هەندێك لە ئادابی ڕۆژی عەرەفە و جەژن و قوربانی

عومەر چنگیانی
بەپێی ڕۆژژمێر و پێوەرە شەرعییەکان ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 6ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربانی ساڵی 1446ی كۆچییە، جا چونکە لەڕووی شەریعەتەوە لەم چەند ڕۆژەی سەرەتای مانگی زیلحیجە و تا ڕۆژی ١٣هەمینیش کۆمەڵێک خواپەرستی تایبەتی هەیە، بە ئەرکی دەزانم گوڵخەرمانی ئەمجارەم تایبەت بکەم بە وەبیرهینانەوەی بابەتی سەردێڕ.
(كورتەباسێكی سێ جۆر خواپەرستی:
یەكەم: ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە: لەو ڕۆژەدا بۆ ئەوانەی لە حەج نەبن، رۆژوو زۆر خێرە و ئیمامی موسلیم، ڕەحمەتی خوایان لێ بێت، بۆمانی دەگێڕێنەوە لە پێغەمبەرەوە دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێ، كە فەرموویەتی: “وا چاوەڕوان دەكەم، كە خوای گەورە ڕۆژووی ڕۆژی عەرەفە بە پاككەرەوەی گوناهی دوو ساڵ دابنێت، ساڵێكی ڕابردە و ساڵێكی دانەهاتوو.” (1)
هاوكات زۆر گوتنەوەی “الله اكبر” و “لا اله الا الله” و “الحمد لله”، كە ئیمامی بوخاری ڕەحمەتی خوای لێ بێ، دەفەرمێت: “عەبدوڵڵای كوڕی عومەر و ئەبوهورەیرە، خوایان لێ ڕازی، لەم چەند ڕۆژەدا، دەچوونە نێو بازاڕ، دەنگیان بڵند دەكردەوە بە گوتنی (اللە اكبر) و، كە خەڵك گوێیان لەوان دەبوو، ئەوانیش لە دوویان دەگوتنەوە.” (٢)
دووەم: هەندێك ئادابی جەژنی قوربان:
1. پێویستە بڕوادار بایەخێكی زۆر بدات بە وەسەركردنەوەی فەقیر و هەژار و بەتایبەتی خزم و بندەست و، نەهێشتنی نەنگییەكان بدات لەگەڵ هەركەس كە لێكتۆران و دەنگدابڕینێكیان لەنێواندا هەبووبێت.
2. هەركەس بەپێی توانای، هەوڵ بدات جەژنی پێوە دیار بێت؛ یارانی پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوایان لەسەر، فەرموویانە: “پێغەمبەر دروود و سڵاوی خوای لەسەر، فەرمانی ئەوەی پێ داین، لە جەژنی ڕەمەزان و قوربانیشدا، جوانترین بەرگمان بكەینە بەر و بە باشترین بۆنێک، كە هەمانبێت، خۆمان بۆنخۆش بكەین.” (٣)
3. هاوكات باش وایە هەركەس بەپێی توانای خۆی، دڵی ماڵ و منداڵی خۆش بكات، كە زانایان دەفەرموون: “خۆشگوزەرانكردنی ماڵ و منداڵ، لە ڕۆژانی جەژندا بۆ ئەوەی خۆشییان پێ بگات و دەروونیان ئاسوودە ببێت و ماندوویەتیی ڕۆژانی پەرستنیان بحەوێتەوە، كارێكی شەرعییە.” (٤)
سێیەم: ئادابی قوربانیكردن: خوای گەورە، لە سیوشەشەمین ئایەتی سوورەتی”حەج”دا دەفەرمێت: “سەربڕینی ئاژەڵی قوربانیکراومان كردووە بە نیشانەی بەگەورەگرتنی كارە بەهادارەكانی خوا، كە ئەو قوربانیكردنەیش، سوود و قازانجی خۆتانی تێدایە.” لێرەوە دەزانین، پێویستە بڕوادار لەوە ئاگادار بێت، كە قوربانیكردن سونەتێكی زۆر گەورەی پێغەمبەرە دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێ و، كەراهەتی هەیە بۆ كەسێك بتوانێ بیكا و كەمتەرخەمی بكات؛ قوربانیكردنیش دەبێ بە وشتر و مانگا و گا و چێل و بزن و مەڕ، بكرێ و، هەر یەك لەوانە ئەگەر یەكچاو بێ و، یەكچاوییەكەی