رۆژنامەی ھەولێر

ئایا ڕەخنەگرانی زمان گەمژەن ؟!

وەڵامێك بۆ بەختیار عەلی
سەدیق سەعید ڕواندزی
بەختیار عەلی یەكێكە لەو نووسەرانەی، كە زمان و ڕێنووسێكی تایبەت بە خۆی لە كتێب و نووسینەكانیدا پەیڕەو دەكات، بەڵام ڕێنووسێك، كە بەداخەوە كەلێنی گەورەی زمانەوانی لە ڕووی بوونیادی ڕێزمانییەوە تێدایە. ئەم شێوە ڕێنووسە، لای ئەو دەزگایانەی كە كتێب و ڕۆمانەكانی نووسەر چاپ دەكەن، بە هیچ شێوەیەك دەستكاری ناكرێت و هەڵەكانی ڕاست ناكرێنەوە، چوونكە لە ڕوانگەی ئەوان، گوناهێكی گەورەیە، كەسێك ئەو مافە بە خۆی بدات، لەلایەنی زمانەوانییەوە، وتار و نووسینەكانی ئەم نووسەرە، بخاتە بەر فۆكس. بێگومان زمانی كوردی، لە زمانە هەرە بە برشت و دەوڵەمەندەكانی دنیایە، زمانێكە، كە بۆ هیچ بارێكی زمانەوانی لە ڕووی نووسین و دەربڕینەوە، بۆشایەكی تێدا نییە. ئەم زمانە، ڕێسایەكی جێگریی زمانەوانی هەیە، كە پێی دەناسرێتەوە و بگرە لە ڕووی نووسینەوە لە زمانەكانی دیكەی وەك عەرەبی و ئینگلیزیش دەوڵەمەندترە. زمانی كوردی لە سرووشتدا زمانێكی فرەڕەهەند، فرەواتا، فرە شڕۆڤە و مانایە و بەدەگمەن لە ڕووی گۆكردن و نووسینەوە، كەلێنێكی تێ دەكەوێت، یان خەوشێكی هەیە دەتوانم بڵێم هەر نییەتی. هەڵبەتە هەموو دەقێك بەرلەوەی دەقێكی واتایی و مانایی بێت، پێكهاتەیەكی زمانەوانییە و لە وشە و ڕستە و پەڕەگراف پێكهاتووە، كە تیایدا ڕێسایەكی جێگیری زمانەوانی هەیە و بە پێی ئەو ڕێسایە زمان فۆڕمی نووسین وەردەگرێت. دیارە زمان لە تێكستی ئەدەبیدا، بە تایبەتیش شیعر، جۆر لادانێكی واتایی و زمانەوانی دەبێت، بەو پێیەی شیعر خۆی لادانە و بەرجەستەكردنەوەی زمانێكی دیكەیە لە دەربڕیندا، بەڵام كاتێ زمان بەگشتی دەبێتە زمانی گێڕانەوە، باسكردنی ڕووداو، كار و بكەر و هاوەڵنا و و بنەماكانی دیكە، ئەوا دەبێ ڕەچاوی ئەو بنەما ڕێزمانییە بكرێت، كە زمانی لە سەر وەستاوە. لە زمانی كوردیدا، بكەر هەمیشە لە سەرەتای ڕستە دێت و كار دەكەویتە كۆتایی ڕستە. ڕستە هەیە پێویستی بە تەواوكەرێكە و تێنەپەڕە، ڕستە هەیە، بێ كاری تەواوكاریی. هاوەڵناو و هاوەڵكار، دوو بنەمای زمانەوانی سەربەخۆن و پەیوەندییان بە كار و ناوەوە نییە، بۆیە لە میانەی نووسیندا، دەبێ بە وردی ڕەچاوی ئەو لایەنانەی زمان بكەین. لە بەرهەمەكانی (بەختیار عەلی) دا، بەگشتی نەك هەر ڕەچاوی ئەو بنەما زمانەوانییانە ناكرێت، بەڵكو ئەم نووسەرە جۆرە ڕێنووسێك پەیڕەو دەكات، كە بە داخەوە شێواندن و تێكدانی زمانی كوردیشە. ئەم نووسەرە، چوونكە تەنها جەخت لە سەر مەغزا و ناوڕۆك و پەیامی شاراوەی دەق دەكاتەوە، ئیدی زمانی نووسینی دەقەكەی بەلاوە زۆر جێی هەڵوەستە و بایەخ پێدان نییە ! هەڵبەتە ئەمەش هەڵەیە، چوونكە زمان لە نێو تێكستدا، مەودایەكی دیكەی هونەریی و ئستاتیكی وەردەگرێت و جیایە لە زمانی خەڵك و شەقام. لەوەی یەكەمیاندا، لە پاڵ مەغزاو گوتار، چۆنیەتی و شێوازی دەربڕینی زمانەكەش، بەهایەكی گەورەی هەیە، بە پێچەوانەی زمان لە پانتایە كۆمەڵایەتییەكە و نێو خەڵكدا، كە (چی) گووتن لە پێشەوەی (چۆنیەتی) گووتن دێت، هەر ئەمەشە نووسەرێك، لە كەسێكی ئاسایی و زمانی دەقێكیش لە زمانی شەقام و زارەكی جیا دەكاتەوە. بۆیە زمان لە تێكستدا، هەر تەنها زمانێك نییە بۆ چی گووتن، بەڵكوو چۆنیەتی گووتنیش، بەشێكە لە پێكهاتەی ئەو زمانە و زمانیش لە بڕگە و دەنگ و پیت و وشە و ڕستە