چیرۆکێکی کاک کۆسرەت و ئەحمەد میرە!

ڕەئوف ڕەباتی
بەشێک لە ڕەشنووسی یاداشتەکانم
بیست ساڵێک پێش ئێستا ، کاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی ، ئێمە لە وادەی خۆمان گەیشتینە ماڵی کاک کۆسرەت ڕەسووڵ، لە شەقامی سالم (سەهۆڵەکە، گردەکەی بەرامبەر دەزگای سەردەم، ئەو جێگایە تا ئێستاش زۆرکەس لە سلێمانی پێی دەڵێن : ماڵی موحافزی کۆن ! چونکە لە زەمەنی ڕژێمی بەعسدا ، ماڵی زۆرێک لە پارێزگارەکانی سلێمانی لەو جێگەیەدا بوون …
ستافی ئێمە بریتی بووین لە : لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ، خوالێخۆشبوو کاک حەمەنووری تۆفیق ، سەرۆکی لق بوو ، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بوو ، من جێگری سەرۆکی لق بووم ، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بووم ، یادی بەخێر مامۆستا مستەفا ساڵەح کەریم جێگری نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ، هاوڕێی سەردانەکەمان بوو.
نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەی سەندیکای ڕۆژنامە نووسانی کوردستان ، لقی سلێمانی ، کە بەرەیی بوو ، ئێستاش هەر وا بەرەییە ! ئەم بەڕێزانە بوون :
کاک دلێر جەلال ، نوێنەری حیزبی شیوعی کوردستان .
کاک هاوڕێ حەمە ساڵەح ، نوێنەری حیزبی سۆسیالیست .
مامۆستا کامەران حەسەن ، نوێنەری کۆمەڵی ئیسلامی ، حاڵی حازر مامۆستا کامەران قائیمقامی ماوەتە .
کاک سامان حەمەکەریم ، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامی …..
مەبەستی چوون و بانگهێشتەکەمان لە لایەن کاک کۆسرەت بۆ قسەو باس و گفتوگۆ بوو لە سەر بارودۆخ و کاروباری سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و ژیان و گوزەرانی ڕۆژنامەنوسان لقی سلێمانی …
لە گەرمەی گفتوگۆ و وتووێژەکانمان دا ، کاک کۆسرەت زۆر بە نیگەرانییەوە وتی : برایان بەڕاستی ڕۆژنامەنووس هەڵگری پەیامێکی پیرۆزە ، نابێت ڕۆژنامەنووس کەسانی دووڕوو ، دەبڵ مۆراڵ ، دەمامکدار ، بێمتمانە بێت!
بێدەنگی و تاسانێک باڵی کێشابوو بەسەر مەجلیسەکەمان دا ، بۆ شڵەقاندنی گۆمی ئەو بێ دەنگی و ڕەوینەوەی ئەو تاسانە !
من وەک جێگری بەرپرسی لق و نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان ، وتم : کاک کۆسرەت ئێمەش حەز بەو جۆرە مەخلووقە و بەو سرووشت و تایبەتمەندییە ناجۆرانە ناکەین لە کەسایەتیی هیچ ڕۆژنامەنووسێک دا ، ئایا .. جەنابت کەسی وات بینیوە ..؟
کەسی وات ناسیووە؟ ئەتوانی سەمپڵێکمان بدەیتێ ؟
وتی : بەڵێ ..! دوو هەفتەیەک پێش ئێستا ، کەسێک هاتە لام بە ناوی : ( ئەحمەد میرە ) لە گۆڤاری ( لڤین ) داوای هاوکاری کرد ، پێی وتم : کاک کۆسرەت من هەڕەشەم
لەسەرە ، لە گیانی خۆم دەترسم ، پێویستم بە هاوکارییە ، پێویستم بە چەکە ، بۆ پاراستنی گیانی خۆم ..!
کاک کۆسرەت وتی : منیش هاوکاریم کرد ، دەمانچەکەی خۆشم بە هەدیە داپێی و پێم وت : بەوە خۆت بپارێزە ، ئێمەش ئاگامان
لێت دەبێت …
کاک کۆسرەت وتی : بەڵام ، هەفتەیەک تێنەپەڕیوە بەسەر ئەو پێشوازی و پێدانی هەدیەو هاوکارییەدا ، سەیرکەن لە گۆڤاری
( لڤین ) بە دنەدانی خەڵکی تر ..! راپۆرتێکی پڕ لە درۆوبوختان و چەواشەکاری لەسەر ئێمە بڵاو کردۆتەوە !! پرسی : باشە برایان ئەگەر ئەمە : دووڕوویی ، دەبڵ مۆراڵی ، سپڵەیی بێ متمانەیی ، دەمامک پۆشین نەبێت ، ئەی ئێوە ناوی چی لێ دەنێن …؟
لە ڕاستیدا بۆ ئێمە جێگای سەر سووڕمان بوو ، ئێمە سەیری یەکمان دەکردو بە کۆمەڵ شۆک بوو بووین …!!!
بەڵام ، ئەوەی ئێستا جێگای شۆک بوونێکی ترە ! دواجارو دوای ٢٠ بیست ساڵێک بەسەر چیرۆکەکەی کاک کۆسرەت و ئەحمەد میرە دا ، بارودۆخەکە وا کەوتەوە :
حاڵی حازر هەمان ( ئەحمەد میرە )
کراوە بە : مامۆستای زانکۆو یاریدەدەری پڕۆفیسۆر و مورشیدی خوێنکاران و پاڵەوانی سۆشیال میدیا و نووسەر و میدیاکاری
ئۆپۆزسیۆن و زۆر شتی تریش …!
پەرەگرافی ئەم چیرۆکە و دەیان چیرۆکی لەو بابەتەو سەیرتریش ! لە یاداشتەکانمدا تۆمار کراوە بۆ مێژوو ، بۆ نەوەکانی ئێستاو ئایندە ، بەهیوام بە کۆتایی چاپکردنیان بەرچاوڕوونیتان زیاتربێ ..
ئەوەی لەم چیرۆکەوە فێر دەبین :
پرسی ئەوی تر ناسییە ، پرسی چەواشەکاری و دەبڵ مۆراڵی و دووڕوویی و خەڵەتاندن و درۆی مرۆڤەکانی دەوروبەرمانن ! بەڵام وەک ( ئەبراهم لینکۆڵن ) دەڵێت : کەسێک یان کەسانێک ، دەتوانن بۆ کاتێک هەڵمانخەڵەتێنن
یان کۆمەڵێک خەڵک بۆ هەمیشە هەڵخەڵەتێنن ، بەڵام ناتوانن : هەموو خەڵک بۆ هەمیشە هەڵخەڵەتێنن.