زانا خەلیل
_من لە ئەوین لە دایکبووم، بۆیە هەر زوو عاشقی حەرف و وشە بووم، دواتر شیعر بووە ماڵم، بووە جوگرافیا و نیشتمانم، بووە خەون و بووە هەناسە هەڵکێشان و هەناسەدانەوەم. شیعر بووە دیرۆک و باڵم. من بۆ شیعر ژیام، لەناو شیعر ژیام، بۆ شیعریش دەمرم.
من (حەمەسەعید حەسەن)ی شاعیرم.
من کە گوزارشتی خراپ و بیری خراپ و بە گشتیی خراپە لەو دنیایەدا دەبینم، هەموو هەوڵم بۆ ئەوەیە: بە چەکووشی نوور، شاخی سەهۆڵبەندانی دەیجوور و تاریکیی وردوخاش بکەم، من ڕەخنەگرێکی ڕووناکم، بەدوای ڕۆشنکردنی بیری تاریک و کرداری تاریکم. من چرام لەناو شەوەزەنگدا.
من (حەمەسەعید حەسەن)ی ڕەخنەگرم.
_پێم خۆش نییە هەر خۆم بە تەنیا لەززەت لە بەرهەمەکانی دوورگەی داهێنەرانی دنیا ببینم، كونفوشیوس و مەولانا و ئیبن عەرەبی و نازم حیکمەت و دەروێش و سەدانی دیکەتان بۆ تەرجەمەی کوردی دەکەم، تا ئێوەش وەک من لەززەت و جوانییان لێ ببەن. من بەخشندەم و میهرەبانیش.
من (حەمەسەعید حەسەن)ی وەرگێڕم.
.
_ڕقم لەوانە دەبێتەوە کە نە کوردی دەزانن و نە ڕێنووس و خاڵبەندی دەزانن و خۆشیان لا نووسەرە.
من (حەمەسەعید حەسەن)ی پارێزەری زمانی کوردیم.
_من لە ڕۆژە تاریکەکاندا دژی داگیرکەرانی کوردستان بووم، بە ڕۆژی ڕووناکیش دژی داگیرکەر و داپلۆسێنەرەکانم، من حەزم لە ئاسمان و باڵە.
من ( حەمەسەعید حەسەن)ی ئازاد و ئازادییم.
_
ئێستا سەرووی حەفتا ساڵم، بەڵام بیرم لە حەڤدە ساڵییەک تیژتر و کارکردنم زیاتر، من تا مردنم بە عەشقەوە لەپێناو خزمەتکردنی ئێستەتیک و ئەدەبیاتی جوان و مرۆڤایەتی بەردەوام دەبم.
من (حەمەسەعید حەسەن)ی ئینسانم،
ئینسانێکی گەورە.