عارف ڕوشدی
رژێمی ئێستای عیراق، لە هزر و کردەوەکانیدا، بەرامبەر بە شوناس و مافە ڕەواکانی گەلەکەمان وێرانترە لە ڕژێمی پێش خۆی، لەسەردەمی بەناو ( عێراقی فیدڕاڵ) دا، سزادانی خەڵکی کوردستان زۆر بە ئازارترە، ستەمکارانی بەغدا تەنها دەستیان نەبردووە بۆ بڕینی ( موچەی موچەخۆرانی کوردستان )، کە لە هیچ شوێنێکی دونیای ئەم سەردەمەدا وێنەی نییە، بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا دەستییان خستووەتە بینا قاقای گەلەکەمان؛ بە یاسا قەرەقوشییەکانیان دەیانەوێ ئابوری کوردستان بەرەو دارووخان ببەن. ڕێگری دەکەن لە بازرگانی و بازرگانان، ڕەوانەکردنی بەروبومی کشتوکاڵی کوردستان بۆ شارەکانی دیکەی عیراق قەدەغەکراوە مەگەر بەرتیلێکی زۆر نەدرێت، نزمترین ئاست بۆ وەرگرتنی دەخڵودانی جوتیارانی کوردستانیان دیاریکراوە، بە هیچ شێوەیەک بەشی هەرێمی کوردستان لە هاوکاری و قەرزە نێودەوڵەتییەکان نادرێت، بەڵام لە گەڕاندنەوەی قەرزەکان لە بودجەی کوردستان دەبڕدەدرێت بە بێ ئاگاداری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە کاتێکدایە (١١) ساڵە بودجەی کورستانیان بڕیوە!
ئەوەی جێگای تێڕامانە، سەرەڕای هەمو ئەو پیشێلکارییانەی بەغدا، هێشتا هەڵویستی هەندێ لایەنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی (بیرکولی) خویاندا دەتلێنەوە، بەڵکو لە ئاستێکی قێزەوەندا ( پاساو ) بۆ کردەوە فاشییەکانی سەرانی بەغدا دەهێننەوە و، پاساودانی پاساوەکانیان دەبەستنەوە بە خواستی بەرتەسکی حزبی دوور لە بەرپرسیارەتی نیشتیمانی.
لێرەدا ڕاستییەک بۆمان ڕوون دەبێتەوە؛ بیرکردنەوە و ڕەفتاری حوکومڕانانی بەغدای ئیمرۆ، لە گۆماوی تاوانکاری و پەنا بردن بۆ نەریتی سواوی ( بەکرێگرتنی لادەرانی زمان کورد) لە چەندین بواردا، پێش بەغدای ڕژێمی ڕابردووی ڕوخاوی بەعسی کەوتووە .