عیراق لە ئاڵۆزیدا

عەمەر ئەرگوشی
ئەم دۆخەی عیراق تێیدایەتی ڕەنگە بەم چەشنە نەتوانێت بەردەوام بێت و پێدەچێت بەرگەی ئەو هەموو پاڵەپەستۆ و کێشە ناوخۆیی و دەرەکییانە نەگرێت. هەموو لایەنە کوردستانییەکان لەگەڵ ئەوەدان بە برایەتی و دۆستانە کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و عیراق چارەسەر بکرێن و کورد نەبێتە بەشێک لە کێشەکان، بەڵکوو ببێتە بەشێکی کاریگەر لە چارەسەرییەکان و گەڕانەوەی هاوسەنگیی هێز بۆ عیراق و بنیاتنانی عیراقێکی دیموکرات و فیدراڵ لەسەر بنەمای بەشداریی ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتەکان و لێکتێگەیشتن لە نێوانیاندا.
ئەوەی ئێستا حکوومەتی هەرێمی نیگەران کردووە ئەوەیە چۆن دەکرێت بەشداری لە حکوومەتێک بکەیت، کە ئەو حکوومەتە مووچەی هاووڵاتییانی خۆی لە ڕۆژی جەژنیشدا پێی بە ڕەوا نەبینێت. بێگومان کێشەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا زۆر کۆن و زۆر ئاڵۆزن، بەڵام هەمیشە حکومەتی هەرێم دانی بە خۆیدا گرتووە و ویستوویەتی بە لێکتێگەیشتن و برایانە چارەسەر بکرێن. لە ماوەی ئەو هەموو ساڵانەی بەشداریی گەلی کوردستان لە حکوومەتی عیراقدا، نەبووەتە هۆی ئەوەی حکومەتی عیراق ڕێز لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بگرێت و دان بە مافە نەتەوەیییەکانی دابنێت و لەسەر بنچینەکانی (تەوازون، تەوافق و شەراکەتی هاوبەش) وڵات بەڕێوەببەن. سەڕەڕای ئەوەش، ناوبەناو کێشەی نەدەستووری و نایاسایی بۆ هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی دروست دەکات. و لە چارەسەرکردنی کێشەکانیشدا حکوومەتی عیراق نە گوێی بە حکومەتی هەرێم داوە، نە سەری بۆ دەستوور چەماندووە، و نە یاسای بەهەند وەرگرتووە. هەمیشەش ئەگەر بۆیان ڕەخسابێت، خەریکی پێشێلکاریی یاسایی و دەستووری بوونە و درێغییان نەکردووە لە پێشێلکردنی سەروەرییەکانی خاکی هەرێم و خەڵکەکەی، و هەمیشە خەریکی بودجەبڕین و مووچەبڕینی خەڵک و برسی کردنی بوونە. و ئەگەر حکومەتی هەرێمیش لە ئاست پێشێلکارییەکانیان بڵێت ئەگەر مووچە نەنێرن هەڵوێستمان دەبێت، ئەوا یەکسەر تووڕە دەبن و ئەم هەڵوێستەی حکومەت بە هەڕەشە دەزانن. کەواتە ئەوان چاوەڕوان دەکەن هەموو دژایەتییەک و ناڕەوایەتییەک دژی هەرێم ئەنجام بدەن و بە ڕۆژی ڕووناک لەسەر پێشێلکارییە نەدەستوورییەکانیان بەردەوام بن و حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستانیش دەستەوەستان بوەستن و هەڵوێستیان نەبێت.
پێویستە هەموو لایەک تێبگات کە گەلی کوردستان بۆیە ڕووبارێک خوێنی لەپێناو ئازادیدا ڕشتووە، تا سەربەرزانە بژیت و سەر بۆ ناحەزان دانەنەوێنێت و لە ئاست مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستاندا بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبێت.
ئەوانەی ئێستا خەریکی برسیکردنی خەڵکی کوردستانن و دەیانەوێت خواستە ڕەواکانی گەلی کوردستان پشتگوێ بخەن، دەبێت تێبگەن کە لەم قۆناغەدا حسابێکی گەورە بۆ گەلی کوردستان و خەباتەکەی لە پێناو ئازادی و ڕزگاری و دیموکراسییەتدا دەکرێت و ئەو کۆسپانەیان بڕیووە کە بە بڕیاری سەقەتی چەند بەرپرسێکی کورتبین بەربەست بکرێن. ئەگەر ئەوان پێیان وابێت چاکەی خەڵکی کوردستان بە مووچەبڕین دەدەنەوە، ئەوا با دڵنیا بن کە گەلی کوردستان ڕێگەی تری لە پێشە کە زیاتر سەربەرزی و بەختەوەری لەخۆ دەگرێت. و ئەگەر ئەوان خەمی خۆیان و عیراقیان نییە، با خەمی کوردستان و گەلی کوردیشیان نەبێت و گەردەنیان ئازاد بێت.