هاودەنگ فارووق
بەداخ و خەمێکی قووڵەوە، گەلی کورد یەکێک لە گەورە کەسایەتییە ئیداری و سیاسییەکانی کوردستانی لە دەست دا، کەریم شنگالی، ئەو پیاوە دەوڵەتدارە لێزانەی ناوی لەگەڵ مێژووی خەبات و بەرخودانی دوور و درێژی شاخ و شاری گەلی کوردا گرێدراوە، دوای تەمەنێکی پڕ لە خزمەت و فیدایی بۆ نیشتمان، مخابن ئۆغری کرد و جێی هێشتین.
شنگالی کە لە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵدا پۆستی وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستانی بەڕێوەبرد، نەک هەر وەزیرێکی پاك وبێگەردی سەرکەوتوو بوو، بەڵکوو سیمبولێک بوو بۆ دۆستایەتی و دڵسۆزی بۆ گەل و نیشتمان. ئەو لە قۆناغە جیاوازەكانی خەباتدا، لە شاخەکانەوە هەتا دەستەڵاتی شار، هەمیشە لەسەر ڕێگای ڕاست و دروست و ناوبانگێكی خاكەڕا ڕۆیشت.
ژیانی شنگالی وەک چیرۆکێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو داستانێکی پڕ لە ئازایەتی و سەربەرزی بوو. ئەو لە دڵی سەختترین قۆناغەکانی مێژووی کوردستاندا وەستایەوە و بە ئیرادەیەکی پولاینەوە، زۆر بە هێمنی، دوور لە پیاهەڵدان و خۆدەرخستن لە میدیا، هەر بە بێدەنگی و تواناییەكی لەبننەهاتوو دەستی لەناو ئیشدابوو كاری مەزنی دەكرد و ڕۆڵی كارای خۆی لە بیناکردنی کوردستان و ئارامی و ئۆقرەیی نیشتماندا گێڕا.
ئەمڕۆ، کە ئەو پیاوە گەورەیە ماڵئاوایی لێ کردین و چووە ناو کاروانی نەمران، هەتاهەتایە ناوی لە دڵی هەموو کوردێکدا دەمێنێتەوە.
جێی باسە لە چەند وێستگەیەکی جیاوازدا بەندە شەرەفی ئەوەم پێ بڕا کاری لەگەڵدا بکەم و بە گەورەیی و دڵسۆزییەکەی زیاتر ئاشنابم.