سەگڤان هالو
هەر لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق، ڕژێمە سیاسییە یەک لەدوای یەکەکانی ئەم وڵاتە، چ لە سەردەمی پاشایەتی بێت یانیش کۆماری، هیچ ئامرازێکی ماددی و مەعنەوی نەماوە دژ بە گەلی کوردستان و دۆزە ڕەواکەی بەکار نەهێنن، لە هەموو قۆناغەکاندا بە مەبەستی تواندنەوەی کورد لەژێر قەڵەمڕەویی خۆیاندا.
گەلی کوردستان قوربانییەکی زۆر و زەوەندی داوە لەپێناو وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی خۆیدا و عەقڵی شوڤێنیی ئەم وڵاتە هەموو کات بە ئاگر و ئاسن ڕووبەڕووی گەلی کوردستان بووەتەوە و ئامادە نەبووە ددان بە مافەکانیدا بنێت.
کاتێک دیکتاتۆرییەت و تۆتالیتارییەت حاکم بێت لە وڵاتێکدا، چۆن دەتوانێت ڕێز لە مافەکانی بەرامبەرەکەی بگرێت؟ بەڵکو تا پێی بکرێت هەوڵی لەناو بردن و تواندنەوەی دەدات، و هەر ئەمەش ڕوویداوە لە عێراقە شوڤێنییەکەدا.
شایانی باسە عەقڵیەتی سیاسیی عێراقەکەی پێش 2003 و دوای 2003، هەمان عەقڵیەتە و هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە. تەنیا ئەوەیە دوێنێ سوننە حاکمی عێراق بوو، ئەمڕۆش شیعە. ئێستا زۆرینەی شیعە حوکمی ئەم وڵاتە دەکەن و پەیڕەوی هەمان عەقڵی سیاسی دەکەن و لە دژایەتیکردنی گەلی کوردستان هیچ جیاوازییەکیان نییە. پێکهاتەی سوننە پێشتر بە ئاگر و ئاسن و چەکی کۆمەڵکوژ شەڕی کوردیان دەکرد، ئەمڕۆش زۆرینەی شیعە شەڕی برسیکردنی گەلی کوردستان دەکەن. هەردوو جۆرە شەڕەکە یەکسانن بە ئەنفالکردنی گەلی کوردستان و لەناو بردنی ئەم گەلە.
عێراقی ئەمڕۆش جیاوازیی نییە لەگەڵ عێراقەکەی پێش 2003، چونکە دەسەڵاتدارانی عێراق نە خاوەنی ئیرادەیەکی سەربەخۆی خۆیانن و نە هیچ بڕوایەکیان بە گیانی دیموکراسی هەیە.
ئەزموونەکانی عێراق زۆر بە ڕوونی دیارن و ئەوەمان پێشان دەدەن کە بیر و هزری شوڤێنی لەم وڵاتەدا، جا هزری نەتەوەیی بێت یان تایفی و ئایینی، لە کۆتاییدا هەر شکست دەهێنێت. شوڤێنییەکانی وەک خەزعەلی پێشتریش هەبوون دژایەتیی گەلی کوردستانیان کردووە، بەڵام نە ئەوان و نە خەزعەلی و نە دوای خەزعەلییەکانیش ناتوانن شکست بە ئیرادەی پۆڵایینی گەلەکەمان بهێنن. وەک چۆن لە ڕابردوودا شکستیان خوارد و ڕیسوا بوون، خەزعەلییەکانیش تەنیا ڕووڕەشی و شەرمەزارییان بۆ دەمێنێتەوە.
فیدراڵیەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی کە ددانی پێدانراوە لە دەستووری هەمیشەییی عێراقدا، دەبینین بە بەردەوامی دەکرێتە ئامانج و ڕێز لە بنەماکانی دەستوور ناگیرێت و مافی گەلی کوردستانیش پێشێل دەکرێت.
هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵییە، بەڵام فیدراڵیەت بە بێ بوونی عەقڵی دیموکراسی لەم وڵاتەدا، قبووڵکردنی ئەستەمە. وەک چۆن لە 2003وە تاکوو ئێستا، کێشە لە دوای کێشە و قەیران لە دوای قەیرانیان بۆ ئەزموونی فیدراڵیی هەرێمی کوردستان دروست کردوون.
سەرۆک هێژا مەسعوود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەموو قۆناغەکاندا پێداگیرییان کردووە و پێداگیری دەکەن لەسەر جێبەجێکردنی بنەما دەستوورییەکان و ڕێزگرتن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان، بەڵام حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش بەردەوام مافەکانی گەلی کوردستانیان پێشێل کردووە و سیاسەتی برسیکردن و بڕینی قووتی خەڵکی کوردستانیان گرتووەتە بەر. هەموو مانگێک کێشە بۆ مووچەی خەڵکی کوردستان دروست دەکەن، ئەمەش بێ هۆکار نییە و پیلانێکی نەخشە بۆ داڕێژراوە و پەیوەستە بە ئەجێندایەکی سیاسییەوە کە لە دەرەوەی عێراق فەرمانیان پێ دەکرێت و ئامانجی یەکەم و کۆتاییان لاوازکردنی قەوارەی فیدراڵیی هەرێمی کوردستانە، بە تایبەت لاوازکردنی پێگەی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانە.
سەرۆک هێژا مەسعود بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە لایەنن، کە ڕووبەڕووی ئەم سیاسەتەی دوژمنانی گەلی کوردستان بوونەتەوە و زۆر باش لە مەبەستی گڵاویان تێدەگەن و بە هەموو هێز و توانایەکەوە بەرگری لە گەلی کوردستان دەکەن و بە تووندی ئەم سووکایەتیکردنە و پێشێلکارییە بەردەوامانە قبووڵ ناکەن.
عێراق مووچە دەنێرێت بۆ هەرێمی کوردستان، نەخێرە و نە منەتە. هەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور بەشێکە لە عێراق، بۆیە بڕینی قووتی خەڵک پێش هەموو شتێک کارێکی نادەستوورییە و هەروەها دژی بڕیارەکانی دادگای ئیتیحادییە. بۆیە ئەوەی کە تەیف سامی دەیکات و هەموو مانگێک بیانوویەک یان چەند بیانوویەک دەدۆزێتەوە، بێجگە لە مەسەلەیەکی سیاسی، هیچی تر نییە و ئەجێندایەکی سیاسی لە پشت ئەم بیانوانەوەیە.
کەواتە، گەر عێراق هەروا بەردەوام بێت لە سیاسەتی برسیکردنی خەڵکی کوردستان و پێشێلکارییەکانی مافە دەستوورییەکان، هەرێمی کوردستان ناتوانێت هەروا دەست لەسەر دەست دابنێت و ئەم سووکایەتیکردنە قبووڵ بکات. دەبێت لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، بە تایبەت پارتی و یەکێتی، هەڵوێستێکی یەکگرتوویان هەبێت، چونکە ئەوەی عێراق دەیکات دژی هاووڵاتییانی کوردستانە بە گشت حزبە سیاسییەکانەوە. با هەمووان بێجیاوازی پاڵپشتی لە هەڵوێستەکانی سەرۆک بارزانی بکەن و بە یەکەوە ئەو بڕیارە بدەن، کە لە بەرژەوەندیی گەلی کوردستاندا بێت.