کەی مووچە رێککەوتنێکی سیاسییە؟

فازڵ میرانی*
ڕژێمە سیاسییەکان پەنا دەبەنە بەر بەخشینی پاداشت، مووچە و ئیمتیازات بە تاکەکان، گروپەکانی فشار، دڵسۆزان یان نوێنەرەکانیان بەپێی سروشتی سیستەم یان دەزگاکە و هەروەها بەپێی سروشتی ئەو کارەی، کە پێیان دراوە و جێبەجێیان کردووە.
ئێستا هەزاران نموونەی کۆن و نوێ هەن، کە زۆرێک لە ڕێکخراوە سیاسی و ئایدیۆلۆژییە بیانییەکان لەوانەیە بە چەندین شێوە پشتگیری وەربگرن، لەوانە: مووچەیان بۆ بڕابێتەوە.
بەڵام فەرمانبەرانی حکوومەت، کە هەموو مەرجەکانی دامەزراندنیان تێدایە مووچەکانیان بە پاڵپشتی یاسایی و دەقێکی ڕوون و ئاشکرا وەردەگرن و هەندێک لەو فەرمانبەرانە تەنانەت پێش گۆڕینی سیستەمی سیاسی کاریان کردووە و ئەوانە بەپێی یاسای دیسپلین بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت لە عیراقدا هیچ دەقێک یان بڕگەیەک یان ماددەیەک لە ماددەکان یاسایان بەسەردا جێبەجێ نابێت لە سزاداندا وەک ئەو فەرمانبەرەی، کە بە بڕینی مووچەکەی سزا دەدرێت.
بەپێی بڕگەی سێیەمی یاسای ناوبراو، ئەگەر بڕیارە فەرمانبەرێک سزا بدرێت دەبێت پلە بە پلە سزا بدرێت هەر لە سەرنجڕاکێشان بۆ ئاگادارکردنەوە و پاشان بڕینی مووچە دەست پێ بکات بۆ ئەو سزایەی، کە پێویست دەکات فەرمانبەرێکی پێ سزا بدرێت نەک فەرمانبەرانی میللەتێک بەبێ ئەوەی هیچ کەموکوڕییەکیان هەبێت سزا دەدرێن.
ئەم دەقە وەبیر ئەو کەسانە دەهێنمەوە، کە بە بڕین و سازشکردن یان دواخستنی مووچەکانیان سزای فەرمانبەرانی کوردستان دەدەن و ئەو پرسیارە دووبارە دەکەمەوە فەرمانبەرانی کوردستان تاوانبار نین و بۆچی لەگەڵ کێشەکانی سیستەمی فیدراڵییان تێکەڵ دەکەن؟
فەرمانبەرانی کوردستان فەرمانبەرانی عێراقین لە هەموو روویێکەوە، ناو و ناونیشان و وێنە و داتاکانیان ئەوە نیشان نادەن، کە بیانین یان هێزێکن، کە ئۆپەراسیۆن بۆ بەرژەوەندی وڵاتێکی تر دەکەن. دەسەڵات بەرپرسیارێتییە، ئەرکە و نەک تەشریفاتی.
شەرمەزارییە، کە دەسەڵاتداران ئەو کەسانە هەراسان دەکەن، کە کارەکانیان ئەنجام دەدەن و هەڵمەتی میدیایی لە فەرمیەوە تا بە سێبەرڕا دەگات دەستپێدەکەن و ڕێوشوێنی سزادان دژی ئەو کەسانە دەگرنە بەر، کە هیچ سەرپێچییەک یان تاوانێکیان نەکردووە.
فەرمانبەرانی کوردستان ڕێککەوتنێکی سیاسی نین و بە یەک چاو تەماشا ناکرێن لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراقدا.
*بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
لە عەرەبییەوە: شوان سەرابی