و خاڵبەندی بەگشتی پێكهاتووە، كە هەموو ئەو بنەمایانە بە سەر یەكەوە، فۆڕمی زمانی دەق لە ئاستی ناوەڕۆك و ڕووخساردا پێكدەهێنن. بەختیار عەلی لە كتێبی ئایدۆلۆژستدا، لە وەڵامی ئەوانەی لە دەقدا، لە سەر ڕەهەندی ڕێزمانی زمان دەوەستن، ئەوانە بە گەمژە و نەزان دەناسێنێت، چوونكە لە دەقدا تەنها پیت و ڕێنووس و هەڵەی زمانییان بەلاوە گرنگە، بۆیە دەنووسێت:_(ئایدۆلۆژست پەیوەندییەكی هیستری بە زمانەوە هەیە، لێرەوەش زمان و ڕێنووس و یەكخستنی زاراوە دەبنە وشە گەلی سیحراوی، دەكەوێتە بیركردنەوە لە هەڵە و ڕاستی زمان و ڕێنووس، ئەو لە ڕەخنەگرێكی گەمژە دەچێت). بێگومان پێشتر، چەند نووسەرێك ڕەخنەیان لە شێوازی نووسین و ڕێنووسی ئەو نووسەرە گرتووە، بۆیە دەكەوێتە كاردانەوەیەكی لەو شێوەیە. وەلێ با لەوە گەڕێین، دەپرسین، ئایا هەموو دەقێك تەنها بەهایەكی فیكری هەیە و بەهای زمانەوانی نییە؟ ئایا نووسین بە گشتی، بەرلەوەی ڕەهەندێكی واتایی هەبێت، پێكهاتەیەكی زمانەوانی نییە و لە كۆمەڵێك بڕگە و وشە و ڕستە و پەڕەگراف پێك نەهاتووە؟ چی نووسین لە زمانی ئاسایی دەربڕین جیا دەكاتەوە؟ ئەو ڕێسا زمانەوانییە نییە كە بینای هونەری دەق پێكدێنێت؟ هەموو زمانێك ڕێسا و تایبەتمەندی زمانەوانی خۆی هەیە و ڕێكخستنی زمان لە ڕووی بەهای ڕێزمانییەوە، هەنگاوێكە بۆ بە ستانداركردنی زمان. ئەگەر زمانی نووسینی دەق هیچ بەهایەكی نەبێت، ئەو كات چ جیاوازییەك دەمێنێتەوە لە نێوان نووسەرێك و كەسێكی ئاسایی كە ڕۆژانە بەو زمانە دەكەوێتە ئاخاوتن؟ بەختیار عەلی زۆرباش دەزانێت، كە نەبوونی زمانی ستانداری كوردی، چ گەڕەڵاوژەیەكی لە ڕووی نووسین و ڕێنووسەوە هێناوەتە ئاراوە. بۆیە ئەو دەبێ وەك نووسەرێكی دیار و بە توانای ئێمە، لە هەموو كەسێك زیاتر لە خەمی یەكخستنی زمان و دروستكردنی زمانی ستانداری كوردی دابێت، نەك ڕێنووس و ڕێزمانی بەلاوە گرنگ نەبێت. زمانی كوردی لەو زمانانەیە، كە تەنها بە گۆڕینی دەنگێك و پیتێك، سەرتاپای مانای وشە گۆڕانی بەسەر دادێت. بۆیە دەبێ بەو پەڕی وردەكارییەوە ئەو زمانە لە نووسیندا بەرجەستە بكەین. بەهای زمانەوانی نووسین، هیچی لە بەهای فیكری و مەعریفی دەق كەمتر نییە، مەگەر لای نووسەرانێك كە بڕوایان بە شتێك نەبێت بە ناوی زمانی نووسین. ڕەخنەكردنی زمان، بەشێكە لە ڕەخنەكردنی دەق بە گشتی. زمان لە نووسیندا، ڕێساو شێوازی داڕشتن و دەربڕینی تایبەتی خۆی هەیە، ئەگەر ئەو ڕێسایە ڕەچا و نەكرێت، جۆرێك لە گەڕەلاوژێ و تێكدانی زمان دێتە ئاراوە. هەربۆیە بۆمن وەك خوێنەرێك مایەی شۆكێكی گەورەیە، بەختیار عەلی ئەوانە بەگەمژە بناسێنێت، كە ڕەخنە لە زمان و ڕێنووسی دەقێك دەگرن، كە نەك لە توانای هەموو كەس نییە، بگرە قوڵبوونەوە و شارەزایەكی زۆریشی دەوێت، بە تایبتیش لای ئەو، كە یەكێكە لە دیارترین نووسەرانی ئێمە و خاوەنی خوێنەرانێكی بێ شومارە، كەچی بە داخەوە بەو شێوەیە لە بونیادی گرامەری زمان دەڕوانێت. بۆ ڕوونكردنەوەی زیاتری ئەو زمانەی نووسەر، گەر چەند وشەیەك بە نموونە لە نووسینەكانیدا وەربگرین و ئەو كات بەراوردی بكەین بە زمانی نووسین بە گشتی لە ئەدەبی كۆن و هاوچەرخی كوردیدا، ئەوا ڕوونتر، ڕێنووس و لایەنی زمانەوانی زمانی نووسینی ئەو نووسەرەمان بۆ دەردەكەوێت. بۆ نموونە باسەرنج لەم وشانە كە لە شانۆنامەی بۆ دۆزەخ ئەی بێ گوناهان هاتوون بدەین :_
* ئاگادارماندەكەنەوە ل 9.
