار هاتووە و، لە هیچ جێگایەك سەلامی خوا بە”مەعریفە” نەهاتووە! كە ئەمە جێگای وێستانە بەدیاریەوە و، یەكێكە لە نیشانەكانی گەورەیی و میهرەبانە بێسنوورەکەی خوای گەورەیە!
من لێرەدا چەند نموونەیەكیان دێنمەوە:
1/ لە پانزەهەمین ئایەتی سوورەتی”مریەم”دا كە باسی “یەحیا”ی كوڕی “زەكەریا” دەكات – سڵاوی خوایان لەسەر بێت – بە شێوەی داڕشتنی”نەكیرە” كە گشتگیرییەت دەگەیێنێت دەفەرمێت: “سڵاوی لێبێت ئەوڕۆژەی كە هاتە دنیاوە و لەو ڕۆژەیشدا كە تێیدا دەمرێ و لەو ڕۆژەیش كە تێیدا بە زیندوویی بەئاگا دینرێتەوە”.
2/ لە ئایەتەكانی سوورەتی “هود”یشدا كە دێتە سەر باسی ڕزگاركردنی”لووت” پێغەمبەر – سڵاوی خوای لەسەر بێت – لە پەنجاونۆهەمین ئایەتدا دەفەرمێت: “سڵاوی بێسنوور لەسەر ئەو بەندانە بێت كە بۆ خوا سوڵحاون و خوا بۆ خۆی تایبەتیانی كردووە و هەڵیبژاردوون و پاڵاوتوونی”.
3/ لە باسەكانی پەیوەست بە “نوح” پێغەمبەریشەوە – سڵاوی خوای لەسەر بێت – لە حەفتا و نۆهەمین ئایەتی سورەتی”صافات”دا دەفەرمێت: “سڵاوی بێسنوور لە نوح بێت لە نێو هەموو جیهاندا”.
4/ لە باسەكانی پەیوەست بە “ئیبراهیم” پێغەمبەریشەوە –سڵاوی خوای لەسەر بێت–لە سەدونۆهەمین ئایەتی سوورەتی”صافات”دا دەفەرمێت:”سڵاوی بێسنوور لە ئیبراهیم بێت “.
5/ لە باسەكانی پەیوەست بە “مووسا” پێغەمبەر و “هاروون”ی برایەوە – سڵاوی خوایان لەسەر بێت – لە سەدوبیستهەمین ئایەتی سوورەتی”صافات”دا دەفەرمێت:”سڵاوی بێسنوور لە مووسا و هاروون بێت “.
6/ لە باسەكانی پەیوەست بە خۆشییەكانی بەهەشتەوە، لە پەنجاوهەشتهەمین ئایەتی سورەتی “یس”دا دەفەرمێت:”سڵاوێكی بێسنوور كە بڕیار و وتاری پەروەرینێكە كە سیفەتی وایە میهرەبانییەكانی بێسنوورن”.
7/ لە كۆتاییەکەی سوورەتی”زومەر”یشدا كە باس لە بەرەو بەهەشتبردنەی بەهەشتییان دەكات لە ڕۆژی دواییدا، ئەو كەژاوەیەمان بۆ بەرجەستە دەكات و لە حەفتاوسێهەمین ئایەتدا دەفەرمێت: “ئەوانەی خۆپارێز و لەخواترس و خاوەن بڕوا و كردەوە چاك بوون، كە ژاوەكەیان بەرەو بەهەشت دەبرێت و پۆل بە پۆل كاتێ دەگەنە بەر دەرگای بەهەشت، دەبینن دەرگاكانیان بۆ واڵا كراوە و دەرگاوانەكان پێیان دەڵێن . سڵاوی بێسنووری خواتان لێ بێت. بەخێر بێن و خۆشیی لێ ببینن و بچنە ناویەوە بۆ هەمیشە و بێبڕانەوە”.
دواوشە: وەك كورد دەڵێ “مشتێك نموونەی خەروارێكە”، ئەو چەند نموونەیەمان كە هێنایەوە بیری ئێوەی بەڕێز، تەنها بۆ تیشكخستنە سەر بابەتەكە بوو و بەس، دەنا دەكرێ هەر ئایەتێكیان بكرێتە توێشووی گوڵخەرمانێك و سەرجەم ئایەتەكانی تریشم بهێنایەتەوە، بەڵام چونكە ناشوكری نەبێت خوێندنەوە و بایەخدان بە نووسین كەم بووە، ئێمەیش ناچارین بابەتەكان لە كورتی ببڕێنینەوە.