بڕینی مووچە و کەواسوورەکانی بەغدا

‎هاودەنگ فارووق
ناچینەوە سەر مەرامی زاڵمانەی بڕینی مووچەی خەڵكی كوردستان. بەڵام ئەوەی پێویستە هەڵوێستەی جیدی لەسەر بكەین، ئەو كۆمەڵە پەیامانەیە كە سودانی ویستی لەڕێگەی كۆمەڵێك پەرلەمانتاری كوردەوە لە بەغدا بیگەیەنێتە كوردستان.
بێگومان لەئێستادا بەرەو هەڵبژاردن دەچین و، ئەوەش سەلێمنراوە هەر حزب و كەسایەتییەكی عەرەبی زیاتر دژایەتیی كوردستان و پێشكەوتنەكانی و خەونە نەتەوەییەكانی كورد بكات، زیاتر دەنگ دەهێنێت و، ئایندەی سیاسی خۆی مسۆگەر دەكات. بۆیە یەكەم پرسیار بۆ ئەوانەی بوونەتە کواسوور و عەڕابی بەغدا، ئەمەیە: ئایا هەبوونی ئەو ئەقڵیەتە لەناو كۆمەڵگە و شەقامی سیاسیی عێراقی بەرانبەر بەكوردستان، گەورەترین مەترسی نییە؟ ئایا ئەو ئەقڵیەتە سیاسییە شۆڤێنییە سەرچاوەی كێشەكان نییە؟
ئینجا لێرەوە سەیری پەیامەكانی نوسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق بكە، بەهیچ شێوەیەك باسی ئەو پەیامانەی نەكرد كە وەكیلە كوردەكان باسی دەكەن، بەڵام گریمان سەرجەم پەیامەكان، موڵكی سودانین و، سودانی لێیان بەرپرسە، لەو حاڵەتەدا دەبێ بە هۆشیارییەوە بپرسین:
لەكاتێكدا سەرۆكوەزیران باسی دەركردنی یاسای نەوت و غاز دەكات وەك دەرفەتێك بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام ئەوە كێیە پتر لە دەساڵە یاسای نەوت و غازی پەكخستووە؟ پاشان ئایا ئەو دەقی یاسای نەوت و غازەی كەباس دەكرێت، ڕەچاوی دەستوور و دەستەڵاتە فیدراڵییەكان ودەستەڵاتەكانی هەرێمەكانی كردووە؟ یان میكانیزمێكە بۆ گەڕانەوە بۆ سێنتراڵیزەكردنی عێراق؟ پاشان ئایا دەركردنی یاسای نەوت و غاز بۆچی كرایە مەرجی ناردنی مووچە؟ بۆچی پێشتر ئەم مەرجە لەئارادا نەبوو؟ بۆچی پێشتر تەنها چەند مەسەلەیەكی تەكنیكی دەكرایە بیانووی بڕینی مووچە؟ ئێستا بۆچی ئەم مەرجە زیادكرا، كە سەرۆكوەزیران لە هەمووان باشتر دەزانێت نەكورد یاساكەی پەكخستووەو نەئێستاش دەرفەتی دەركردنی یاساكەیە، چونكە بەرەو هەڵبژاردن دەڕۆین؟
خاڵێكی دیكە كە عەڕابەكانی بەغدا نەیانوێراوە، یان نەیانزانیوە باسی بكەن، ئەوەیە: سودانی بەئاشكرا هانیداون دەستوور پێشێل بكەن. هەربەوەی گوتوویەتی هەر وەزارەتێكی هەرێمی كوردستان لیستی مووچە بهێنێت، ڕاستەوخۆ مووچەی پێئەدەین، ئەبوا کەواسوورەکان پێیان بگوتایە: ئایا سەرۆكوەزیران هانی خەڵك ئەدات دەستوور پێشێل بكەن؟ هەنگاوێكی لەوجۆرە لەكوێی دەستووردا جێگەی دەبێتەوە؟
دۆسیەی مووچە بەتەواوی شێوێنراوەو بەردەوام مەرجی نوێی بۆ زیاد دەكرێت، وەك ئەوەی عێراق مامەڵە لەگەڵ دۆڕاوی جەنگدا بكات و، مەرجی خۆ بەدەستەوەدانی بەسەردا بسەپێنێت. هەركات مەرجێكی جێبەجێ دەكرێت، مەرجێكی گەورەتر دەسەپێنێت و، وادیارە ئەم سەپاندنی مەرجە بەردەوام دەبێت تاكو هەموو تایبەتمەندییەكانی دەستەڵات لەكورد وەردەگرێتەوە. بۆیە پێویستە لەو سنورەدا بوەستێنرێت.
یەكێكی دیكە لە مەرجە تازەكانی حكوومەتی عێراق، ئەوەیە ئەڵێت: ئێمە داوای مانگانە 150 ملیۆن داهاتی نانەوتیمان كردووە. ئەمە فاڵگرتنەوەیە یان كایەیەكی یاسایی و ژمێریاریی و داراییە؟ تۆچۆن پێشوەختە دەزانیت داهاتی مانگێك ئەوەندە دەبێت؟ ئەمە فاڵە یان مەرجی تەعجیزی؟.
دواجار، دەركەوت نەڕێككەوتن و نە یاسای پەرلەمان و بڕیاری دادگا و، نە ڕێككەوتنی سیاسی بەرنامەی كاری حكومەت، نەیانتوانی كێشەی مووچە چارەسەر بكەن، چونكە كێشەیەكی ئەنقەستە و عێراق بەئامانجی هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان دروستی كردووە. ئێستا پرسیارەكە ئەوەیە: چۆن دوو سێ پەرلەمانتار دەتوانن چارەسەری بكەن؟ ئەوە ڕابواردنە بەئازارەكانی مووچەخۆران و نمایشێكی ناشرینی پێش هەڵبژاردنە.