سەدیق سەعید ڕواندزی
بە دیكۆمێنتكردن و بە ئەرشیفكردنی هەر كارو چاڵاكیییەك و ڕووداوێك، كە لە ڕۆژگارێكی دیاریكراو ڕوویداوە و بۆتە مێژوو، بابەخێكی گەورەی مێژوویی و نەتەوەیی و ئەرگۆمێنتی هەیە، چونكە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕووداوانە و تاوتوێكردنی لایەنی مێژوویان لە ڕابردوودا، دەبنە بەڵگەی ساغكەرەوە بۆ دەرخستنی مێژوو و ناوەڕۆكی ڕووداوەكانی ئەوكات و هاوكات كارەكە لە ڕووی مێژووییەوە، چوارچێوەیەكی زانستی و ئەرگۆمێنتی وەردەگرێت، بەو مانایەی هیچ كاتێك گێڕانەوەی سەر زارەكی لە ڕووی مێژووییەوە، ناتوانرێت پشتی پێ ببەسترێت و بواری ئەوەی تێدایە، وەكو خۆی ڕووداوەكان باس نەكرێن، یان بە لارێدابردن، یاخود خۆ بە پاڵەوانكردن، لە پەراوێزی نەبوونی بەڵگەی پێویست بێتە ئاراوە. بۆیە بە بەڵگەكردنی كارەكان، بایەخێكی گەورەی لە ژیانی سیاسی و فەرهەنگی ئێمە وەك كورد هەیە بەو پێیەی هەمیشە مێژووەكەمان لە هەموو ڕووێكەوە، لە ژێر هەڕەشەی سڕینەوە و نەمان دابووە و دایە. كتێبی ( لقی هەولێری یەكێتی نووسەران، بەخشش و بەردەوامی) بە ئەرشیفكردن و بە مێژووییكردنی هەموو ئەو بڕیار و تێنوسانەیە، كە لە میانەی پێنچ خولی لقەكە، لە نێوان ساڵانی (1970 تاكو 1975) دەركراون و ئەنجامدراون. لە كتێبەكەدا، لە ماوەی ئەو ساڵانەی سەرەتای هەفتاكاندا، لە یەكەم ڕۆژی دامەزراندنی لقەكە بە فەرمی، تاكو كۆتایی ڕێكەوتننامەی ئازار، هەرچی بڕیار و كۆبوونەوە درابێت و كرابێت، لە كتێبەكەدا وەكو خۆی بە هەمان دەستنووس چاپكراوەتەوە. كتێبەكە، بەشێكییان نووسینە، بەشەكەی تریشی لە شێوەی ئەلبوومێكی وێنەیی كار و چاڵاكییەكاندایە. گەر سەرنج لە بەشی یەكەمی كتێبەكە بدەین، دەبینین لقی هەولێری نووسەران، وەك لقێكی ئەكتیڤ، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، شێوەیەك لە كاركردنی یاسایی، كارگێڕیی و فەرمی و بەڵگەداری پەیڕەو كردووە. هەموو بڕیارەكان، بە ڕاوێژ دراون و ڕەزامەندی هەمووان وەرگیراوە. كۆبوونەوەكان بە شێوەی خولی، هەموو هەفتەیەك سازكراون، لە هەمووشی گرنگتر، لە ماوەی ئەو پێنچ ساڵەدا، چەندین كۆنفڕانس و چاڵاكی كراون و بواری ئەوە نەبووە، نووسەرێك بۆ چەندین ساڵ، هەر خۆی بەرپرسی لق بێت، وەك ئەوەی من بە بیرمە عزەدین مستەفا ڕەسول هەتا مرد، هەر سەرۆكی مەڵبەندی گشتی نووسەران بوو. ئەم دەستاو دەستكردنە لە كاری كارگێڕیی و فەرهەنگی لەو كاتدا، ئاماژەیە بۆ هوشیاری نەوەی هەفتاكان و تێگەیشتن لە كاری فەرهەنگییانە، هاوكات خزمەتكردنی بواری كولتووری و فەرهەنگی، نەك پۆست و مانەوە لە بەڕێوەبردنێك كە جگە لە ناشیرن كەوتنەوەی مرۆڤەكان هیچی تری لێ ناكەوێتەوە. بگرە نووسەرانی ئەو كات، هێندە ڕوون و ڕاشكاو بوونە، ئەگەر بڕە پارەیەكی كەمیان تەنانەت دابێتە نووسەرێك، بە تاكەكسی نەبووە، بەڵكو لە كۆبوونەوەدا بڕیاری لێ درواوە، بڕ و مەبەست و خەرجییەكی دیاریكراوە! كەچی جێگەی داخە هیچ بوارێك ئێستا لە كۆمەڵگەی كوردیدا، وەك نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی، هەڵگڕی چەندین خەسڵەتی مرۆییانە و كۆمەڵایەتییانەی ناقۆڵاو نەگونجاو نییە، كە مرۆڤ سەیری پێ دێت، توێژی نووسەران زۆرینەی هەرە زۆریان، بەو شێوەیە بیر بكەنەوە و ڕەفتار بكەن. لێرەدا، چەند سەرنجێك لە سەر ئەم كتێبە دەخەینە ڕوو:-
یەكەم:- چونكە ناوڕۆكی كتێبەكە، هەمووی تێنووسی ئەو كۆبوونەوە و بڕیارانەیە كە لە ماوەی پێنچ خولی یەكێتییەكە ئەنجامدراون، بۆیە ناونیشانی كتێبەكە، بڕیارنامەی یەكێتی نووسەران با، لە ڕووی واتاییەوە گونجاوتر دەبوو.
