د. کــــــــــــوردستان موکــــــــــــریانی
پوختە
زمانی شیعری هەر شاعیرێک بریتییە، لە کۆمەڵێک وشەی هەڵبژاردەی نێو فەرهەنگی ئەو زمانەی هۆنراوەکەی پێ دەهۆنێتەوە. بەهۆی ئەو پەیڤە هەڵبژێردراوانەوە، بوێژ ئەو بیرۆکەیەی هەیەتی، ئارەزوومەندانە لەنێو دنیای شیعردا دایدەڕێژێت و تابلۆیەک لە وشە پێشکەش بە خوێنەر و بیسەر دەکات.
لەم باسەی بەردەستدا هەوڵ دراوە، لە ئاستی زمان لەنێو چەند پارچە هۆنراوەیەکی حەمەسەعید حەسەندا بکۆڵدرێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش تیشک خراوەتە سەر ئەو وشە دەربڕاوانەی چەمکی دژواتا، دووبارەبوونەوە و لێکچوواندن و .. لە خۆیان دەگرن کە بە هۆیانەوە، ئاستی بەکارهێنانی وشەی فەرهەنگی شیعری بەرجەستە دەبێت.
ئەو وێنە شیعرییانەی بوێژ بە ڕێگەی وشەی فەرهەنگی تایبەت بە خۆیەوە دایڕشتوون، تابلۆیەکی هونەریی بینراون و بەڵگەی ئەوە بە دەستەوە دەدەن کە حەمەسەعید حەسەن خاوەنی فەرهەنگی وشەی شیعری تایبەت بە خۆیەتی.
پێشه‌كی
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی مێژووی زمانی نووسین لای ئێمه‌ی كورد، بۆ سه‌دان ساڵ ته‌نێ زمانی شیعر بوو، هه‌ر شیعر ده‌ربڕی ئه‌و باسانه بوون، كه شاعیر هه‌ستی پێ كردوون و به‌پێی باری ده‌روونی و جۆری بیركردنه‌وه‌ی به وشه تۆماری كردوون، كه‌چی بایه‌خێكی ئه‌وتۆ به لێكۆڵینه‌وه له‌سه‌ر زمانی شیعر نه‌دراوه، كه شایه‌نی ئه‌و دیرۆكه دێرینه‌ی بێت. له‌و ڕوانگەیە‌وه هه‌وڵم دا تۆژینه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئاستی زمان لەنێو چه‌ند پارچه هۆنراوه‌یه‌كی به‌ڕێز (حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن)دا بكه‌م.
زمانی شیعر ئه‌و زمانه ئاسایییه نییه، كه ئێمه بیری خۆمان به‌هۆیه‌وه ده‌گه‌یه‌نینه به‌رانبه‌ره‌كه‌مان و كه‌ره‌سته‌كانی ده‌وروبه‌رمانی پێ به‌رجه‌سته ده‌كه‌ین. ڕاسته شاعیر هه‌ر هه‌مان ئه‌و وشانه به‌كار دێنێت كه ئێمه ڕۆژانه له گفتوگۆكردن و نووسیندا به‌كاریان ده‌هێنین، به‌ڵام شاعیر له ده‌ربڕیندا، به ڕاده‌یه‌كی جیاواز بایه‌خ به واتا و ڕاستینه‌ی وشه ده‌دات، سه‌رله‌نوێ زمان داده‌ڕێژیته‌وه و ده‌یخه‌مڵێنێت و واتایه‌كی نوێی سه‌رده‌مییانه‌ی پێ ده‌به‌خشێت. لێره‌دا ئاستی به‌رزی به‌كارهێنانی وشه لای شاعیر هه‌ست پێ ده‌كرێت.
بكه‌ری كارای ڕووداوه‌كانی نێو هه‌ر پارچه هۆنراوه‌یه‌ک، ده‌وری ئه‌رێنی و نه‌رێنیی هه‌یه. ئه‌وه‌ی لای من سەرنجڕاكێشه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی بكه‌ر لای زۆربه‌ی شاعیرانی پیاو، ڕه‌گه‌زێكی مێینه‌یه و ئۆباڵی هه‌موو ناهه‌موارییه‌كیش خراوه‌ته پاڵ ئه‌و. حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن ڕاشكاوانه هێندێک له‌و گوناهانه‌ی به زۆری به به‌رۆكی مێینه‌وه كراون، خستووەته سەر ئه‌ستۆی خۆی، لێره‌شدا وێنه‌یه‌كی نوێی ده‌ربڕینی هێناوه‌ته ئاراوە.
