شێرکۆ حەبیب
دوا کۆبوونەوەی هێز و لایەن و حزبە سیاسییەکانی کوردستان، رۆژی ٣٠ مانگی ئایار لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هاوینەهەواری پیرمام بە ئامادە بوونی ٤٣ لایەنی سیاسیی کوردستان، و ئامادە نەبوونی چەند لایەنێک بە بیانووی جیا جیا، ئەوانەی ئامادە بوون و ئەوانەی ئامادە نەبوون لە بریارەکانیان ئازاد بوون.
هەندێ لایەن مشتومڕێکی بێ بنەمایان دروستکرد، کە دەبووایە کۆبوونەوەکە لە باڵەخانەی پەرلەمان بووایە، هەڵبەتە هەموو ئاگادارین لە بارودۆخی پەرلەمان و ئەو کۆبوونەوەیە پارتی دیموکراتی کوردستان داوای کرد، هەڵبەتە دەبێ لە بارەگای ئەو حزبە بێت و ئەگەر لە باڵەخانەی پەرلەمانیش سازکرابایە هەر هەمان کەسایەتی ئامادەی دەبوون، هەر دەبوو بە کۆبوونەوەیەکی حزبی، گرنگ نییە لە کوێ کۆبوونەوە ساز بکرێت بەڵکو گرنگ ئەوەیە بۆچوونەکان نزیک دەکاتەوە و ئاڵۆگۆری بیرواڕاکان شروڤە بکرێت و بابەتەکەکان بەیەک هەڵوێست هەڵبسەنگێن رێگا چارەسەری یەک دید و یەک بۆچوونی بۆ دابڕێژرێت، ئەگەر لە پەرلەمان یا سەرۆکایەتیی هەرێم ساز کرابایە هەر هەمان تێڕوانین گفتوگۆی لەسەر دەکرا، ئەم کۆبوونەوەش لە دید و خەمخۆری پارتییە کە هەڵوێستەکان یەک بخرێت و بە یەک دەنگ ڕوو لە بەغدا بکەن، گومان لەوە دانییە ئەم جۆرە کۆبوونەوانە و یەک دەنگی کاریگەری دەبێت لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان و گروتینێکی دیکە دەداتە هەڵوێستی کورد بەرامبەر بەغدا.
ئەو حزبانەی ئامادە نەبوون ئازادن لە بریارەکانیان، بەڵام ئامادە بوونیان دەنگێکی دیکەی دەخستە پاڵ ئەو یەکریزیە و کەس داوای لێنەکردوون لە بەر خاتری پارتی ئامادە بن بەڵکو بۆ یەک هەڵوێستی و بریاری بە کۆمەڵ، ئەگینا پارتی ئەرکی سەرشانی بۆ خزمەتکردن و سازش نەکردن لە مافەکانی کوردستان هەردەم جێبەجێ کردووە، بەڵام پارتی یەک هەڵوێست و یەک دەنگی و یەک بۆچوونی کوردستانیانی لا گرنگە کە ئەمەش زیاتر خزمەت بە دۆزی ڕەوای کورد دەکات، ئەگەر ئەو حزبانە کە دژی ئەو کۆبوونەوە بوون دەبێ ئەوە باش بزانن کەوا واقیعی ئەمڕۆ و دوێنی و ئایندەش هەروا دەبێ کەوا پارتی سەرکردایەتی بزاڤی ڕزگاری خوازی کورد دەکات کە ئەمەش جەماوەر ئەو مافەی پێداوە کە خاوەن زۆرترین دەنگ و پێگەیە لە ناو جەماوەر و قورسایی باوەڕی خۆی هەیە لەسەر ئاستی دەرەکی.