عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا
سێڵفی لە ساتەوەختی (هایپەر مۆدێرن و سایبەر مۆدێرن) هەر نمایشکردنی جەستە نییە؛ بەڵكە ڕەمزی گۆڕانکارییە دەروونی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانە، تەواوی نێوەندگیرییەکان ڕەتدەکاتەوە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە جیهانەوە دەکات.. سێڵفی دوورکەوتنەوەیەكە؛ ڕێگا بۆ مرۆڤی مۆدێرن خۆش دەكات؛ سوبێکتی خۆی دەستكاری بكات! نەک هەر هێندەش بەڵكوو تەواوی تێگەیشتنمان بۆ کات و شوێن و لە سەرووی هەمووشیانەوە پەیوەندیمان بە زمان (لە مەجاز و وێنە)دا دەگۆڕێت؛ هەموو ئەوانەش لە تێكەڵاوكردنی ناسنامەی ڕەگەزییەوە دەستپێدەكات؛ بەو مانایەی کە بوونی مەجازی ئێمە ناسنامەی دیجیتاڵی ئێمەیە، نەك بوونی ڕەگەزی؟! ناسنامەی دیجیتاڵی ڕاڕاییە، لەوێشەوە دەتوانین ئارەزووی سێكسی ((ئەو شتەی کە نیمانە و بەردەوام وێڵی بەدەستهێنانین)) لە ئارەزووی كلیككردندا بەدەستی بهێنین و چێژی هەنووکەییی لێ وەرگرین.
بەڵام ئایا سێڵفی وەك “نیگاتێبڕین- تێڕوانین” بە مانای (كۆبوونەوەی چێژ لە خاڵێك، لە ئەندامێك- ئۆڕگازم) و “بینین- پەرتبوون” بە مانای (بڵاوبوونەوەی خاڵەكانی چێژ لێرە و لەوێ) چۆن تێكەڵ بەیەك دەكات؛ بە مانایەكی دیكە ئایا سێڵفی لە فەزای مەجازیدا چۆن دووالیزمەكانی (بینین، نیگا- تێبڕین) و (دزەنیگا، گێڕانەوەی نهێنی) لەڕێگای ئارەزووی سێكسی و چێژەوە راڤە دەكاتەوە؟!
ئەوەی لە زۆر ڕووەوە ئاشکرایە؛ ئەوەیە، كە سێڵفی لەڕووی زمانی گێڕانەوەوە بەرەنگارییەکی تووندی حیكایەتە گەورەكانە و لەڕووی پەیوەندی کۆمەڵایەتیشەوە ئەو ساتەیە، كە ڕاستی ڕەها پارچە پارچە دەكات؛ لەڕووی سیاسییەوە ناسنامەكان تێکەڵ بەیەك دەکات. بەكورتی بەرەنگاربوونەوەی حیكایەتەكان لە ئاوابوونی زمانی گێڕانەوەدا لە (مەجازی وێنە)دا دەنوێنێ و پارچە پارچەكردنی ڕاستی لە (بڕوابوون) بە فرە ڕاستییەوە دەبینێتەوە، بەڵام تێكەڵاوكردنی شوناس لە (لادانی سێكسی)یەوە هەڵدەگرێتەوە! بەو مانایەش ئەوەی لە چێژی سێڵفیدا دەردەكەوێت، هیچ جیاوازییەك لەنێوان ئاوابوونی زمانی گێڕانەوە و پارچە پارچەكردنی ڕاستی و تێكەڵاوكردنی شوناسەكاندا ناكات؛ ئەو قسەیەش وەك ئەوەیە بڵێین هیچ جیاوازییەك لەنێوان تووندوتیژی كۆمەڵایەتی و سیاسی و سێكسییدا نییە! بۆ بنەمای هەموو ئەوانەش لە فرۆید نزیك دەكەوینەوە كە دەڵێ ((هیچ جیاوازیەک لەنێوان سەربڕین و خەساندندا نییە)).
کەواتە چێژی سێڵفی، هەوڵدانە بۆ لەقەڵەمدانی بوونێکی دیكە لەنێوان (سەربڕین) وەك دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی و (خەساندن) وەك چەمكێكی دەروونشیكاری! بەڵام ئەوە کاتێک دێتە دی، کە هەردوو ڕەگەز تەسلیمی چێژی (هایپەرواقیع) بن و بتوانن خاوەندارێتی چێژ بەرەو ئارەزووی زانین تێپەڕێنن؛ كاتێك کە ئارەزووی بینین (خەساندن- درزی بینین)ی دەروونشیكاری لە ساتەوەختی چێژی هایپەر مۆدێرن و ئارەزووی نیگا-تێبڕین (نائامادەیی سەر- لەكاتی سەربڕین)ی كۆمەڵایەتی لە ساتەوەختی چێژی سایبەر مۆدێرندا دەدۆزینەوە!! وەك ئەوەی بڵێین (فرەیی-زێدەیی) لە (تۆڕی ئەلیكترۆن جۆراوجۆر)دایە، یان هاوتاكردنی بینینی مێ و نیگا-تێبڕینی نێر شتێكی دەستكردە و دەبێت فێری بین.. بەو مانایەش چەمكی دەروونشیكاری و دیاردەی كۆمەڵایەتی لە سەرکوتکردنی ئارەزووی سێكسی (لەڕێگای ڕوخساری جوان و ڕۆناكی وێنە- سێڵفی)دا هەڵدەگرینەوە. بۆ نموونە: نێر و مێ لە چركاندنی سێڵفیدا بینین و نیگا-تێبڕین ئاوێتەی یەكتر دەكەن.
(سەربڕین/ خەساندن)
لە فەزای مەجازیدا
بێگومان بنەمای (سەربڕین/ خەساندن) هەر تەنها (ئاوابوونی زمانی گێڕانەوە) و (پارچە پارچەكردنی ڕاستی) و (ئاوێتەبوونی ناسنامەكان)ی لێناكەوێتەوە؛ بەڵكە زێدەبوونی (نائامادەبوون)یشی لەخۆدا حەشار داوە، كە لە بنەڕەتدا نیشانەی خەساندنە؛ وەك چۆن ڕۆڵی سەرەكی لە تێپەڕاندنی ئارەزووی سێكسییدا هەیە! بۆ نموونە: نیگەرانییە بەردەوامەكانی بینین و نیگا-تێبڕینی (هەردوو ڕەگەز) لە زێدەشارەزایی سێڵفی، وەك ئەزموونی بەرگریکردنی گرژئامێزی “ئامادەبوون- ڕەپبوون”، كە نیشانەی “نائامادەبوون- خەساندن”ـە؛ بە هەرحاڵ، گرژبوونی ماسوولكەكان و دڵەڕاوکێی (نائامادەبوون- خەساندن) بە چەندین شێوەی مەجازی بەرگری لە (ئامادەبوون- ڕەپبوون) دەکات! لێرەوە ئەگەر پرسیارێك هەبێ ئەوەیە، كە ئایا كردەی سێڵفی و كردەی خەساندن؛ ئارەزووی سێكسی و ئارەزووی كلیك؛ ئامادەیی و نائامادەیی.. هاوواتا دێنەوە؟!
وەک چۆن سێڵفی جوانییەکانی ڕوخسار و ڕۆناكی و تاریكی لەشولار و سەرنج و گۆشەنیگا و دزەنیگا و ئاگایی (بینینی ڕاڕا) لە بارەی ڕاستیی و جیاوازی جێندەرییەوە پەرت پەرت دەکات، لەبەرانبەریشدا (دەروونی نائامادەی ڕاڕا) بۆ خوڵقاندنی دەمامکێکی ڕووکەش و (دیمەنێکی قەشەنگی ئامادەیی دەرەکی) كۆدەكاتەوە؛ بە هەمان شێوە وێنەی سێڵفیش وەك چەشنە بەرگرییەک لە دژی ئەو دەرەكی و ناوەکییە جاڕزکەرە نادڵنیایەی (ڕەپبوون و خەساندن) گرژ و خاو دەبێتەوە..
بەمجۆرە (سێڵفی) دەرکەوتنی ئەو (ڕەپبوون و خەساندن)ە چێژدارەیە، كە بە تەنها تایبەت نییە، بە مێ و نێرەوە؛ بەڵكوو دەركەوتنی زانینێكی بەربڵاوە بۆ زێدەكلیك و دەستاودەستكردنی جۆراوجۆر! بەو مانایەش سێڵفی (مێ یان نێر) نییە؛ بەڵكوو زادەی ترس و دڵەڕاوكێ و فێربوونی زێدەگریمانكراوی (نائامادەیی- ئامادەیی)یە، كە لە زێدەخەیاڵی هەردوو ڕەگەزدا دێتە بەرهەم.