ئه‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه هه‌وڵدانێكه بۆ تۆژینه‌وه له‌سه‌ر ئاستی زمان، له‌نێو شیعری كوردیدا و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته، له‌نێو وێنه‌ی شیعریی چه‌ند پارچه هۆنراوه‌یه‌كی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ندا بایه‌خ به‌و وشانه ده‌ده‌م، كه له لێكچووندان، دژواتا و دووباره‌بوونه‌وه‌دا به‌كاری هێناون. به ڕێگه‌ی ئه‌و په‌یڤانه‌ی ده‌ربڕی ڕه‌گه‌زه‌كانی درامای هۆنراوه‌ن، ئاستی زمانی شاعیر له خستنه ڕووی ڕووداو، بكه‌رانی ڕووداو، كه‌سیه‌تی دیالۆگی نێوان بكه‌ره‌كان، جۆری بزاویان و كات و شوێنی رووداوه‌كان به‌رجه‌سته ده‌بێت.
وشه له وێنه‌ی شیعریدا
وێنه‌ی شیعری بنه‌مای داڕشتنی هونه‌ری جوانكاریی شیعره، كه هه‌ر به‌هۆیه‌وه هه‌ست به نرخی هه‌بوون ده‌كرێت. به ڕێگه‌ی بۆچوون و تێڕامان و ئه‌ندێشه‌ی به‌رفراوانی شاعیرەوە، لێزانینی له هه‌ڵبژاردنی وشه‌ی فه‌رهه‌نگێدا، جۆری بیركردنه‌وه‌ی ده‌زاندرێت و كه‌سیه‌تی هونه‌ریشی به‌دیار ده‌كه‌وێت و ڕاده‌ی ئه‌فراندنیشی به باشی ده‌نوێندرێت.
داڕشتنی هه‌ر وێنه‌یه‌كی شیعری، به ڕێگه‌ی وشه‌وه ده‌بێت، داڕشتنی بیر به‌پێی بابه‌ت شێوه‌ی جۆراوجۆری هه‌یه، به‌ڵام له‌نێو هۆنراوه‌دا تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه، چونكه سۆز و ئه‌ندێشه‌ش تێكه‌ڵاوی بیری داڕێژراو ده‌بن. هه‌ر شاعیرێكی به‌هره‌دار له ڕووی ڕۆشنبیرییه‌وه باش خۆی پێگه‌یاندبێت و شاره‌زایییه‌كی باشی له وشه‌ی فه‌رهه‌نگی ئه‌و زمانه‌دا هه‌بێت، كه هۆنراوه‌كه‌ی پێ ده‌هۆنێته‌وه، ده‌توانێت خاوه‌نی شێوازی داڕشتن و خاوه‌نی وشه‌ی تایبه‌تی خۆی بێت و به‌م ڕێگه‌یه یه‌كسه‌ر به‌رهه‌می بیری بناسرێته‌وه. بۆ زانینی تایبه‌تمه‌ندی شێوه‌ی داڕشتن و ئاستی زمان لای حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن سه‌ره‌تا له‌سه‌ر ئاستی وشه لێی ده‌كۆڵینه‌وه:
لێكچوواندن:
گرنكیی لێكچوواندن له‌وه‌دا خۆی ده‌نوێنێت، كه واتای ده‌ربڕاو ڕوونتر ده‌كات و جه‌ختیشی له‌سه‌ر ده‌كاتەوە. لێكچوواندن پانتایییه‌كی فراوانی له‌نێو هۆنراوه‌كانی بوێژدا گرتووەته‌وه، به‌ڵام بە چەمكێكی جیاواز له‌گه‌ڵ هه‌ڵبەستوانانی كلاسیك‌دا.
حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن لێكچوواندنی نێو هۆنراوه‌كانی، له ڕاستینه‌ی ماكی هه‌ستپێكراوی ده‌وروبه‌ری خۆی وەر‌گرتووه، بۆ وێنه: چه‌ند ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی خۆی بۆ ئه‌م هونه‌ره ته‌رخان كردووه، به‌جۆرێک توانای شاره‌زاییی خۆی له زماندا به‌كار هێناوه، دوورترین شتی له ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی خۆی، نێزیک كردووەته‌وه و به‌شێوه‌یه‌ک دایڕشتوون، یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتووی زیندووی لێ پێكهێناون، بۆ وێنه: دڵی به نیشتمان، ده‌ستی به ستیان، برژانگی به شانه و ئامێزی به جۆلانه چوواندووه:
ئه‌وه دلم
وه‌ره بیكه به نیشتمان
هانێ ئه‌وه ده‌سته‌كانم
وه‌ره بیانكه به ستیان
ئه‌وه شانه‌ی برژانگی من
وه‌ره قژی پێ دابێنه
ئه‌وه جۆلانه‌ی ئامێزم
وه‌ره سه‌رخه‌وێ بشكێنه!(١)
هه‌ر له بواری لێكچوواندندا بوێژ له پارچه هۆنراوه‌ی (نامه‌یه‌كی چاوبه‌خوێن)دا، زۆر وه‌ستایانه ئه‌و كاره‌سات و ڕووداوه مێژوویییانه‌ی له ساڵانی ڕابردوودا ئێمه‌ی كورد پێیاندا تێپه‌ریوین، خستووەته ژێر ڕكێفی بیری خۆی و باری تایبه‌تی خۆی و تێهه‌ڵكێشی زاراوه‌ی مێژوویییەوه: كۆڕه‌و، براكوژی و ئه‌نفال كردووه و لێكی چوواندوون و وێنه‌یه‌كی زیندووی بۆمان ئه‌فراندووه:
كه جێت هێشتم
وه‌ك منداڵێكم به‌سه‌رهات
له كۆره‌ودا
دایك و باوكی ون كردبێ
وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كم لێ هات
ڕێژنه‌ی گولـله‌ی براكوژی
هه‌موو جه‌سته‌ی كون كردبێ
دوای تۆ خۆم وه‌ک گوندێ بینی
ئه‌نفال سیمای شێواندبێ.(٢)
دژواتا
دوو زاراوه‌ی ئه‌زه‌لیی خێر و شه‌ڕ، كه هه‌رده‌م ئاماده‌یییان هه‌بووه و هه‌یه و ململانێی نێوانیان نابڕێته‌وه. بوێژ زۆر فه‌لسه‌قییانه وشه‌ی دژواتای له یه‌ک بیرۆكه‌دا داڕشتووه و له‌گه‌ڵ یه‌كی گونجاندوون و وێنه‌یه‌كی شیعری نایابی لێ نه‌خشاندوون:
بیستووتانه وڵاتێكی داگیركراو
تامه‌زرۆی ڕزگاری نه‌بێ
ئه‌وه منم
*
كه ون ده‌بی
بیرت ده‌كه‌م
دوژمنه خۆشه‌ویسته‌كه‌م(٣)
دووباربوونه‌وه‌ی وشه
وشه‌ی بــا سێ جار له پێنج دێڕی یه‌كه‌می پارچه هۆنراوه‌ی (بۆ ژنێكی له‌چكداردا) دووباره بووه‌ته‌وه. وه‌نه‌بێت ئه‌م دووباربوونه‌وەیە له پێناو پاشبه‌ندی پارچه هۆنراوه‌كەدا بێت، یان هێمای بۆ ئه‌وه كردبێت، كه بایه‌كی ئه‌وه‌ندە به‌هێز هه‌ڵیكردووه، هه‌ر به‌رده‌وام بووه و نه‌بڕاوه‌ته‌وه، به‌ڵكوو له‌م پارچه هۆنراوه‌یه‌دا وشه‌ی با له‌و هه‌ر سێ دێڕه‌ی به‌كار هاتووه، هه‌ریه‌كه‌ی مانای تایبه‌تی خۆی به‌خشیوه:
وشه‌ی بــا له جاری یه‌كه‌مدا خراوه‌ته پاڵ وشه‌ی هه‌ناسه، كه ناوه و پێكه‌وه وشه‌یه‌كی لێكدراویان داڕشتووه و له به‌كارهینانی هه‌ناسه‌دا به‌دیاری خستووه، كه مه‌به‌ستی هه‌ناسه‌یه، نه‌ک واتایه‌كی دی، به‌مه له‌هه‌موو جۆره واتایه‌كی دی جودای كردووەته‌وه.
وشه‌ی با له جاری دووه‌مدا خراوه‌ته‌وە پاڵ وشه‌ی ده‌چێ، كه كاره و پێكه‌وه به هاوكاریی ئامرازی پێوه‌ندی بـــه فرێزێكی ناوی كارییان له شێوه‌ی (به با ده‌چێ)دا داڕشتووه و به هه‌ر سێكیان واتایه‌كی نوێیان به‌خشیوه، كه له‌م هۆنراوه‌یه‌دا واتای نه‌مان و له‌نێوچوونی خه‌م و خه‌فه‌تی شاعیر ده‌گه‌یه‌نێت. وشه‌ی با له جاری سێیه‌مدا هه‌ر به ته‌نیا هاتووه، لێره‌شدا واتایه‌كی دی ده‌به‌خشێت، كه مانای هه‌تا ئه‌گه‌ر ده‌گه‌یه‌نێت.
