ژینگەی هۆڵی تاقیکردنەوە

ئاری ئاغۆک
ئەنجامدانی تاقیکردنەوە لە ناوەندەکانی خوێندن لە هەر قۆناغ و ئاستێکدا بێت پێویستە زۆر بە وریایی مامەڵەی لە گەڵدابکرێت، چونکە زۆرجار باس لە شڵەژانی دەروونی و ترس و دڵەڕاوکێی قوتابی کراوە بەرامبەر بە تاقیکردنەوەی کۆتایی ساڵ و بە تایبەت قۆناغی ١٢ـی ئامادەیی، بۆیە لە وتارە پەروەردەییەکانی دیکەم، باسمان لە ڕەهەندە جیاجیاکانی ئەو قۆناغ و ئەو کاتە زێڕینە کردووە، کە لە چەندین دیدگاوە شرۆڤە کراوە، بەتایبەتی پەیوەندی نێوان ماڵبات و قوتابی، دواتر مامۆستا و چاودێری هۆڵ و هتد، بەڵام ئەوەی لێرەدا مەبەستە باسی بکەم بریتیە لە لایەنێکی گرنگ و بابەتێکی هەستیار، ئەویش شوێنی تاقیکردنەوەی قوتابی و ژینگەی دەوروبەریەتی، بێگومان هەموو کاتە چارەنووسسازەکان بۆ ئەو کات و شوێنە دەگەڕێتەوە کە قوتابی وەڵامی پرسیارەکانی لێ دەداتەوە، کە پێی دەڵێن (هۆڵی تاقیکردنەوە)، بۆیە زۆر گرنگە بەڕێوەبەری پەروەردە و بەرپرسی ئەزموونەکان و بەڕێوەبەر و مامۆستا و چاودێرانی هۆڵ، بتوانن لەو دەرفەتە زێڕینەی قۆناغی ١٢ ئەو ژینگە لەبارە بۆ قوتابی دروست بکەن کاتێ وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە ژینگەیەکی فراوان و جوان و جیاواز بڕەخسێنن، لەم ڕوانگەیەوە دەتوانین مەبەستە پەروەردەیی و ژینگەییەکان دەربارەی هۆڵی تاقیکردنەوە لە چەند خاڵێک دەستنیشان بکەین.
١- ژینگە دەروونیەکەی قوتابی:
پێویستە بەر لە هەموو شتێک هەوڵ بدرێت مامۆستا و چاودێرانی هۆڵ، ڕەچاوی ژینگەی دەروونی قوتابی بکەن، بۆ زاڵبوون بەسەر ترس و دڵەڕاوکێ، ڕەنگە یەک ئاماژەی مامۆستا و چاودێری هۆڵ، یا لە پرسیارکردنێکی سادە، ئەگەر وەڵامدانەوەکە بە شێوەیەکی نەرێنی بێت، ژینگەی دەروونی بەرەو پەرتەوازەیی بچێت و خەیاڵ و بیرکردنەوەی قوتابی بەرەو ئاراستەیەکی تر ببات، یاخود بە ورووژاندنی پرس و بابەتێکی دیکە قوتابی بەرەو هیلاکیی دەروونی بچێت، ئەو کات کاریگەری لەسەر وەڵامدانەوە و ئەنجامەکەی دەبێت، بۆیە زۆر گرنگە ژینگەی دەروونی قوتابی ڕەچاو بگیرێ، بۆ ئەوەی لە کاتی وەڵامدانەوە هەست بەهیج ترس و دڵەڕاوکێیەکی دەروونی نەکات.