ئەگەر لەنێوان ئامادەیی و نائامادەیی.. نەرێنییەك، (دزەنیگا)ییەك، ئەنلایكێك هەبێت، ئەوە لەڕووی سایکۆلۆژییەوە پێکهێنەر و درووستکەری ئەنگێزەی سێکسی لادەرانەیە، لای هەر یەکە لە ژن و پیاو، بەڵام لە نمایش و دەرکەوتنی فەزای مەجازی بە تایبەتی و ڕوونتریش لە هاوتاكردنی ئارەزووی سێكسی بە ئارەزووی زێدەكلیك، ئەو ئەنگێزەیە وەك یەکێک لە پاڵنەرەكانی سێڵفی دەردەكەوێت! بەڵام بە گشتی سێڵفی وەک بەهێزترین پێكداچڕژانی ئامادەیی نائامادە ملکەچی ڕێکخستنێکی تووندی فێربوون و زانیارییەكانە، نەك هەر بەتەنها لەڕووی چێژەوە، بەڵكوو وەک دەروونشیكاری و پەیوەندی كۆمەڵایەتی و سیاسیش؛ بەو مانایەش لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا سێڵفی بنەماگەلێکی تووندی فێربوون و زانیاری لە هایپەر مۆدێرن و سایبەر مۆدێرندا بە دەستهێناوە، کە وەک (بەرهەمهێنان) و (ڕێکخستن) و (بەجێهێنان) شێوەی گرتووە، لەکاتێکدا لەڕووی کولتورییەوە پتر لەژێر دووبارەبوونەوەی تاقیكردنەوەدایە، کە چەشنەکانی شێوەگرتنی جێگیر تێدەپەڕێنێت!! مەبەستم لەوەیە کە زیاتر وەک لادەری فۆرم دەگەڕێتەوە، نەك وەك جەوهەری خەیاڵ و فانتازیا.
كەواتە ئەگەر تووندوتیژی سەربڕین و تووندوتیژی خەساندن، یان بە مانایەكی دیكە پیاو وەك چەقۆ، ژن وەك برین، لە تەرجەمەكردنی ئاوابوونی زمانی گێڕانەوە و پارچە پارچەكردنی ڕاستی و ئاوێتەبوونی ناسنامەكان هەڵگرینەوە، لەوێشەوە ئارەزووی سێكسی (وەك فێربوون) لەو مانا تەقلیدییانەوە (بۆ زانین) تێپەڕێنین؛ یان چاوی تاقیكردنەوەی چێژی سێڵفی هاوتای چێژی زێدەكلیك بكەین.. ئەوە لەلایەک لابردن و داماڵینی ڕەگەزی دەسەپێنین؛ لەلایەكی دیكە سەرکوتکردنی ڕەگەزی لە نیگا-تێبڕین و بینیندا هاوواتا دەبینینەوە! بەمجۆرەش دەگەینە ئەوەی كە سێڵفی وەك پرسیارێكی (هزر-ی) بە چاوی مەجازەوە جیهان (دە-بینێت).
مەجاز و وێنە
(چرکەساتی زێدەکلیکی راگوزەر)
جوانی سێڵفی دەكەوێتە بەر چركەساتی زێدەلایكی ڕاگوزەرەوە، بەڵام مەرج نییە، هەمیشە بە هەستێکی جوانکارییەوە پەیوەست بێت؛ بەو مانایەی هەمیشە ڕیشەی ئەنلایك و نەرێنی لە پێناسەی نەریتی هونەرییدا بەشێكی زۆری ڕاستی لەخۆدا هەڵگرتووە؛ كەواتە سەپاندنی جوانی هونەری مەرج نییە، بەدوای بەرهەمهێنانی هونەری جوانییەوە بێت؛ بەڵكوو هەندێجاران بەدوای ئیدانەکردنی دیدگایەکی دیاری واقیعەوەیە، یان بۆ نزیکبوونەوە لە وێنەی (ڕاڕای ناوەوە)ی خۆی دەگەڕێت؛ واتە سەپاندن هەمیشە بەدوای درزی لایك و نەرێنی و ئەنلایكەوەیە! كەواتە ئەگەرچی وێنەی سێڵفی لە ژیانی ڕۆژانەدا پێگەیەکی هونەری داگیر دەکات، بەڵام مەرج نییە هەمیشە لە یەك گۆشەنیگایەوە سەیری بكەین.. چونكێ هەندێكجاران دەكەوێتە نێوان (ئارەزوو) و (پێویستی)یەوە، بەو مانایەی كە ئارەزوو دەردەبڕێت و پێویستی دەسەپێنرێت.