دووباره‌بوونه‌وه‌ی وشه‌ی با بۆ سێ جاران، به‌ڵام بۆ به‌خشینی مانای جیاواز له‌پاڵ جوانكاریدا، بووه‌ته مایه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونی بیر و چڕیی واتا و له هه‌مان كاتدا هارمۆنییه‌كی پێكهێناوه:
ته‌نیا به بــا ی هه‌ناسه‌ی تۆ
به بــا ده‌چێ
ته‌می خه‌م و خه‌فه‌تی من
نوێنی مردن
بــا له تووكی (قوو) یش بێ زبره(٤)
له كۆپله‌ی سێیه‌می پارچه هۆنراوه‌ی (به‌راورد)دا دوو جار وشه‌کانی (كه‌سێ، ژیابێ و جێیان دێڵێ) هاتوون و بوونه‌ته كه‌ره‌سته‌ی پێكهێنه‌ری سه‌ره‌كیی داڕشتنی وێنه‌ی به‌راوردكاری. ڕاسته ئه‌م وشانه له هه‌ردوو كۆپله شیعرەکەدا كه‌وتوونه‌ته كۆتاییی دێڕه هۆنراوه‌كه، به‌ڵام مه‌به‌ستی بوێژ ئه‌وه‌ندە له‌به‌ر سه‌روا نه‌بووه، ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ستی له واتای جیاواز بووه، ئه‌وەیش به كێشانی وێنه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنی دوو جۆره مرۆڤه له‌نێو كۆمه‌ڵدا، یه‌كێكیان هه‌ر بۆخۆی ژیاوه، بۆیه ئه‌و ئاسه‌واره‌ی به‌جێی ده‌هێڵێت، ئه‌و به‌ها و نرخه‌ی نییه، كه ئاسه‌واری كه‌سێک بۆ كۆمه‌ڵ و ده‌وروبه‌ری و بۆ مرۆڤایه‌تی ژیابێت هەیەتی، چونکە کەسی دووەم یادگاره‌كانی ده‌بن به مایه‌ی نه‌مریی بۆی. به‌م جۆره دید و بۆچوونی بوێژ له‌گه‌ڵ دیدی كه‌سا‌نێک، كه بۆ خۆیان ده‌ژین، زۆر به‌ئاشكرا ده‌ترازێت:
ئه‌و ئاسه‌وارانه‌ی كه‌سێ
ته‌نیا هه‌ر بۆ خۆی ژیابێ
جێیان دێڵێ
ده‌ستیان ناگاته داوێنی
ئه‌و یادگارانه‌ی كه‌سێ
له‌رێی خه‌لكیدا ژیابێ
جێیان دێڵێ (٥)
جۆری داڕشتنی وێنه‌ی شیعری
داڕشتنی وێنه‌ی شیعری له‌سه‌ر شێوه‌ی داڕشتنی بازنه‌یی، یان داڕشتنی درامی ده‌بێت، زۆربه‌ی شیعره‌كانی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن له‌سه‌ر شێوه‌ی داڕشتنی درامی بنیات نراون. بۆ لێدوان له جۆری داڕشتنی دراما و سیماكانی له‌نێو هۆنراوه‌كانی شاعیری نێوبراودا، پارچه هۆنراوه‌ی ناڵه‌ی سوارێكی گلاوم به وێنه هێناوه‌ته‌وه و له‌و ڕه‌گه‌زانه‌ی درامام كۆڵیوه‌ته‌وه، كه ده‌قه شیعرییه‌كه له خۆی گرتوون.
هۆی هه‌ڵبژاردنی پارچه هۆنراوه‌ی
(ناڵه‌ی سوارێكی گلاو)
هه‌ڵبژاردنی پارچه هۆنراوه‌ی ناڵه‌ی سوارێكی گلاوم له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ی ژێروو، له ڕووی داڕشتنی درامییه‌وه خسته ژێر تیشكی لێكۆڵینه‌وەوە: بابه‌تی ڕووداوی نێو ئه‌م پارچه هۆنراوه‌یه، كه كۆتایی هێنانه به چیرۆكی خۆشه‌ویستی، له‌نێو به‌رهه‌می بیری شاعیرانی ڕابردوودا هه‌بووه، ئیسته‌ش مرۆڤ هه‌یه به‌ده‌ستییەوە ده‌ناڵێت، هه‌تا ژینیش به‌رده‌وام بێت له داهاتوودا دووباره ده‌بێته‌وه. كه‌واته ڕووداوه‌كه كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی زیندووه و شایه‌نی لێكدانه‌وه‌یه.
