‎بڕیارە چارەنووسسازەكەی‎ سبەی

‎هاودەنگ فارووق
‎پێویستە لە چوارچێوەی سروشتیی خۆیدا لە بڕیاری بڕینی مووچە تێبگەین و بەگوێرەی گەورەیی ئەو هەڕەشەیەش هەوڵی چارەسەری بدەین.
‎ناكرێت هەمیشە بە فێڵەكانی حكوومەتی بەغدا، فۆكەسمان بخەینە سەر ساتەوەختێكی دیاریكراو و، كۆی بڕیار و سیاسەتەكەمان لەبیر بچێت. وەك ئەوەی هەر جارناجارێك باسوخواس دەبێتە هەواڵی یەك مانگی مووچە و، مانگەكانی پێشتر و دواتر .
‎ئاخر لەوەختێكدا، پارتی بڕیاریدا ئەو حساباتەی عێراق ڕابگرێت و، سەرۆك بارزانی گوتی: چیتر قبووڵی ناكەین وەك مانگەكانی دیكەی لێ بكرێت. عێراقییەكان زانییان كە پارتی بڕیاریداوە بە قەبارەی بڕیارەكە كاردانەوەی هەبێت و سنوورێك بۆ ئەو غەدرە دابنێت، نەك بەگوێرەی فۆكەسی مانگ بەمانگ. پارتی دەیەوێ لەگەڵ قەبارە و سروشتی بڕیارەكەدا مامەڵە بكات.‎ ئەمجارە عێراقییەكان سەغڵەت بوون و، حكوومەتی بەغداش هەڵە گەورەكەی كرد.
‎هەر بەوەندەی پارتی بڕیاریدا كە بڕیار بدات، كێچ كەوتە كەوڵی دەستەڵادارانی عێراق و، تەنانەت ویستیان كاریگەری دروست بكەن لەسەر كۆبوونەوەكەی پیرمام، كەچی وەك ئەوەی خۆیان بە دوعای خۆیان گوتبێت ئامین، نەیانتوانی ئیرادەی یەكڕیزیی كورد پەك بخەن و، نزیكەی 40 حزب و لایەنی كوردستانی بۆ وەرگرتنی هەڵوێستێكی كوردستانی و ڕاوێژكارانە كۆبوونەوە و، ئەوەیان بە حكوومەتی بەغدا و شۆڤێنییەكانی عێراقیش گوت كە: زۆرینەی ڕەهای خەڵكی كوردستان و هێزە سیاسییەكان لەگەڵ ئەو بڕیارە چارەنووسسازەدان، كە چاوەڕوان دەكرێت سبەی دووشەممە كۆمیتەی ناوەندی پارتی سەبارەت بە سیاسەتی برسیكردنی خەڵكی كوردستان بیدات.