خوسرەو جاف
هه‌ر گۆشه‌یه‌كی جیهان، شێوه‌یه‌ك له هونه‌ری پێوە دیارە، ڕه‌نگه ئاسان نه‌بێت ده‌ستنیشان بكرێ كه‌وا هونه‌ر له کام جێگه‌ی سه‌رزه‌وینەوە سه‌ری هه‌ڵداوە، ئه‌وه‌ی وا ده‌ڵێت خەڵکی ئه‌شكه‌وته‌كانی باشووری فەرەنسا و سووره‌كانی باكووری ئه‌مریكای پێ سەرەتای سه‌رهه‌ڵدانی هونه‌رە، دروست نییه، چونكە هیچ به‌ڵگه‌یه‌كی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان به‌ده‌سته‌وه نییه.
ڕه‌نگه سبه‌ی دووسبه‌ی چه‌ندان ئه‌شكه‌وتی دیكه‌ی پڕ له هونه‌ر ده‌میان بكرێته‌وه، له‌لایه‌كی تره‌وه له ڕووی ئه‌كاد‌یمیه‌ته‌وه بنواڕینه بنچینەی هونه‌ر له ته‌لارسازییه‌وه بگره تا په‌یكه‌رتاشین و شێوه‌كاری و پۆسته‌رسازی كه له پێنجهه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه ده‌ستی پێ كردووه و لە دۆڵی ڕووباری نیلدا سه‌ریان هه‌ڵداوه، زۆر له گه‌لانی جیهان له سه‌رزه‌وینی فه‌راعینه‌كانه‌وه فێری هونه‌ر بوونە.
کەوشەنی میسر و، هەرەمی گەورەگەورەی به‌ردین دوای هه‌زاران ساڵ هاوار ده‌كات: ئه‌مه منم؛ ئه‌و منه‌ی پڕه له ڕاز، پڕه له سه‌رسامی، پڕه له مەتەڵی هه‌ڵنه‌هێنراو، پڕه له داستان و بیروبۆچوونی خۆی ده‌رباره‌ی كاروكرده‌وه‌یان، ده‌رباره‌ی سیسته‌می فه‌رمانڕه‌وایییان، فه‌رمانڕانییەكی وا هه‌زاران كه‌س ڕاماڵ كرێن چ وه‌ك كۆیله، یان كرێكار بۆ خولقاندنی كارێكی وه‌ها مه‌زن. داهێنانەکە زیاتر بۆ سیسته‌می كاره‌كه‌یه كه توانیویانه مرۆڤ بكه‌نه ئاڵه‌ت و ئامێر، ئه‌ویش ئامێرێكی میكانیكی، ئه‌وه‌سا دوای هه‌زاران ساڵ نه‌توانراوه یه‌كلایی بكرێته‌وه. ئه‌و به‌رده چوارسووچه زلزه‌لامانه چۆن براونه‌ته ئه‌و به‌رزاییە، ئه‌وه‌یش به‌و نه‌زم و تەکووزە ئەندازەوانییەی كه سانتیمێك له یه‌ك جیاواز نین. ئه‌وه‌یان گرنگ نییه له سه‌رده‌می یه‌ك فه‌رمانڕه‌وادا ئه‌و كاره كرابێت یان دووان یان سێان، گرنگ ئه‌وه‌یه دوای هه‌زاران ساڵ ئێمه سه‌رسامین به چۆنیه‌تیی ئه‌و كاره. ئه‌و ئەقڵه بلیمه‌تانه‌ی ته‌سلیمی دژواری و زه‌حمه‌ت و گرفت نه‌بوونە. ئه‌وه‌یش دیاره كاتێ ئه‌و به‌ردانه گه‌لێك دوور بوونه، لێکی بده‌ره‌وه ئاوا قه‌باره‌یه‌ك له به‌رد له شاخێك دابڕێت و به وردی بتاشرێت و به سه‌دان كرێكار ئه‌و قه‌باره گەورە بگه‌یه‌ننه سه‌ر ڕووباری نیل، دوایی بڵند بكرێته‌وه ناو كه‌شتی و، له‌وێڕا دیسان هه‌مان كار تا ده‌گه‌یەنرێته‌وه سه‌ر كار و له جێگه‌ی تایبه‌تی خۆیدا داده‌نرێت.