ـ هه‌ڵوێستی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شاعیرانی سه‌رده‌مانی پیشوو هه‌روا هاوچه‌رخ، بۆ به‌رده‌وامنه‌بوونی خۆشه‌ویستی و باری لێكدابڕانی دڵداران، وه‌ک هه‌ر دیارده‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دزێو، بۆ ڕه‌گه‌زی مێینه ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه! ئایا هه‌رده‌م وایه؟
ـ جیاوازی بیری شاعیر له‌گه‌ڵ شاعیرانی پێش خۆی، له به‌رانبه‌ر ڕوودانی ڕووداوی درامای ئه‌م ده‌قه شیعرییه، كه لێره‌دا شاعیر له‌نێو دیالۆگی ده‌قه‌كه‌دا، هه‌ر ته‌نیا ڕه‌گه‌زی مێینه‌كه به بكه‌ری ڕووداوه‌كه دانانێت، به‌ڵكوو خۆیشی بكه‌ری ڕووداوه‌كه‌یه، ئه‌مه جیاوازییه‌كی دیاره له‌گه‌ڵ بیری زۆربه‌ی پیاوانی دیکەی كورددا.
ڕه‌گه‌زه‌كانی دراما له‌نێو هۆنراوه‌ی ناڵه‌ی سوارێكی گلاودا
ڕووداو:
بوێژ چه‌ند ڕووداوێكی هێناوه‌ته نێو ئه‌م پارچه هۆنراوه‌یه و لێیان دواوه، وه‌ستایانه هه‌مووی به زمانێكی پاراو و وشه‌ی گونجاو داڕشتوون و له هه‌مان كاتدا به خودی خۆیه‌وه پێوه‌ستی كردوون.
ڕووداوه‌كان دوو جۆره ڕووداون:
١- ڕووداوی سروشتی، كه له كۆپله‌ی یه‌كه‌مدا وێنه‌ی كێشاون وه‌ک: داكردنی باران، هه‌ڵكردنی
شه‌ماڵ، داگیرساندنی ئه‌ستێره و زه‌ره‌ر و زیانی زریان، كه هه‌مووی بۆ وه‌سفكردنی ئه‌و
ڕووداوه هێناوه‌ته‌وه كه خۆی پێیدا تێپه‌ڕیوه.
٢ـ ڕووداوی كه‌سی، كه پێوه‌ندی نێوان خۆی و كه‌سی دووه‌می تاك ده‌گرێته‌وه و له‌نێو هه‌موو
هۆنراوه‌كه‌دا لێی دواوه.
كۆپله‌ی یه‌كه‌م سێ باری لێک جیاوازی شاعیر ده‌نوێنیت كه به ڕێگه‌ی هێنانه‌وه‌ی ڕووداوه سروشتییه‌كان، وێنه‌یانی نه‌خشاندووه و مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی له‌م دیمه‌نانه پێشاندانی چۆنیه‌تی گۆڕینی دۆخی هه‌بوونی شاعیره:
١) دۆخی شاعیر به‌ر لە سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌ڤینی به شه‌و چوواندووه.
٢) دۆخی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌ڤینی، به داگیرسانی ئه‌ستێره: ڕووناكی چوواندووه.
٣) دۆخی كۆتایی پێهاتنی ئه‌ڤینی، به هەڵكێشانی دره‌ختی بوونی چوواندووه.
سه‌ره‌تای گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌كه به چه‌ند دیارده‌یه‌كی سروشتی وه‌ک باران، شه‌ماڵ و ئه‌ستێره به‌ستووەته‌وه، كه هه‌ر هه‌موویان واتای پۆزه‌تیڤ ده‌به‌خشن، كه‌چی یه‌كسه‌ر هه‌ر له‌دوای ئه‌م ڕووداوانەوە، هه‌واڵێكی ناخۆشمان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نێت، كه به وشه‌ی زریانی به‌ستووەته‌وه.
شاعیر له كۆپله‌ی یه‌كه‌مدا، سه‌ره‌تا و ناوه‌ڕۆک و ئه‌نجامی درامای ئه‌م پارچه هۆنراوه‌یه‌مان له‌سێ وێنه‌ی جیاوازدا ده‌خاته به‌رده‌ست.