دووەم: كتێبەكە، گەرچی لە ڕووی مێژووییەوە باسكردنە لە چاڵاكییەكانی ساڵانی هەفتاكانی یەكێتی نووسەران، كەچی هەموو ئەو وێنانەی لە كتێبەكەدان، پەیوەندییان بە مێژووی ئەو كاتەوە نییە. بگرە وێنەكان وەك ئەوەی ئەلبوومی وێنەیی سەرۆكی ئێستای لقی هەولێری نووسەران بێت وەهایە! چونكە وێنەیەكی دانراو لە كتێبەكەدا نییە خۆی تیایدا نەبێت. ڕاستە ئەو كتێبەكەی ئامادە كردووە، بەڵام خۆ (مسعود پەرێشان)یش هاوبەش و هاوكاری بووە، بۆچی تەنها دوو سێ وێنەی ئەوی تیایە؟! ئەمە دوو ڕاستیمان بۆ دەردەخات ئەوانیش، كاركردن لە پێناو فەرهەنگی كوردی، كە ئەوەی پەرێشان دەگرێتەوە، كاركردن لە پێناو خۆ دەرخستن كە فەرهادی ئەوەی كردووە.
سێیەم: لە میانەی دانانی وێنەكاندا، هەڵەی زەق كراوە، بۆ نموونە: لە لاپەڕە (129)دا، سەباح شێخانی كراوە بە سەباح بەرزنجی !
چوارەم: چەندین نووسەر كە لە وێنەكاندا هەن، بە داخەوە كۆچی دوایان كردووە، كە چی ناوەكەیان بە شێوەیەك نووسراوە وەك ئەوەی هێشتا خۆیان لە ژیاندا مابن، وەك خوا لێخۆشبوو (نەوزاد ڕەفعەت) بۆیە ئەو نووسەرەی مردووە، دەبوو بە خوالێخۆشبوو ناوی بهاتایە.
پێنجەم: لە ڕووی زمان و داڕشتنەوە، كتێبەكە گەلێك هەڵەی تێدایە. بۆ نموونە لە لاپەڕە (132) دا نووسراوە: ( لایەك لە ئێوارە كۆڕێك ) لا، كە هاوەڵكاری شوێنە، زۆرتر بۆ جێگە و شوێن بەكاردێت، بۆیە دەبوو بنووسرێت : ( دیمەنێك، یان گرتەیەك، لە ئێوارە كۆڕێك) ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە لە زمانی كوردیدا، بنەمای ڕێزمانی جێگیر هەیە، وەك ئەوەی بكەر دەبێ لە سەرەتای ڕستەوە بێت . لە كتێبەكەدا لە لاپەڕە (140)دا نووسراوە: (كردنە دیاری كتێبێك لەلایەن غەیاسەدین نەقشبەندی). یاخود نووسراوە: (جەلال بەرزنجی لە ڕێزلێنانی لەلایەن لقەكەمان) كە بێگومان لەنگی زمانەوانی پێوە دیارە و ئەم جۆرە داڕشتنەی هەواڵ بە شێوەی نووسین هەڵەیە، بۆیە دەبوو لەڕووی زمانەوانییەوە،گرنگی زیاتری پێ درابا، هاوكات ڕێكخستنێك لە نێوان نووسین و وێنەكان هەبووایە، كە هەردووكییان گوزارشتیان لە سەردەمی ئەوكات بكردبایە .
*پەراوێز : یەكێتی نووسەران لقی هەولێر، بەخشش و بەردەوامی، ئامادەكردنی: مەسعود پەرێشان و عەبدوڵرەحمان فەرهادی، بڵاوكراوەی لقی هەولێری یەكێتی نووسەران، ساڵی چاپ 2025.