بەرپرسیاریەتیی ژینگەیی

ئاری ئاغۆک
کەباس لە ژینگە دەکرێ نابێ لە یەک روانگەو ڕوانین خوێندنەوەی بۆ بکەین چوونکە چەمکی ژینگە فرە ڕەهەندە، بۆیە دەبێت لەژێر ڕۆشنایی فرە ڕەهەندیەوە خوێندنەوەمان بۆی هەبێت و قسەو باسی لەسەر بکەین.
بەو دیدگایەوە دەبێت هەموومان ئەو ڕاستیە بزانین کە لەگەڵ ئەوەی ژینگە ڕەوشتە، ئەوا بەرپرسیاریەتیی. گەورەیە، ئەو بەرپرسیاریەتییەش لە چەندین لاوە دەبێت هەستی پێ بکەین، کاتێ خودای گەورە زەوی و ئاسمانی بۆ مرۆڤ دروستکردوە، دەبێ مرۆڤیش ئەو بەرپرسیاریەتیە هەڵبگرێت و بە ئەمانەت و ویژدانەوە مامەڵەی لەگەڵ بکات، نەک فەرامۆشی و بێ بایەخی!
کاتێ باس لەوپەرپرسیاریەتییە دەکەین دەبێ نموونەی گرنگ و زیندوو باس بکەین، چوونکە هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی یەکێکە لە خەسڵەتە جوانەکانی مرۆڤ، نزیکترین نموونەش مامەڵەکردنی مرۆڤە لەگەڵ ژینگەی خاک و پاکو خاوێنی لەگەڵ خۆیی و دەورووبەری، بەڵام بەداخەوە ئەوەی کە لە ڕۆژانی جەژنی قوربان بینیمان پێچەوانەی هەمووبەرپرسیاریەتی و پرس و خەمە ژینگەییەکان بوو، لە زۆر ڕوانگەوە ئەو دیاردەیە بەدی دەکرا گرینگترینیان (سەربڕینی ئاژەڵ و قوربانی) بوو، بەداخەوە بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کەقوربانیان ئەنجامدا، بەرپرسیاریەتی ژینگەییان هەڵنەگرت، لەزۆر شوێن بینیمان بەتایبەت لە دەورووبەری شار، خەڵکی پێست و پیسایی و پاشماوەی سەربڕینی ئاژەڵی فرێ دەدا، لەکاتێک دا فڕێدانی هەرپاشماوەیەک و پیسیەک جگە لە زیانە تەندروستییەکەی، ئەوا بۆ فڕێدان چەندی لەخۆ دوور کەیەوە، بێگومان لەکەسێکی دیکەو شوێنێکی دیکەو دەڤەرێکی دیکە نزیکە، چونکە ژینگە بەگشتی و ژینگەی شار بەتایبەتی هی هەمووانەو بۆ هەمووانە، بەڵام بەداخەوە کەسانێک خودی خۆیان ئەو بەرپرسیاریەتییە ژینگەییەیان هەڵنەگرت و ئەو دیمەن و کارە ناشارستانیەتیەیان نیشان داین، لەکاتێکدا ئاینی پیرۆزی ئیسلام هەمیشە پاکو خاوێنی و ژینگە پارێزی لەچەندین لایەن دا دووپات کردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم جۆرە کەسانە ئەو پەرپرسیاریەتییە ئایینی و مرۆیی و نیشتیمانی و خاکی و ژینگەیی و ناتەندروستییەیان بەهەند وەرنەگرت.

*بەرپرسی ژینگەو تەندروستی لە بەرێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی هەولێر