له كۆپله‌ی دووه‌می پارچه هۆنراوه‌كه‌دا، شاعیر وێنه‌یه‌كمان بۆ ده‌كێشێت، كه كاته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ نێوان كاتی سه‌رهه‌ڵدان و ده‌می كۆتایی پێهاتنی ئه‌ڤینی و تێیدا ناخی ده‌روونی خۆی به‌رانبه‌ر به كه‌سی دووه‌می تاک پێشان ده‌دات و به‌شێنه‌یی ڕاده‌ی متمانه‌ی خۆی بۆ دڵخوازه‌كه‌ی ده‌گێڕێته‌وه و ئاماژه به پیرۆزی عیشقی نێوانیان ده‌كات، بۆیه هه‌رگیز له‌و باوه‌ڕه‌دا نه‌بووه، كه ئه‌م عیشقه خودایییه كۆتایی پێ بێت.
له كۆپله‌ی سێیه‌مدا هۆی ڕوودانی كۆتایی هاتن به چیرۆكی ئه‌وینییان ده‌گێڕێته‌وه، كه كه‌سی دووه‌می تاكه، هه‌ڵبه‌ت ڕه‌گه‌زێكی مێیینه‌یه و به فریودان تاوانباری ده‌كات. هه‌ر له‌م كۆپله‌یه‌دا شاعیر هه‌واڵێكی دیمان پێ ده‌به‌خشێت، كه زۆر پێوه‌سته به خۆیه‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه به ڕێگه‌ی فریودانییه‌وه بۆی ده‌ركه‌وت، كه شاعیرێكی خۆشبڕوایه!
له كۆپله‌ی هه‌ره دواییدا وێنه‌ی كاریگه‌ری ئه‌نجامی ئه‌م ڕووداوانه‌مان بۆ ده‌كێشێت، كه شاعیر سوارێكی گلاوی برینداره، كه‌چی به هیچ جۆرێک كه‌سی دووه‌می تاک بریندارناكات، به‌ڵكوو لۆمه‌ی خۆی ده‌كات.
بكه‌ری ڕووداوه‌كانی هۆنراوه‌ی
ناڵه‌ی سوارێكی گلاو
لە كۆپلەی یەكەمدا، كە وێنەی ڕووداوان و دیاردەی سروشت دەنوێنن، سێ بكەر بەشداری لە ڕووداوەكاندا دەكەن كە بریتین لە: باران، شەماڵ و ئەستێرە. لەبارەی بكەری سێیەمەوە، لێرەدا پێویستە ئەمە ڕوون بكرێتەوە كە (چاو) بكەرەكەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوەندە كاری داگیرسان لەگەڵ چاودا ناگونجێت، بۆیە چاوەكەی بە ئەستێرە چوواندووە و چاوی وەک ئەستێرە دنیای تاریكی ڕووناک کردووەتەوە:
وەک باران
چۆن مۆڵەت ناخوازێ و دادەكا
وەک شەماڵ
چۆن بێ پرس هەڵدەكا
ئەستێرەی چاوی تۆیش
وا خۆڕسک
لە شەوی ژینمدا داگیرسا
بكەری كۆپلەی دووەم، بریتییە لە كەس كە شاعیر خۆیەتی:
ئەوەندە متمانەم پێت هەبوو
لام وابوو
ئەوینمان عیشقێكە خودایی
بكەری كۆپلەی سێیەم لە داڕشتنی دوو دێڕی سەرەتای پارچە هۆنراوەكەدا، كەسی دووەمی تاکە كە مێینەیە و ئەو بكەری سەرەكیی كۆتایی پێ هێنانی چیرۆكی ئەڤینەکەیە. كاری بكەرەكە فریودانە، بەڵام لە هەمان كۆپلەدا بكەرێكی دیش بەشداری لە كۆتایی پێ هێنانی چیرۆكی ئەڤینیاندا دەكات، كە ئەویش شاعیر خۆیەتی كە خۆشبڕوا بووە.
ئەگەر تۆ وا ئاسان
فریوت نەدابام
من چۆنم زانیبا
ئەوەندە خۆشبروام؟
لە كۆپلەی هەرە دوایی هۆنراوەكەدا دیسانەوە ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، كە شاعیر بەشداری لە كۆتایی پێ هێنانی چیرۆكی ئەڤینییاندا دەكات، بەڵگەش ددانپێدانانێتی، كە باجی كاڵفامی خۆی دەدات.
