ڕێژەی دەرچوون و هەڵسەنگاندنی دادپەروەرانەی قوتابخانەکان

بەكر كەریم حەسەن
(ئەمیلیا ئیرهان) نووسەری ئەمریكی دەڵێ”قورستترین شت بڕیاردانە، ئەوەیتر كە دەمێنێتەوە تەنها پێویستی بە خۆڕاگرییە “.
لە ژێر ڕۆشنایی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە تایبەت بە هەڵسەنگاندن کە لەمەودوا هیچ پێورێك لە سەر ئاستی تاك بۆ ناساندنی ئاستەكانی(یەكەم،دووەم…) ڕانەگەیەنرێت، و بنەمای هەڵسەنگاندن بگۆڕێت بە شێوازی زانستییانە تر لە سەر بنەمای ڕێژە و تێكڕایی نمرەی دەرچوونی قوتابییان هەر قوتابخانەیەك دوایی ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی خوولی دووەم.
خۆی لە خۆیدا بڕیارێكی پەروەردەیی زانستی دروستە، چونوكە هەڵسەنگاندنی قوتابخانە لە سەر بنەمای ڕێژەی دەرچوونی قوتابییان هۆكارێكی دادپەروەرانەیە بۆ پێوانەكردنی ئاستی ئەدای فێركردنی قوتابخانە.
ئاشكرایە ڕێژەی دەرچوون نیشاندەرێكی گرنگە و دەرخەری توانا و دڵسۆزی ئەدای فێركردنی مامۆستایانی قوتابخانەكەیە، لە هەمان كاتدا توانایی قوتابخانەكە بە گشتی دەردەخات. جودا لە نمرەی بەرزی تاك كە زۆرجاران قوتابی هەبووە بە بەردەوامی لە هەر قوتابخانەیەك خوێندبێتی نمرەی بەرزی هێناوە بە شێوەی خۆڕسك زیرەك بووە، و هەڵسەنگاندنی قوتابخانە لە سەر بنەمای نمرەی بەرزی تاك نابێتە هەڵسەنگاندنێكی گشتی دادپەروەر و زانستییانە، ئەو شێوازەی هەڵسەنگاندنە هانی قوتابخانەكان دەدات زیاتر گرنگی بە رێژەی دەرچوونی گشتی قوتابییان بدەن و كێبڕكێ و مڵملانێ بكەن لە سەر بەدەستهێنانی بەرزترین رێژەی دەرچوون، كە دادپەروەری و زانستیانەیە بۆ هەموو قوتابخانەكان چ ژمارەی قوتابییان زۆر بێت یان كەم بێت گرنگ ڕێژەی دەرچوونەكەیە ئەوەش دەرئەنجامە.
لێرەدا قوتابخانەكان دیدگایان ڕۆشنتر و دوور مەوداتر دەبێت تاوەكوو بتوانن لە ساڵانی داهاتوودا گرنگی و بایەخیان بە كۆی گشتی قوتابییان بێت و هەوڵبدەن زۆرترین ڕێژەی، قوتابییان دەربچێت و ڕێژەی دەرچوونیان بەرز بێت. ئەوەش وا دەكات بەرێوەبەر و دەستەی كارگێڕیی و مامۆستایان زیاتر هاوكاری یەكتر بن و ژینگەیەكی ئارام و پارێزراو لە ناو قوتابخانە بۆ قوتابیەكانیان مسۆگەرتر بكەن و پێداویستییەكان فەراهەم بكەن، لە بیرمان نەچێت دەتوانین ڕێژەی دەرچوون بە كار بهێنین بۆ دیاری كردنی خاڵی لاواز و بەهێزی قوتابخانە ئەوكات دەتوانرێ پلان دابنرێ بۆ چاكتر كردن و بەرەوپێشبردنی ئەدای فێركردن و بەرزكردنەوەی ڕێژەی دەرچوون لە داهاتوو. و ڕێژەی دەرچوون دەرئەنجامێكی یەكلاكەرەوە و حاشاهەڵنەگرە بۆ ئاستی مامۆستایان و قوتابخانەكەش. ئەلێرەدا كێبڕكێ و مڵملانێی زانستیانە دروست دەبێت لە نێوان قوتابخانەكان و مامۆستایان، لەگەڵ بەشداری پێكردنی زیاتری كەسوكاری قوتابیان بە گشتی بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی قوتابییان و هێنانی نمرەی بەرزتر و دەرئەنجام ڕێژەی دەرچوونیش زیاتر دەبێت.
گرنگە لە كۆتایی وتارەكە ئەو خاڵە بە بیر هەموولایەك بهێنمەوە چیتر قوتابخانەكان لە هەوڵی ئەوەدا نابن كە بەدوای قوتابی هەرە زیرەك بگەڕێن و بیهێننە قوتابخانەكەیان، تەنها بۆ ئەوەی لە كۆتایی ساڵ قوتابخانەكەیان لە پەنای ئەو قوتابییە تاكانە بناسێنن ڕیکلام بۆ قوتابخانەکانیان بکەن كە پێشتر قوتابی قوتابخانەكەیان نەبووە، بەڵكوو دەبێت لەمەودوا قوتابخانەكان بناسرێن بە رێژە و تێكرایی نمرەی دەرچوونی قوتابیەكانیان بە بەراورد بە قوتابیانی گشتی قوتابخانەكەیان بە پێی قۆناغەکان كە ئەوەش داواكراوەكەیە.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی