خەباتی گەلی کوردستان لەنێوان خۆڕاگری و هەڕەشەدا

عەمەر ئەرگوشی
گەلی کوردستان لە مێژووی خۆیدا هەوراز و پشێویی زۆری بینیوە و سەرکەوتن و کەوتنیشی بینیوە، بەڵام لە هەر کەوتنێک چاکتر هەڵساوەتەوە. جگە لە هەڵسانەوە، نە ڕێگایەکی دیکەی لەبەردەمدا بووە، نە چارەیەکی دیکە. دەبا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی غەدرێکی دیکە و زۆردارییەکی دیکە، یەکسەر هەڵسنەوە. زۆر شت لە مێژووی کورددا ڕوویداوە جێی سەرنج و ڕامانە، بەڵام ئەوەی لە هەمووان سەرنجڕاکێشتر و دیارترە، ئەو هەڵسانەوە بەهێزانە و کاریگەریانەن دوای کەوتن دیاردەکەوتن. بەردەوامیی شۆڕشەکانی کوردستان و بەردەوامیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە درێژایی مێژووی خۆی، هەمووی ئەنجامی ئەو هەڵسانەوانەن دوژمن وای دەزانی کۆتایی پێهات.
پلانەکانی دوژمنانی کوردستان دژی گەلی کوردستان و پارتی لە بڕان نەهاتوون. گەورەییی سەرکردایەتیی پارتی لەوەدا بووە زۆربەی جارەکان بەر لەوەی پلانەکان لەدایک ببن، لەبار براون. زۆر جاریش پلانەکانی دژە کورد قۆناغی باشیان بڕیوە، بەڵام ئەنجامەکەی پووچەڵکردنەوە و شەرمەزارکردنی بکەرەکانی بووە. ئەوانەی ئێستا ئامادە نین مەینەتی چەپۆکی گەلی کوردستان لەبیر بکەن کاتێک کە بڕیار دەدەن بەرگری لە خۆیان و مافەکانیان بکەن، بەردەوام لە گەمژەیی و پیسیی نواندن، بێشەرمانە دەست بۆ قووتی و مووچەی خەڵک دەبەن و پێیان وایە لەو قۆناغی کۆتاییی ڕزگاریی یەکجارەکیی گەلی کوردستاندا، پارتی ناچار دەکەن بکەوێت و هەڵنەستێتەوە. ئەمانە پاش زیاتر لە سەدەیەک لە شەڕی گەلی کوردستان، هەموو چەکە بەهێزەکانیان بەکارهێنا و زەفەریان بە گەلی کورد و پارتیدا نەبرد؛ تازە بە بڕیارێکی سەقەت و بێمانا، یان خودی بڕینی مووچە، بیانەوێت بڕیارێک بسەپێنن یان کورد دوودڵ بکەن لە خەباتەکەیان لە پێناو ڕزگاریدا.
دەبێت بە خۆیاندا بچنەوە و تێبگەن ئەوان دەتوانن بە میتۆد و شێوەی دیکە، باوەڕ بە کورد و سەرکردایەتیی سیاسیی کورد بهێنن کە زیاتر ددان بە خۆیاندا بگرن و زیاتر قوربانی بدەن لەپێناو برایەتی و بەرژەوەندیی گشتی. بەڵام دەستبردن بۆ مووچەی فەرمانبەران و زەوتکردنی مافەکانی کورد و بەردەوامبوون لەسەر ئەزیەتدان و چەوساندنەوەی کورد، لە لایەن سەرۆک هێژا مەسعوود بارزانی هێڵی سوورن و بە شێوەیەک وەڵام دەدرێنەوە کە واز لە دوژمنایەتیی کورد و خاکی کوردستان بهێنن. پارتی کە خۆی ئەو شەرەفەی بە ڕەوا بینیوە ببێتە پارێزەری گەلی کوردستان و مافەکانی و بە ئەرکی نەتەوایەتیی خۆی دەزانێت لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی کوردستانی و کەسایەتییە نیشتمانپەروەرەکان، بڕیاری تەندروست بدات لە شێوازی داهاتووی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتدارانەی کە هەتا ئێستا خەرجکردنی مووچە بە فەرمانبەران بە منەت دەزانن و لەم منەتەش بێمنەت نین و ناردنیشی هەندێک جار بە گوناه دەزانن.
جا ئەو دەسەڵاتە عێراقییەی هەتا ئێستا مووچە و بوودجە بۆ خەڵکی کوردستان بە ڕەوا نابینن، چاوەڕوانی چییان لێ دەکرێت؟! تو بڵێی ئەوان مافی گەلی کوردستان لە ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆیی بە ڕەوا ببینن؟
سوپاس بۆ خوای گەورە گەلی کوردستان لە سایەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێگەیەکی بەهێزی لەناو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا داگیرکردووە و لە کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان حسابی گەورەی بۆ دەکرێت و بووەتە جێگەی متمانەی هەموو دیموکراسیخوازەکانی ناوچەکە و جیهان و لە دەستی ئەوانە دەرچووە بیر لە شێوازەکانی زیانگەیاندن بکەنەوە.