سوارێكی گلاوی ئەنگاوتەم
زەكاتی كاڵفامی خۆم دەدەم.(٦)
كەسیەتی بكەرەكان:
لەم پارچە هۆنراوەیەدا چەند كەسیەتییەك نواندراون:
١ـ دیاردەكانی سروشت: باران، شەماڵ، تروسكەی ئەستێرە و زریان.
٢ـ شاعیر خۆی، كە ڕاستەوخۆ لەو بارە دەروونییە ناهەموارەی خۆی دەدوێت، كە دووچاری بووە.
٣ـ خۆشەویستەكەی، كە كەسی دووەمی تاكە.
لەنێو ئەم سێ جۆرە پاڵەوانانەی نێو ئەم پارچە هۆنراوەیەدا، دەبینین هەر دەنگی شاعیر زاڵە بەسەر كەسەكانی دی‌دا.
دیالۆگی نێوان بكەرەكان : بوێژ لەم پارچە هۆنراوەیەدا، بۆ دەربڕینی ناخی دەروونی و بۆ گەیاندنی بە وەرگر بەڕێگەیەكی سانا، پەنای بۆ زمانی دیالۆگ بردووە. شاعیر بە وشەی واتادار و شیرین و زیندوو، گفتوگۆی لەگەڵ كەسی دووەمی تاک كردووە و هەموو ڕازێكی دڵی خۆی بۆ ئاشكرا كردووە. بوێژ لەم گفتوگۆیەدا، ڕاستگۆیانە و ڕاشكاوانە لە خۆی و لە بەرانبەرەكەی دواوە و مەبەستی سەرەكیشی پەیداكردنی بەندیوارێكی بەتین بووە، لەنێوان ناوەڕۆكی هۆنراوەكە و وەرگردا، كە ئەوەیش بە ڕێگەی ململانێی هەموو جۆرە جموجووڵێكی پێوەندیی بە ناوەرۆكی هۆنراوەكەوە هەیە.
جۆری بزاوی بكەرەكان:
شاعیر سەرەتا هۆنراوەكەی بە چەند بزاوێكی دیاردەی سروشتی باس كردووە، وەک: باران، شەماڵ و زریان و كردوونی بە دەستپێكی بابەتی سەرەكیی هۆنراوەكەی و ئەم دیاردانەش هەر هەموویان هێزی بزوێنەرن. بوێژ زۆر هۆشیارانە مامەلەی لەگەڵ كردوون، بۆیە توانیویەتی جووڵەی ئەم هێزە بزوێنەرانە بخوازێت و بیانگوازێتەوە بۆ نێو ئەو دوو بزاوە گرنگەی لە ژیانیدا ڕوویان داوە، كە برێتین لە: سەرهەڵدانی ئەڤین و دواتر بزاوی كۆتایی پێ هاتنی، كە ئەم جووڵەی هەرەدوایییە، بووە بە مایەی جووڵاندنی بوونی ژیانی، وەک درەختێک لە ڕەگ و ڕیشەوە هەڵكێشرێت.
كاتی ڕووداوەكان
كاتی ڕوودانی ڕووداوەكان بەم شێوانەی خوارەوە خۆی دەنوێنێت:
١ـ بەپێی دەمكاتی ئەو كارانەی ڕووداوی ڕووداوەكان دەردەبڕن، كات بۆ ڕابردوو دەگەرێتەوە، بەڵام ڕابردوویەكی نادیار، وەک: داكردنی باران، هەڵكردنی شەماڵ و..
٢ـ كاتی سەرهەڵدانی ئەڤینی بۆ هەڵاتنی ئەو ئەستێرەیە، كە لە شەوەزەنگی ژیانیدا لێی هەڵاتووە.
٣ـ بەڕێگەی مامەڵەكردنی شاعیرانەی شاعیر لەگەڵ دیاردە سروشتییەكانی وەك: باران، شەماڵ و زریان، ئەوە بەدەردەكەوێت، كە هەموو وەرزەكانی ساڵی لەیەک كاتدا كۆ كردوونەتەوە و بۆ دەستنیشانكردنی كاتی ڕوودانی ڕووداوی لێكدابڕانی لەگەڵ خۆشەویستەكەی، دەمی هەڵتەكاندن و هەڵكێشانی دار و درەختی هەڵبژاردووە، كە ئەویش وەرزی پایزە. لەگەڵ ئەوەی ئەم سێ جۆرە كاتانە لە هۆنراوەكەدا بەدی دەكرێن، كەچی هیچیان كاتی ڕووداوی هەژێنەر و بزوێنەری خوڵقاندنی پارچە هۆنراوەكە، كە لێكدابڕانە نازاندرێت كەی بووە؟
شوێن : نەبینراوە بەڵام هەستپێكراوە، كە ئەویش خودی بوونی شاعیرە.