* هەستدەكات ل 11.
* واژۆیدەكات ل 12.
* گوناهێكتكردووە ل 13.
* رزگارتاندەكات ل13.
* پێشچاوی خۆت ل 52.
ئەم وشانە، وێرای ئەوەی لە باری نووسیندا، شێوەیەكی زۆر ناقۆڵا و نەگونجاویان هەیە، ئەوا لە باری داڕشتن و ماناش هەڵەن ! گەر لە سەر وشەی (گوناهێكتكردووە )بوەستین، دەبینین لە ڕستەكەدا بكەر و كار هەیە، لە زمانی كوردیدا، بە هیچ شێوەیەك كار و بكەر، لە میانەی ڕستەیەكدا لێك نادرێن. گوناهێكت (ت) لێرەدا جێناوی لكاوە بۆ كەسی دووەمی تاك دەگەڕێتەوە، وشەی (كردووە) ڕابردووی تەواوە، كەواتا لە ڕووی بونیادییەوە، ئەم دوو وشەیە كە بكەر و كارن بە هیچ شێوەیەك نابێ بە لێكدراوی بنووسرێن و بەیەكەوە بلكێندرێن. یاخود بە هەمان شێوە، گەر سەرنج لە وشەی (پێشچاوی خۆت ) بدەین، دەبینین دیسانەوە لە ڕووی ڕێنووس و داڕشتنەوە زۆر هەڵەیە. بێگومان لە زمانی كوردیدا، چەند بنچینەیەكمان هەیە وەك:_ (ناو، بكەر، هاوەڵناو، هاوەڵكار، چاوگ، ئامرازی پەیوەندی، جێناو ) هەر یەك لەم بنچینانەی زمان، ئەرك و ڕۆلیان لە ڕووی واتاسازییەوە لە ڕستەدا دیاریكراوە هاوەڵكار بنچینەیەكی سەربەخۆیە و پەیوەندی بە ناو، بكەر و كارەوە نییە و دەبێ وەك وشەیەكی سەربەخۆ لە ڕستەدا ببینرێت. لەو ڕوانگەیەوە (پێشچاوی ) هەڵەیە، چونكە پێش، هاوەڵكاری شوێنە، چاو، ناوە، بۆیە نابێت هاوەڵكار، یان هاوەڵناو، بەناوەوە بلكێنرێن، بەڵكوو خۆیان وەك سەربەخۆ ڕستە تەواو دەكەن . بەداخەوە بەرهەمەكانی ئەم نووسەرە، تەژین لە هەڵەی زمانەوانی لەو شێوەیە، كە لە ڕووی واتا و فۆڕمی نووسینیشەوە، هەڵەن و شێوەیەكی نەگونجاو ناشرین بە زمانی دەقەكە دەدەن. ئێمە ئەگەر زمانێكی ستاندریشمان نەبێت، بەڵام جۆرێك لە زمانێكی نیمچە یەكگرتووی فەرمیمان هەیە، كە شێوە ڕێنووسێكی پەیڕەوكراوی هەیە و تاڕادەیەك بۆتە سەنتەر لە نووسیندا، بۆیە دەكرێ پەیڕەو لەو زمانە بكرێت. بە ئامانجی جێگیركردنی زیاتری ستانداربوونی زمان، نەك پەرتەوازەتركردنی ئەویش لەڕێگەی بە ناو پەیڕەوكردنی ڕێنووسی تایبەت بە نووسەران، كە لە هەڵەیەكی زەق كە لە بێ ئاگایەوە دەكرێت هیچی تر نییە.