جگه له‌و هه‌موو دژواری و بگره‌وبه‌رده‌ی كام پاشا كام ده‌سته‌ڵات چ ئه‌وسا و چ ئێستا ئه‌و هه‌موو پووڵ و پاره خه‌رج بكا بۆ به‌دیهێنانی گۆڕێك یان مه‌زارێك! له‌وە بترازێ، كام میلله‌ت ئه‌م هه‌موو ئارەق و خوێنڕشتنه قبووڵ ده‌كات؟
داخۆ چ زه‌بر و زۆر و هه‌ڕه‌شه و كوشتن و بڕینێك به‌كار برابێت بۆ كردنی ئه‌و كارانه. ئه‌گه‌ر خه‌ڵكه زۆره‌كه لایان وانه‌بێ شا خودایه یا نێردراوی ئه‌وه؟
له ڕووی بیروباوه‌ڕی فه‌لسه‌فه‌وه مه‌زاری شا تا بڵندتر بێت یانی له خواوه نزیكتر ده‌بێته‌وه؛ پرسیارێكه لام گه‌ڵاڵه بووه له سه‌ره‌تاوه تا به ئێستا مرۆڤ بۆ لای وایه خودا له ئاسماندایه؟ مه‌گه‌ر خودا له هه‌موو جێگه‌یه‌كدا نییه! بۆچی ته‌نها ئاماژه بۆ ئاسمان ده‌كرێت؟
میسرییه‌كان له باوه‌ڕێكدا بوون ئه‌گه‌ر مرۆڤ دیسانه‌وه زیندوو بێته‌وه كه پێیان وابوو ته‌رم پێویستی به پاراستن هه‌یه، بۆیه مۆمیایان كردووه. هێنده كاری پته‌وكارییان بۆ گۆڕه‌كان كردووه به‌تایبه‌ت بۆ فه‌رمانڕه‌واكانیان، هه‌روه‌ها ده‌ستڕۆیشتووه‌كان ته‌رمیان له‌ناو تابووتی به‌ردیندا سه‌رمۆر كردووه و له چه‌قی مه‌زاردا دایانناوه، ده‌ور تا ده‌وری دیواره‌كانیان پڕ له دۆعا و ڕاز و نیاز و ته‌لیسم كردووه. تا له گه‌شتی ئه‌و دنیادا پارێزراو بێت، بۆیه به شێوه‌یه‌كی سه‌رسڕمێنی هونه‌ری ته‌لارسازیی هه‌ره‌مییان سازاندووه و موحكه‌م ته‌رمی شایان تیادا شاردووه‌ته‌وه، لایشیان وابووه په‌یكه‌ری به‌ردینی شاهـ ئه‌گه‌ر له ته‌نیشتی تابووته‌كه‌دا بێت ته‌رمه‌كه‌ی پارێزراوتر ده‌بێت، له مانه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تاییدا یارمه‌تیده‌ری ده‌بێت.
