ئامانج نوری
تەقییە “التقیة”، لە مەزهەبی ئایینی شیعییدا، واتە هەڵوێست دەربڕین و بڕیاردان پێچەوانەی خواستی شاراوەی ناو ناخی کەسێک، گروپێک یان دەسەڵاتێکی ئایینی، تێپەڕاندن و دەربازبوون لە مەترسییەک لەسەر ژیان و ماڵ و مەزهەب ، بەجۆرێک کە زیان بە تاکەکە یان مەزهەبەکەی و دەسەڵاتە ئایینییەکە بگەیەنێت.
گرنگ نیەو ئەکرێت، تاکەکان، کۆمەڵگەی شیعی یان دەوڵەت و دەسەڵاتە ئیداری و سیاسییەکەی پێڕەوی تەقییەی بۆ بکەن، وەک جۆرێک لە چاوبەستکردن یان فریودان و خەڵەتاندن، تاکاتی ڕەوینەوەی دۆخە ناجۆرەکە، پاشان پاشگەزبوونەوە کارکردن پێچەوانەی بەڵێنەکان بەئاڕاستەی ئامانجە شاراوەکان.
لای سوننەکان، مەبەست و ڕەوایی پێدانی جیاوازەو ناچینە بابی ئەو ڕەهەندە فیقهی و ئایینییە، کەکرۆکی ئەم باسە نیین..
مەبەستمە، بەم نووسینەم وەک یەکەم لێکدانەوە لەبواری سیاسی کوردیدا، ئەنجامدانی “تەقییەی سیاسی” لەبەرامبەر گەلەکەمان و مافەکانی، لەسەر دەستی مەزهەبییەکان ئاشکرا بکەم.
لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا ، هەندێک نمونەی دیار لەتەقییەکردن هەبوون، وەک ؛
* ئایاتوڵا خومەینی، سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئێران بەسەر شادا، بەڵێنی دا ئازادیی گەلانی ئێران بپارێزرێ و دەسەڵاتی ئایینی پێک نەهێنێت، بەڵام دوای جیگیربوون، کۆماری ئیسلامی راگەیاندو کەوتە وێزەی گەلانی ئێران و سەرکوتی کردنیان!
* لە 2015 دا رێککەوتنی ئێران و فەتوای ڕابەر لەگەڵ ئەمریکاو ئەوروپا، لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەچاودێری و سەرپەرشتی ئاژانسی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێککەوتن ئیمزاکرا ، بەڵام دوای پێنج سال ئێران ئاڕاستەکەی پێچەوانەی پەیمانەکانی گۆڕی، ئێستە خاوەنی چوارسەدو هەشت کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوو ڕێژەیەکیش لەوە لەئاستی بەرزی پیتاندنەو نزیکە لەگەیشتن بەچەکی ئەتۆم و قەیرانێکی جیهانیی زادەیەتی.
* سەرەتای پرۆسەی ئازادی عیراق، بە تەکلیفی مامجەلال، هاوپەیمانان تەنها رێگەیان دا بە سەدەو پەنجا تا دووسەد کەسێک، لە شیعەکانی دژ بەسەدام، کە “بەبێ چەک” لەگەڵ محمد باقر ئەلحەکیم، بگەڕێنەوە خاکی عیراق، بەڵام تەواوی هێزی ڕێکخراوی بەدریان بە بێ چەک کرد بەخاکی عیراقدا، پاشماوەی چەکی سوپای عیراقیان کۆکردەوەو هێزی جۆراوجۆریان لێ دروستکردو تا ئەمڕۆش جێی هەڕەشەن!
* سەرەتای ئامادەکاری بۆ نووسینەوەی دەستووری عیراق لە 2005، ڕێکەوتنیان لەگەڵ کورد کرد، کەسەرۆکی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری عیراق کوردێک بێت “د. فوئاد مەعسوم” ، بەڵام، لەگەڵ تەواوبوونی نیسابی لیژنەکە، “هومام حەمودی”یان کاندیدکردو بەدەنگی زۆرینەی خۆیان لەناو بیست وپێنج ئەندامی لیژنەکە سەپاندیان!
* بەدرێژایی ماوەی دەسەڵاتیان لەعیراق، لەزۆربەی گرێ کوێرەکانی ناو پەرلەماندا کە پەیوەست بوون بەمافەکانی خەڵکی کوردستانەوە، هەر لەمادەی سەدوچل، بودجەی سەدا حەڤدەی کوردستان ، پێکهێنانی کابینەکانی حکومەت، سەفقەی ئۆکتۆبەر بە تەسلیم کردنەوەی کەرکووک بەحەشد، رێککەوتنەکان لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان..تاد، هێزە سیاسییەکانی کوردو سەرکردەکانیان بەستەوە بە ئیتیفاقاتی سیاسی، دواتر کە ڕەگەزەکانی هێزیان کەوتەوە دەست، لە هەموویان پاشگەزبوونەوە ، ئیمزاکانیشیان تەنها مەرەکەبی سەر کاغەز بوون!
ئێستا؛
* لەدەستووری عیراق پاشگەزن و بەئینتیقائی دانی پێدا ئەنێن، یان کاری پێ ئەکەن.
* لەسیستمی فیدڕاڵی پاشگەزن و دەسەڵاتی مەرکەزی زۆرینەیان ئەوێت!
* لە بنەماکانی شەراکەت و تەوافوق پاشگەزن و زۆرینەو کەمینە پەیڕەو ئەکەن!
* یاسای نەوت و گازیان خستۆتە ڕەفەکان، چاوەڕوانی خولێکی پەرلەمانن کەتێیدا زۆرینەی رەهایان هەبێت، تا بەویستی خۆیان، بینووسنەوەو بیسەپێنن.
* دواهەمین قۆڵکردنی کوردیش، رێککەوتنەکەی سەرەتای 2025 بوو لەسەر مووچەی کوردستان، کە بەیەک بڕیاری تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق، هەڵیان وەشاندەوەو مووچەیان ڕاگرت.
بەبڕوای من؛
هیچ کام لەوانەی باسمکردن، ڕێکەوت نەبوون، ئەم هێزانەی ناو ئیتاری تەنسیقی شیعی، پێڕەوی ئەو شێوازە لە “تەقییە” ئەکەن، بە ڕێککەوتن وکات کوشتن تابەهێزبوونیان مسۆگەر ئەبێت، دواتر پەشیمان ئەبنەوەو، کورد وتەنی “قوڵ” ئەبڕن.
هەر چەند، لەگەڵ بنەمای لێکدانەوەی هەندێک لەمەراجعەکانیان ئەم جۆرە لە تەقییەکردن ناجائیزە، بەڵام هێزو دەسەڵاتە سیاسی و مەزهەبییەکانیان، پیادەی ئەکەن، بۆ چەسپاندن و مانەوەی یەکجارەکی ئیدارەو دەسەڵاتەکەیان لەعیراق و کوردستان، تا کۆتایی و سڕینەوەی هەموو نەیارو جیاوازەکانیان، چ لە مەزهەب، چ لەنەتەوەکان و پێکهاتەکانی تر.
هەموو ئەوانەش جگە لە مەفهومی “تەقییە” ،تەفسیرێکی تر هەڵناگرن.. .
سەنگی هاوکێشە نوێیەکان، ئێستە جیاوازن، نەکورد بە زەلیلی و بێ هێزیی و بێ پشتیوانیی جاران ماوەتەوە، نەدژو دوژمنەکانیشی بە بەهێزیی و پڕ چەکیی و پڕ پارەو پشتگیریی جارانیان ماون..
کاتی ئەوەیە، کوردو هێزە سیاسی و نەتەوەیی و جەماوەرییەکانی، سیاسەتێکی نوێ، بەریتمێکی نوێ، بە خوێندنەوەیەکی نوێ، لەم هاوکێشە نوێیەدا، بیرو بڕیارو جووڵە بکەن..
چیتر “تەقییە” ی تائیفییەکان، بەسەرماندا تێنەپەڕێت، قۆڵمان نەبڕدرێت..!
لەدزی و گیرفان پڕکردن و شڕەخۆری وبەرماوە لستنەوەی دەفڕی کێکەکان، دوور بکەونەوە.
ئەوەی بەخوێن و نەهامەتی و ئازار بەدەست هاتووە، بە کڵاوێکی چڵکن، لەسەر مێزی گفتوگۆکان، لەدەست نەدرێت ..