ئەنجام
ئەم لێكۆڵینەوەیە هەوڵدانێكە بۆ تۆژینەوە لە ئاستی زمان، لەنێو بەرهەمی بیری شاعری كورد:
حەمەسەعید حەسەندا، بە ڕێگەی دەوڵەمەندبوونی لە وشەی فەرهەنگی و شارەزایی لە هەڵبژاردنی پەیڤەكانی، بۆ بیری دەربڕاوی و هەروا ئەو ڕۆشنبیرییەی كە هەیەتی، توانیویەتی وێنەی جوان لەنێو دنیای تەلیسماوی شیعردا دابڕێژێت. هەر پارچە هۆنراوەیەكی بوێژ تابلۆیەكی ڕەنگینە، هەست بە بابەت و ڕەنگ و دەنگی دەكرێت.
حەمەسەعید حەسەن لەڕێگەی هونەری لێكچوواندن، دژواتا و دووبارەبوونەوەی وشەوە، جوانترین وێنەی شیعری داڕشتووە.
بكەری ڕوودانی وێنە شیعرییەكان، چی خودی شاعیر خۆی بێت، یا كەسێكی مێینەی پاڵەوانی خەونەكانی، یان دیاردەی سروشتی بن، زۆر لێزانانە و هونەرییانە بە وشەی گونجاو خۆشی و ناخۆشی و ئازاری رۆحی بكەرەكانی داڕشتووە.
لە ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوەیەدا، بۆمان دەردەكەوێت كە حەمەسەعید حەسەن خاوەن زمانێكی شیعریی پاراوە. ئاستی زمانی یەكجار بەرزی هەیە لە بواری بەكارهێنانی وشە و فرێز، كە پڕاوپڕی ئەو بیرۆكە و بابەتەیە، كە لێی دواوە. ئەم جۆرە داڕشتنانە بەشدارییەكی كارای لە پێشاندانی باری دەروونی شاعیردا كردووە كە لەڕێگەی وشە و فرێزەوە بەرجەستەی كردووە.(*)
١٥ی ٨ی ٢٠١٧
(*) گۆڤاری قەڵای زانست، زانکۆی لوبنانی فەرەنسی، بەرگی٢، ژمارە: ٤ خەرمانانی ٢٠١٧ هەولێر- کوردستان – عێراق.
پەراوێز و سەرچاوە:
١/ حەمەسەعید حەسەن، ئەڤیننامە، چاپی دووەم، ل١٦ هەولێر ٢٠١١
٢/ سەرچاوەی پێشوو. ل١٦
٣/ سەرچاوەی پێشوو، ل١٦
٤/ حەمەسەعید حەسەن، چۆن دڵت هات جێم بهێڵی، ل٣٥ هەولێر ٢٠١١.
٥/ ئەڤیننامە، ل ١٠٨ و ١٠٩
٦/ سەرچاوەی پێشوو، ل. ٥١ – ٥٣
7/ К.Р. эйюби. И.А.Смирнова. КУРдскй Диалект МУКРИ. ЛЕНИНГРАД 1968
٨/ كوردستان موكریانی، ئافرەت لە هۆنراوەی كوریدا ١٩٨٧ سلێمانی.
٩/ كوردستان موكریانی، ناو لە ڕستەی كوریدا، گۆڤاری زانكۆ، ژمارە: ١، بەرگی: ٧ سلێمانی ١٩٨١.
١٠/ كوردستان موكریانی، ئاوەڵناو لە ڕستەی كوردیدا، كۆڤاری كاروان، ژمارە: 5 هەولێر ١٩٨٣.
١٢/ كوردستان موكریانی. سینتاكسی ڕستەی كوردی، هەیرنفەین ١٩٩٧هەولێر.
١٣/ د. وریا عومەر ئەمین، ئاسۆیەكی تری زمانەوانی، بەرگی یەكەم، چاپی یەكەم، هەولێر ٢٠٠٤.
١٤/ دوكتۆر مارف خەزنەدار، مێژووی ئەدەبی كوردی، چاپی دووەم ٢٠١٠هەولێر.
15/ Boogaard، Marianne، and Janssen، Mathilde. Alles wat je altijd al had willen weten over taal: De traalcanon. Amsterdam: J.M. Meulenhoff، 2012.