له‌و سه‌رده‌مه‌یدا ناوی په‌یكه‌رتاش شتێكی تر بووه (ئه‌و كه‌سه‌ی ڕۆح ده‌پارێزی) سه‌ره‌تا ئه‌و ڕێوڕه‌سمه ته‌نها بۆ شاكان بووه، به‌ڵام له دواییدا بۆ شازاده و ده‌ستڕۆیشتوانیش هه‌مان كار كراوه، واتە مردن له ژیان زۆرتری تێچووه. یانی دروستكردنی هه‌ره‌م و مۆمیاییكردن و په‌یكه‌رتاشین و خوارده‌مه‌نی و ئازووقه و دەستوپێوەندی شا و مردووان هەر به زیندوویی، زینده‌به‌چاڵ كراون، به‌ڵام له دوادواییدا له جوێی زیندوانی ده‌وروبه‌ری شاهـ، په‌یكه‌ری ئه‌وانه‌یان كردووه‌ته هاوڕێی شاهـ.؛ هه‌ر ئه‌و شێوه‌كاریانه‌ی وا ده‌وروبه‌ری گۆڕه‌كه‌یان پێ ڕازاندووه‌ته‌وه بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت میسرییه‌كان چ جۆره نه‌قاشییه‌كیان كردووه، چ جۆره ڕه‌نگێكیان به‌كار بردووه، به وردی كۆشاون هیچ پێچوپه‌نایه‌ك له كاری شێوه‌كاریدا به‌كار نه‌به‌ن، یه‌كسه‌ر بڕۆنه نێو چه‌قی بابه‌ته‌كه‌وە؛ پەتی و ئاشكرا باسه‌كه بخه‌نه ڕوو. وه‌ك تابلۆیه‌ك كه به حەساو (باخ و حه‌وز) چۆن ڕه‌سم كراون، ته‌واوی كاره‌كانیان چ هه‌ڵكۆڵانی سه‌ر به‌رد یان نه‌قاشی، له‌و لاوه نیوه‌ڕۆ ڕه‌سمیان كردووه، ته‌نها (حه‌وز و باخ) له سه‌ره‌وه تێی ڕوانیون و هه‌روه‌ها دره‌خته‌كان له‌و لاوه. ئه‌وه ڕه‌وشی منداڵانه‌یه، ئاخر منداڵ وا ڕه‌سم ده‌كه‌ن. له شێوه‌كاریدا بۆ وه‌ده‌رخستنی ڕوخسار ڕووبه‌ڕووه، هه‌روه‌ها سنگ و به‌رۆك، شان و مل، به‌ڵام وێنه‌ی پیاوێكی فیرعه‌ونی سه‌یره سه‌ری له‌لاوه سه‌یر كراوه. سه‌یر له‌وه‌دایه هونه‌رمه‌ندی میسری به گوێره‌ی پێگه‌ی كابرا ڕه‌سمی كردووه، ئه‌گه‌ر خودی فیرعه‌ون بێت ئه‌وه له هه‌مووان جه‌سته‌ی گه‌وره‌تره، ئیتر به‌م شێوه‌یه دێته خواره‌وه، بۆیه خوێندنه‌وه‌ی وێنه‌ی ناو گۆڕه‌كان به‌و شێوه نه‌خشێنراوه، گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و داستاننامه له مه‌زاره‌كاندا یان به شێوه‌ی وێنه‌ی باس كراون، یان به خه‌تی (هیرۆگلیف) ڕۆشن كراوه‌ته‌وه ئیتر به گوێره‌ی پێگه و جێگه. ئه‌وه خه‌تم و ڕازی خوفوی شایه، ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی سارایه، ڕاوێژكاری مه‌زنه، گه‌وره‌ی په‌رستگایه.
له تابلۆكانی سه‌رده‌می فیرعه‌ونه‌كاندا كه زۆرتر له بیست و پێنج زنجیره ده‌سته‌ڵات بوون، شاژن و گه‌وره‌ژن، دۆست و كۆیله‌كانیش له دیواری گۆڕه‌كاندا نه‌خشێنراون، هه‌روه‌ها تابلۆی ڕاوه‌ماسی یا باڵنده‌كان تۆڕهه‌ڵدانی ڕاوچییه‌كان، ئه‌وانه له وێنه‌كانیاندا وه‌ده‌رخراون.
زۆر لە كار و كردەوەكانیان دوای هەزاران ساڵ یەشتا هەر ماون، دۆڵی دووڕووبار شێوەی ساختمانیان لە هی میسرییەكان جیاوازە؛ لە میسردا زۆرتر هەر بە بەرد كاریان کردووە، لە كاتێكدا لە میزۆپۆتامیا زۆرتر كارەكانیان بە كەرپووچ (تابووق) کردووە، بەتایبەت لە شێوە و سەبكی (زیگۆرات)دا. ڕەنگە خوێنەری كورد مەیل و لەزەتی بە لای ئەم جۆرە كتاوانەدا نەڕوات، خوسرەو جاف! بڕۆرەوە لای بوارە ناسراوەكەتەوە (ڕۆمان)، یا ئەوەسا هیچت پێ نەماوە؟