ئەوەی لە هاوتاكردنی نیگا و ئارەزووی زێدەكلیك جەختی لێدەكەینەوە ئەوەیە، كە سێڵفی فەزای (ئارەزوو)ی تەقلیدی لە دەستداوە و وەك (پێویستی) كەوتۆتەوە، یان بە مانایەكی دیكە هەمیشە چێژی سێڵفی هەوڵدەدات ڕاڕایی دەروونی وەك پێویست بە گرژی ماسوولكە دەرەكییەكانەوە تاقیبكاتەوە! واتە لەبری ئەوەی لەڕێگای چەسپاندن و ڕامانەوە ئامادەبێ، لەڕێگای گۆڕانكاری ڕوخسارەوە نوێنەرایەتی نائامادەیی دەكات، وەك ئەوەی رەمزی (ڕەپنەبوونی ڤالووس) لە (باڵاكردنی ڕوخسار) و ڕاڕایی سەردەمەوە بگرێت.
بەمجۆرەش هەرچەندە هونەركاری سێڵفی وەك وێنەی سەرووی مۆدێرن شیبكەینەوە، لە مانای ڕاڕایی وەك پێویستی سەردەم نزیكتر دەبینەوە، چونكە هونەركارییەكانی سێڵفی جگە لە خۆی (كە ڕەپبوونێكی ناڕەپبوونە) هیچ ئەرکێکی دیکەی نییە! كەواتە وەك (ئێلسا گۆدار، 1978) لە کتێبەكەی (من سێڵفی دەگرم، كەواتە من هەم) كە ساڵی (٢٠١٦) چاپ و بڵاوبۆتەوە، دەڵێت: ((بەبێ ئەوەی پرسیار لە مەبەستی شیاوی “هونەری” بکەین، ڕەنگە قورس بێت، قسە لە سێڵفی وەک خەیاڵی داهێنان بكەین؛ چونکە تەنها نمایشکردنی جوانی نایکاتە کارێکی هونەری))
لێرەوە دەشێ لێكنزیكردنەوەی چەمكی (ڕەپبوون) و (باڵابوونی ڕوخسار) كۆمەڵێك دیمەنی ڕاڕامان بیر بخاتەوە، كە سێڵفی وەك ڕاستەقینە بەجێیهێناوە: لە کاتێکدا وێنەی هونەری هەوڵدەدات لە ڕاستەقینەكان دوور بکەوێتەوە؛ چونكە ناتوانێت لە (ڕەپبوون/ باڵابوونی ڕوخسار) ڕزگاری بێت، مەگەر بیخەسێنێت؟!
كەواتە سێڵفی لە بەکارهێنانی (هونەری ڕاڕا) تەنها ئامانجی خەساندنە لەپێناو بازاڕ درووستكردن. (پاشان سێڵفییەکە لە ئینستاگرام، تویتەر یان فەیسبووک بڵاوبکەرەوە…) دەمەوێ بڵێم ئەوەی لە پەیوەندی نێوان هونەر و سێڵفیدا دەتوانین دەستی بۆ بەرین، هەر تەنها سوبێكت نییە، بەڵكە دەرکەوتنی فێڵکردنێكە کە سێڵفی تێیدا دەیەوێت واقیعی سوبێكت بۆ واقیعی ڕوخسار و واقیعی ڕاڕا، لە چوارچێوەی جیهانێكی مەجازی زێدەخەسێنراودا بگۆڕێت.
