چاویان بە کوردستان هەڵنایە!

عەمەر ئەرگوشی
ئەوەی عێراق بە هەرێمی دەکات بۆ ئەوەیە سنوورێک بۆ ئەو پێشکەوتن و سەرکەوتنانەی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی دابنێت. لە بنەڕەتدا ئەگەر ئەوانەی خەریکی مووچەبڕین و بودجەبڕینن هەندی توزقاڵێک خەمی گەلی کوردستان و هەرێمی کوردستانیان هەبووایە نەدەبا دەستیان بۆ قووتی خەڵک بردبا و، ئەگەر هەندی توزقاڵێک دڵیان بەو پەرەسەندنە بەرچاوە ئابوورییەی هەرێم خۆش با، دەبا وەفایان بنواندبا و کرداری خێر بوونایە بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان زیاتر لەزەت و شادی وەرگرن لەو خزمەتگوزاری و هاوکاریانەی حکومەتی هەرێم لە هەموو بوارێکی ئابووری و تەندروستی و پەروەردەییدا. بەداخەوە یەکێک لە ئەگەرەکان بۆ بڕینی مووچە وەک باسی دەکەن ئەوەیە کە زور پەست بوونە بەو گرێبەستانەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکیەکان و، هەرەوها ناردنی نەوت لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە شيوەیەکی سەربەخۆ. لەمەڕا دیارە کە ئەوانەی بڕیاربەدەستن لە عێراق، هیچ دڵخۆش نین بەو پێشکەوتنانەی هەرێمی کوردستان بە خۆیەوە دەیبینێت و، لە هەوڵی بەردەوامدان گرفت بنێنەوە بۆ هەرێم و گەڕاندنەوەی بۆ بن دەسەڵاتی خۆیان.
شتێک لەمە بەدیار دەکەوێت کە ئەوان هەرێمکی لاوازی وایان گەرەکە لە بڕیار و فەرمانیان دەرنەچێت و، پێیان ناخوشە ببین بە خاوەنی ئابوورییەکی سەربەخۆ، چونکە هەنگاوێک زیاتر لە سەربەخۆییەوە نزیکە، بە هیچ شێوەیەک پێیان خۆش نییە هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن پێگەیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی لە هیچ بوارێکدا بتوانێت پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت و لەسەر پێ راوەستێت، ئەم هەوڵەی مووچەبڕین هەوڵێکی نەزۆک و پڕ شەرمەزارییەی مەبەست لێی سزادانی خەڵکی کوردستان و بەربەست دروستکردنە لە رێگای ئەو هەوڵ و پێشکەوتنانەی حکومەتی هەرێم. ئەم مووچەنەناردنە کۆک و تەبایە لەگەڵ سیاسەت و مەرامە گڵاوەکانی ناحەزانی کوردستان کە هەموو شێوە و مێتودێک بەکار دێنن بۆ زیانگەیاندن بە هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی، کە ئەمەش دژ و دژمنی ئەو دەربڕینانەیە کە رۆژانە دەیڵێنەوە وەک پێکەوەژیان و تەبایی و برایەتی و یەکڕیزی، ئەو رەفتارانە دوورن لە گیانی برایەتی و دژی ئەو هەوڵانەن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیدات لە پێناو عیراقێکی دیموکراتیک و یەکگرتوودا. هەموو ئەوانەی دەستیان هەیە لە بڕینی قووتی خەڵک چاک دەزانن کە ئەمە نە یاساییە و نە دەستووری و، کارێکی دژە مرۆڤایەتییە و، کراوەتە بابەتێکی سیاسی بۆ سزادانی خەڵکی کوردستان. پێشتريش و، نەک لەمێژە هەندێ هێزی عێراقی درۆنیان ئاراستەی هەرێم دەکرد بە هەمان مەبەستی سزادانی خەڵکی کوردستان. خەڵکی کوردستانیش پشتقایمن بە دەسەڵاتی سیاسیی خۆیان و، لە خوای گەوەرە دەپاڕێنەوە ئەگەر عیراقییەکان ئامادە نین بەخشیشێک بە کورد بدەن، با زیانمان پێ نەگەیێنن. نە درۆن بنێرن نە مووچە ببڕن و، نە شەڕ بنێنەوە.