مرۆڤ چیە؟ کەی بەمانا دەبێ بەمرۆڤ

گوهدار شكری ئاكرەیی
ئێمەی مڕۆڤ بە گشتی بەبێ جیاواز کە چاو دەکەینەوە دێینە ئەم دونیا زەبەلاحە سەرسوورهێنەرەی لە ئەندازە بەدەر ! کە پێناسە ناکرێت چوونکە لەپێناسە هەڵدێت هیچ زانیاریی و ئەزموونێکی مرۆڤایەتی مان پێ نیە تاوەکوو وەک مرۆڤێک بەمانای تەواو بناسرێینەوە .چوونکە گومانی تیانیە ئەقلمان بەهیچ زانیاریەک داڕێژراو بە ئەزموون نەکراوە، تەنیا هەڵگری سیفەتە بۆ ماوەیەکانی باوان و پاڵنەرە فسیۆلۆجییەکانین! وەکوو هەر زیندەوەرێکی تر . جا بۆ زیاتر ئاسانکردن بەباشی دەزانم سەرەتا بەکورت و پوختی ئاماژە بە هەریەک لەسیفەتی بۆماوەیەکانی باوان و پاڵنەرە فیسۆلۆجیەکان بکەین کە خۆیان لەچی دەگرێتەوە. چوونکە ئەوەی گرنگە و مایەی ئاماژە پێکردنە، هەردووکیان ڕاستە پێوستن بۆ مڕۆڤ بوون، بەڵام پەیوەندیان بەمانای تەواوەتی مرۆڤبوون و نا مرۆڤ بوونەوە نیە ! چوونکە هەرچی سیفاتە بۆماوەیەکانی باوانە زیاتر خاسیەتی جەستەیین، وەک رەنگی پرچ و چاو و شێوەی پێست و درێژی وکورتی… هتد. هەرچی پاڵنەرە فسیۆلۆجی یەکانن، بریتین لەپێداویستییەکانی مانەوەی ژیان وەک برسێتی و تینووێتی و خەو هتد وەکوو هەر زیندەوەرێکی تر. کەواتە تاک لەسەرەتای هاتنی بۆ ئەم دونیایە ئەو سیفات و رەوشت و هەستەی کە ئێمە لێرە مەبەستمانە تیا بەدی ناکرێن، تەنیا زیندەوەرێکی کۆمەڵایەتییە ناتوانین ناوی مرۆڤێک بەمانای تەواوی لێ بنێین. چوونکە هیچ زانیاری و ئەزموونێکی پێ نیە بیبەخشێت، تەنها ئەو شتەی پێی دەدرێت وەریدەگرێت .کەچی مرۆڤ بوون بەمانای تەواو، زیاتر دەبەخشێت لە وەی وەریدەگرێت، وە بێجگە لەمانە مڕۆڤ تایبەت مەندی خۆی هەیە، ئەم تایبەت مەندیانەش پێی دراون لە ماوەی نێوان قۆناغەکانی پەروەردەی باوان و سەرەتای خوێندن و ئەو ژینگە و کۆمەلگایەی ژیانی تیا گوزەراندووە . جا ئەوەی ئێمە مەبەستمانە کەی تاک بەمانا دەبێ بە مرۆڤ؟ بێشک بەئاسانی مرۆڤ بەمانای تەواو دروست نابێت. ئەگەر بەو قۆناغە هەستیارانەی ژیانی تاکەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت، شتەکان هەمووی لەسەر بنەمای زانستی و مەنتیقیەت و ڕاستی و دروستی نەبن، چوونکە بەگشتی هەموو تاکێک بەم قۆناغانەی یەک لەدوای یەکی جیاواز لە گەشەی ئەقلی و ڕوبەروو بوونەوەی لەگەڵ ژینگەی دەورووبەریدا تێپەر دەبێت، بەمەش گۆڕانکاری زۆر لەسەر هەلسوکەوت و کەسایەتی و تێگەیشتنیەوە بەدەردەکەوێت . هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە هەندێ تاک بڕوای تەواویان نایه ت بەو هەموو شتانەی کەلەم قۆناغانەی ژیانیەوە پێدراوە ! بەڵکوو هەندێ شت پەسند دەکات، هەندێ شت پەسند ناکات. بەمەش تاکەکە خۆی بەشتێکی تر دەسپێرێ، ئەمیش جیهانی ناوەوەی تاکەکەیە واتە لایەنی عەقلیەتی خۆی . ئەقلیش لەبنەرەتدا نەبەستراوەتەوە بە کاریگەری هیچ یەک لە قۆناغەکانی ژیان، تەنها بە تێگەیشتنی ئەقلی خۆی کەلک لەهەموو ئەزموونەکانی مرۆڤایەتی دەورووبەری خۆی وەردەگرێت . ئیتر تاکەکە خۆی ژیان و جیهانی دەرەوەی پۆلێن دەکا، بەشێوەیەک لە شێوەکان لە جیهان و مانای مرۆڤایەتی تێدەگا، ئەقلی پێ داڕێژراو بە ئەزموون دەکرێت، دەرنجام شێوەیەک لەمرۆڤ بوون وەردەگرێت. مرۆڤێک پڕ بەمانای مرۆڤایەتی دوور لە دەمارگیری بە هەموو جۆرەکانیەوە، توانای لێک جیا کردنەوەی راست و نادروستی شتە یاساییەکان و نایاساییەکان بکا….هتد .بەلام زۆر جار زۆرن ئەوکەسانە کە بەئەقل و بیر کردنەوەو تێگەیشتنی خۆیان وەک (دڕندە) یەک هەڵدەکەوێت تەنیا شێوەی لەمرۆڤە ! کەواتە بەم ڕێگایەش ئەرێنی و نەرێنی خۆی تیایە. ئەمانەش هەمووی ئەوەمان پێ دەڵێن بۆ ئەوەی مرۆڤ بەمانای تەواو هەڵکەوێت، تاکەکە لەسەرەتای دەستپێکردنی ژیانیەوە دەرفەتی گەشەکردنی فکری یان پێویستە لەلایەن کەسە بەتواناکانەوە پێیان بدرێت، تاوەکوو نا ئاگایانە لە ژینگەکانیانەوە وەرنەگرن لە قۆناغە یەک لەدوای یەکەکانی ژیانی. چوونکە لەبیرمان نەچێت هەر ئەوەندەیە مرۆڤ ئەقلی داڕێژراو بەئەزموون کرا بوو بەخاوەن سیفات و رەوشتی تایبەت بەخۆی، ئەم قۆناغە زۆر هەستیارو مەترسیدارە بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە تایبەتمەندی مرۆڤایەتی یان تیا بەدی ناکرێت، یا مرۆڤ بوونیان بەمانای تەواو پێنەداوە، بە مەترسیدار ترین قۆناغە، چوونکە زۆر بەکەمی یا دەگمەنن ئەو مرۆڤانەی گۆڕانکاری بەسەر سیفات و خاسیەتیانەوە بێت، چوونکە رێک سیفات و خاسیەتی مرۆڤ لە سیفەتی مادەی فیزیاوی ( ئاو) دەچێت. کە لەهەر دۆخێک لەدۆخەکانی کارلێکردندا سیفەتەکانی لەدەست نەدات و بۆ دۆخی جاران بگەرێتەوە بە تازەو پتەوتر، بەمەش مڕۆڤ بەردەوام بێت لە خاسیەت و سیفاتی خۆی، بەمانا نەبێت بەمڕۆڤ.