٢- دەنگ و ژاوەژاو:
هەر دەنگێکی دوور لە پرسیار و وەڵام و بابەتی پەیوەست، ئەوا بە یەک وشە، یاخود یەک ریتمی نەشاز بێت ئەوا کاریگەری لەسەر دەروونی قوتابی دەبێت، بۆیە ژاوەژاوی ژینگەیی بەشێکی گرنگە لە کاریگەرە خراپەکانی ژینگەیی و دەروونی، بەداخەوە زۆر جار ئەو ژاوەژاوە لە لایەن خودی قوتابی یەوە دروست دەبێت و پاشان بەرەو ئاڵۆزتر و خراپتر دەچێت، دواجار هەر خودی قوتابی یە کە زەرەرمەند دەبێت و جگە لە کات بەفیڕۆدانی ئەو قوتابیەی کە ژاوەژاو دروست دەکات، ئەوا کاریگەری دەبێت لەسەر کۆی گشتی قوتابی و سەرجەم ئامادەبووانی هۆڵ، کە دەبێتە دەرەنجامێکی خراپ بۆ هەمووان، بۆیە چەندە دوور بن لە دەنگ و ژاوەژاو و هێمنی پارێزراو بێت ئەوا کاریگەری ئەرێنی دەبێت بۆ هەمووان.
٣- فێنکی و کەشێکی لەبار:
بێگومان زۆر جار بە هۆی پلەی گەرما و کەشی خراپی نێو هۆڵەوە، قوتابییەکی زۆر ئاستبەرز نەیتوانیوە، لە ژینگەیەکی لەبار خۆی بدۆزێتەوە، ناچار بە خێرایی یاخود بە خراپی وەڵامی داوەتەوە، کەچی هەر هەمان قوتابی، لە ژینگەی لەبار و فێنک لە هەمان بابەت و پرسیار، ئەوا توانیویەتی بە ئاسانی وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، بۆیە ئەمەش یەکێکە لەو حاڵەتانەی پێویستە بەرپرسانی پەروەردە و بەڕێوەبەر و مامۆستایان بەهەندی وەربگرن.
٤- دیمەنی جوان و سەرنجڕاکێش:
لە ڕوانگەی دەروونییەوە هەر دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێش، ئەوا ڕاستەوخۆ کاریگەریی هەیە لەسەر ژینگە و بیرکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە، بۆیە ئەگەربێتو هۆڵی ئەزموونەکان دیمەنێکی کراوە و بۆیەی دیوار و دەورووبەر رەنگێکی کراوە و جوان بن، ژینگەی هۆڵ بەشێوەیەکی سەرنج ڕاکێش بێت، بێگومان هەستێکی خۆش لای قوتابی دروست دەبێت، بۆیە گرنگە بە دیمەنی جوان، کەشێکی لەبار، بۆ دیدگای قوتابی دروست بکرێت.
٥- بوونی گوڵ و گوڵزار:
گوڵ و گوڵزار لە هەر شوێنێکدا هەبێت، سەرنج و جوانی و تێڕامانی خۆی هەیە بۆ ئەو کەسانەی لەو شوێن و ژینگەیەدان، هۆڵی تاقیکردنەوەش وەک شوێنێکی گرنگ و بایەخدار و هەستیار، پێویستە بە گوڵ و گوڵزاری نێو مەرکان و باخچە و ئەو دیوی پەنجەرەی ڕوانین گرنگیی پێ بدرێت، بێگومان لەم حاڵەتە کاریگەریەکی باشتری دەبێت، بۆ ئاست و ڕوانین و جوانبینی قوتابی، بۆیە گوڵ و گوڵزار، هەروەها نەمام و سەوزایی لە دەورووبەری هۆڵ، بێگومان کار دەکاتە سەر قوتابی.
ئەم خاڵانەی کە باسمان کردن و ڕەنگە چەند خاڵێکی دیکەش هەبن کە تایبەتە بە ژینگەی هۆڵی تاقیکردنەوە و قوتابی، پێویستە بەهەند وەربگیرێت، ڕەنگە ڕیژەیەکی ئێجگار زۆری ناوەندەکانی خوێندن بایەخیان بەم لایەنە دابێت، بەڵام بۆ وەبیرهێنانەوە ئەوا پێویستە هەمووان گرنگییەکی زیاتر بەو پرس و بابەتە بدەن.
*بەرپرسی ژینگە و تەندروستی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی پەروەردەی هەولێر