زۆر پێوە دیار بێ، یان نەخۆش بێ و نەخۆشییەكەی پێوە دیار بێ، یان شەل بێت و شەلیەكەی پێیەوە دیار بێ، یان لاواز بێ و كاری كردبێتە سەر گۆشتەكەی، بۆ قوربانی ناشێن و نابن. (٥) كاتی قوربانیكردنیش لە دوای نوێژی جەژنی قوربانەوەیە، چونكە پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لەسەر، دەفەرمێت: “یەكەم كارێك كە لەمڕۆماندا دەستی پێدەكەین، نوێژی جەژن دەكەین و پاشان دەگەڕێینەوە، قوربانییەكانمان سەر دەبڕین و گەر كەسێك ئەوها بكات، ئەوە وەك سوننەتی ئێمەی كردووە، ئەگەر كەسێكیش بەر لە نوێژی جەژن سەری بڕیبێت، ئەوە گۆشتێكە پێشكەشی كردووە بە ماڵی خۆی و پەیوەندیی بە قوربانییەوە نییە.” (٦) دەبێ لەوەیش ئاگادار بین، كە سوننەتە ئەو كەسەی قوربانییەكە دەكات، ئەگەر بتوانێت بۆ خۆی سەری ببڕێت و بسم الله والله اكبر بكات و بە دەم بڵێت: خوایە ئەمە لەباتی خۆم، یان لەباتی ئەو كەسەی، كە بۆی سەر دەبڕێت، ئەگەر بۆ خەڵكی دەكرد.
دابەشكردنی گۆشتی قوربانی
سوننەت وایە ئەو كەسەی، كە قوربانی دەكات، بۆ خۆی لە قوربانییەكەی بخوات و بە دیاری بۆ خزم و دراوسێكانیشی بنێرێت و لێیشی بكات بە خێر و بینێرێت بۆ هەژاران، چونكە خوای گەورە لە بیستوهەشتەمین ئایەتی سوورەتی”حەج”دا دەفەرمێت: “ئێوە لە قوربانییەكانتان بخۆن و بەشی بێدەرەتان و هەژارانیشی لێ بدەن.” لە سیوشەشەمین ئایەتی هەمان سوورەتیشدا دەفەرمێت: “لەو قوربانیەی کە دەیکەن، هەم خۆتان لێی بخۆن و، هەم بەشی ئەو هەژارانەیشی لێ بدەن كە داوای دەكەن و، بەشی ئەوانەیش، كە خۆیانتان نیشان دەدەن و ڕوویان نییە داوا بكەن.” هەندێك لە یاران دەچوون قوربانییەكانیان دەكردە سێ بەشەوە و بەشێكیان بۆ خۆیان دادەنا و بەشێكیشیان دەكرد بە دیاری بۆ زەنگینەكان و بەشی سێیەمیشیان دەدا بە هەژاران، بە هیچ شێوەیەك، نابێ لە بریتی ماندووبوون و هەقدەس، بەشی قەسابەكەی لێ بدرێت.”
پەراوێزەكان:
1. فی صحیح مسلم برقم 1162 سئل عن صوم یوم عرفە فقال یكفر السنە الماضیە والباقیە”.
2. ”كان ابن عمر وأبو هریرە (ر)، یخرجان إلی السوق فی أیام العشر یكبران ویكبر الناس بتكبیرهما). وقال: (وكان عمر یكبر فی قبته بمنی فیسمعه أهل المسجد فیكبرون ویكبر أهل الأسواق حتی ترتج منی تكبیرا). وكان ابن عمر (رض)، یكبر بمنی تلك الأیام، وبعد الصلوات وعلی فراشه، وفی فسطاطه، ومجلسه، وممشاه تلك الأیام جمیعا”.
3. ” (أمرنا رسول الله(ص)، فی العیدین أن نلبس أجود ما نجد وأن نتطیب بأجود ما نجد) سبل السلام ج 3 ص 248”.
4. ” التوسعە علی العیال فی أیام الأعیاد بما یحصل لهم من ترویح البدن وبسط النفس من كلف العبادە فهو مشروع) سبل السلام ص 241، ج3”.
5. (أربعە لا تجزی فی الأضاحی: العوراء البین عورها والمریضە البین مرضها، والعرجاء البین ضلعها، والعجفاء التی لا تنقی..) ترمذی
6. ” (إن أول ما نبدأ به یومنا هذا أن نصلی ثم نرجع فننحر، فمن فعل ذلك فقد أصاب سنتنا، ومن ذبح قبل ذلك فإنما هو لحم قدمه لأهله لیس من النسك فی شیء) متفق علیه”.