لە زمانەوە بۆ وێنە
(ڕوخساری زێدەپیرۆز)
وەك دەزانین قسەكردن لە ڕاڕای بۆ ڕوخساری زێدەپیرۆز، هەر تەنها قسەكردن نییە، لە هەژاری و دەوڵەمەندی، بەتایبەتی سەبارەت بە خۆبەبازاڕکردنی ئیگۆ لە سەردەمی ئەمڕۆدا.. چونكە ئەگەر پیرۆزی ڕوخسار لەگەڵ پیرۆزی ئایینی بەراورد بكەین؛ دەبینین هونەری ئایینی لە هونەری سێڵفی جیایە! چونكە هونەری ئایینی لە (ناوەوە)ی خۆیدا سیمایەكی پیرۆزی هەڵگرتووە و هەوڵی دەربڕینی ئەو سیمایە دەدات؛ لە كاتێكدا هونەری سێڵفی وەك “ئایکۆنی میدیا” لە (دەرەوە) سیمایەكی پیرۆز دەنوێنێ و هەوڵی بە بازاڕكردنی دەدات! بەڵام ئەوەی لە پەرستنی ئایین دەردەكەوێت: بڕوابوونە! ئەوەی لە پەرستنی ڕوخسار وەک هێمای تاکایەتی و ڕاڕایی دەردەكەوێت: ناتووندوتیژییە! بڕوابوون، بێهودە بنەماكانی خەساندن دادەپۆشێت! ناتووندوتیژی بنەماكانی خەساندن بە شێوازی جیاواز بەرەوپێشەوە دەبات و لە ڕاڕایی بێهودە نابێت؟!
هەموو ئەو شۆڕشە تەکنۆلۆژی و مرۆیی و کولتوری و جوانیناسی و کۆمەڵایەتیانەی کە جیهان ناسیویەتی؛ گۆڕانکاری ڕیشەیی لە ئیگۆدا هێناوەتە ئاراوە، ناوی ناوە “منی دیجیتاڵی”.. ئەگەرچی ئێمە گەیشتوینەتە ئەوەی، كە لەگەڵ نوقمبوونی خۆمان لە زێدەمەجازیدا؛ هەست بکەین زمانی گێڕانەوەمان لەدەست داوە و بە هۆی لەدەستدانی ئەو زمانەش حەقیقەتی واقیعی پارچە پارچە بووە و ناسنامەكان تێكەڵاوی یەكتر بوونە و هەمیشە لە ئامادەیی چرکەساتی زێدەکلیکی ڕاگوزەردا دەژین.. ئەو هەموو چالاكییە بێ حەسانەوەیە، پێویستی ئازادی و وێنە و ڕوخسارە پیرۆزانە، شتێك دەیانگرێتە باوەش، ئەویش گرژبوونی ماسوولكە دەرەكییەكان و نەخۆشییە دەمارییەكانی سەردەم و ڕاڕاییە.. كەواتە لە چوارچێوەی “لینک”ێکی هەمیشەیی بەستراودا دەژین و چیتر ((بوونەوەری فڕێدراوی نێو زمانی –لاكان-ی نیین)) بەڵكوو بوونەوەرێكی بەستراوین بە ڕاڕایی زێدەكلیكەوە.
لەم قۆناغەدا دانانی پێناسەیەکی نوێ بۆ مرۆڤ، واتە دانانی هاوبەشییەكی کۆمەڵایەتی نوێ لەسەر بەردەوامی پەیوەندی خۆشەویستی و قبووڵكردنی جیاوازیی، كە بەرەو لەدایکبوونێكی زێدەلەدایکبوونەوەمان دەبات.. مرۆڤ چیدی ئەو کەسە نییە، کە کۆنتڕۆڵی دەوروبەر و جیهان دەکات؛ بەڵكوو ئەو کەسەیە، کە بۆ پەیوەندییە جێگیرنەبووەكان لە خۆشەویستی تێدەپەڕێ بۆ زێدەخۆشەویستی؛ مەسەلەکە هەمیشە مەسەلەی ((ئەو شتەیە کە بەردەوام وێڵی بەدەستهێنانین)) ئەویش خۆشەویستییە، تەنانەت کاتێک باس لە جیاڕەگەزبازی دەکەین، هەموو شتێک باس دەکەین بۆ ئەوەی بەردەوام هەنگاو بۆ زێدەخۆشەویستی؛ خۆشەویستی ژیان، خۆشەویستی دایک و باوک و خۆشەویستی منداڵ، خۆشەویستی بۆ خودا و خۆشەویستی پارە، خۆشەویستی بۆ شکۆمەندی و خۆشەویستی بۆ خود، خۆشەویستی بۆ ئەوانی دیكە و خۆشەویستی بۆ ناسینەوە، خۆشەویستی بۆ سیاسەت، خۆشەویستی بۆ شەڕ و خۆشەویستی بۆ ئاشتی.. ئەوەی بەردەوام هەست بە نەبوونی دەكەین و وێڵی بەدەستهێنانین: زێدەخۆشەویستییە.
هەولێر30/5/2025