لەم ڕاستییە مێژووییانە دڵنیا بن!

عارف ڕوشدی
سەرەتا بەم گوتەیە دەست پێدەکەم: ‘ئەگەر نیشتمانپەروەر نەبیت، نۆکەری داگیرکەریش مەبە’ بەڵام بەداخەوە، لەنێو کوردزمانی ناپاک و کرێگرتەدا، بێویژدانی و ناپاکی گەیشتووەتە ئاستێک کە لەنێو هیچ ناپاکێکی گەلانی دیکەدا وێنەی نییە و لە هەموویان دڕتر و بێحورمەترن. دیاردەی ناپاکی بە درێژایی مێژووی نەتەوەکەمان وەک نەفرەتێک یەخەی پێگرتووە و زیانی هەمەچەشنی لە هەموو بوارەکاندا پێگەیاندووە، بەڵام هەمیشە نووشستی و سەرشۆڕیی بۆیان ماوەتەوە. بۆ نموونە، لە ڕاستییە مێژووییەکاندا:
گەورەقەڵای کوردان لە سنووری ناحیەی (بنگرد)، بە ڕێنوێنیی جاشی ناسراو (پیروتە سووری بەری مەرگە) داگیر کرا.
شێخ عەبدولسەلامی بارزانی، لە ڕێگەی ناپاکێکی کوردزمانەوە، ڕادەست کرا و شەهید کرا.
مەملەکەتی شێخ مەحموودی حەفید لە سلێمانی، بە هۆی ناپاکەکانەوە هەرەسی هێنا.
کۆماری کوردستان لە مەهاباد، بە پشتیوانیی ناپاکی نێو چەند هۆزێکەوە، ڕووخێنرا.
ئێستاش یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەهامەتییەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستاندا، ناپاکی و کەواسووریی چەند دەستە و گرووپێکی پۆپۆلیستیی هەراجە. ئەم کەس و گرووپانە بوونەتە داردەستی شۆڤینییەکانی بەغدا و بە بەرگریکاری بێئابڕووی پێشێلکارییەکانیان هەڵدەستن. بە هاندان و بەخشینی قووتی دەستبەسەرداگیراوی گەلەکەمان لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، لەنێو چەندین کەناڵ و پێگەی ڕاگەیاندنەوە، هزری ژەهراویی خۆبەکەمزانین و ملکەچیی ستەمکاری پەخش دەکەن.
بۆیە پێویستە بە یاسا ئەو کەس و گرووپانە دادگایی بکرێن و بە سزای (ناپاکی گەورە) لە زینداندا زیندانی بکرێن.