عومەر چنگیانی
گوتراوە گەر مرۆڤ لە ترسی پۆلیس تاوانی نەكرد، گەر هەستی بەبێ ئاگایی پۆلیس كرد، كەمتەرخەمی ناكات!
چەمكی هەستكردن بە چاودێری خوا، یەكێكە لە یارمەتیدەرە زۆر گرنگەكانی تاكی بڕوادار و وای لێ دەكات خۆی بەدوور بگرێت لە هەڵە و تاوان، چونكە بیرهێنانەوەی ئەمڕەوشتە بەرزە، ئەركی مامۆستایانی ئایینە، بۆیە لە بۆردی باڵای گوتاری هەینی، هەینییەکەی ڕابردوو كردمانە توێشووی گوتاری سەردوانگەی مزگەوتەكان و ئێمەیش لە ٢٣/٥/٢٠٢٥ كردمانە خەلەكی ژمارە 294ـی گوتارمان لە مزگەوتی خەدیجەكوبرا.
سەرەتا بەبیرهێنانەوەی ئایەتی یەكی سوورەتی نیسا دەستمان پێ كرد، كە (خوای گەورە دوای ئەوەی باس لە دروستكردنی مرۆڤەكان دەكات وەبیر هەمووان دێنیتەوە كە وشیار بن كە خوا چاودێرە بەسەریانەوە).
وشەی چاودێر (الرقیب)، ناوێکە لە ناوە جوانەکانی خوا، واتای ئەوەیە کە بارودۆخی بەندەکانی چاودێری دەکات لە نهێنی و چرپەکاندا، هیچ شتێکی لێ ون نابێت.
هەستکردن بە چاودێریی خودای گەورە یەکێکە لە پاڵنەرەکانی ئیمان.
بە دڵنیاییەوە هەستکردن بە چاودێری خوای گەورە یەکێکە لە گرنگترین پاڵنەرەکانی ئیمان و، یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی بەهێزبوونی ئیمان و، کاریگەرییەکی ڕوونی هەیە لەسەر هەڵسوکەوتی باوەڕدار و، باوەڕدارێک کە هەست دەکات خودای گەورە لە هەموو شوێن و کاتێکدا و، لە نهێنی و ئاشکرادا دەیبینێت، ئەوا خۆی دەڕازێنێتەوە بە ڕەوشتی باش و لە خودا دەترسێت لە هەموو هەڵسوکەوتەکانیدا.
چاودێری کردنی خودا لە نهێنی و ئاشکرادا یەکێکە لە بەرزترین پایەکانی ئایین و، بەرزترین پلەکانی؛ چونکە ئەو ڕاڤەی مانای ئیحسانە کە بەرزترین پلەی ئایینە و باشترین پلەی بەندایەتییە؛ بەڵکو هەقیقەت و ناوەڕۆک و ڕۆح و بنەمایەتی و، ئەوەش ئەوەیە کە خودا بپەرستی وەک ئەوەی دەیبینیت، خۆ ئەگەر نەتتوانی بیبینیت، ئەوا ئەو دەتبینێت.
گرنگی هەستکردن بە چاودێریی خودا و بەرهەمەکانی:
بە دڵنیاییەوە هەستکردن بە چاودێریکردنی خودای گەورە زۆر گرنگە، چونکە دەبێتە هۆی بەختەوەری لە دنیا و دواڕۆژدا و، تەواوی دامەزراوی ئیمان و، وازهێنان لە تاوانەکان و، بەهێزکردنی ڕۆح و، یارمەتی دەدات لە باشترکردنی کارەکان و، بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خودا و، وا لە موسڵمان دەکات خۆی بەدوور بگرێت لە هەموو شتێک کە خودا پێی تووڕە دەبێت، جا لە نهێنی بێت یان لە ئاشکرا.
پێویستیمان بە زیندووکردنەوەی هەستکردن بە چاودێریی خودای گەورە هەیە لە هەموو کات و ساتێکدا، چونکە سوودەکانی زۆرن و، بەرهەمەکانی گەورەن، لەوانەش:
1. پاراستنی نەفس لە تاوانەکان: هەستکردن بە چاودێریکردنی خودا لە نهێنی و ئاشکرادا ڕێگایەکە بۆ جدیبوون و تێکۆشان لە عیبادەت و نزیکبوونەوە لە خودا و، پارێزەرە لە کەوتنە ناو تاوان و خراپەکانەوە و، هەستکردن پێی دڵە مردووەکان زیندوو دەکاتەوە و، ویژدانەکان لە خەوی قووڵ هەڵدەستێنێت و، هاندەرەکانی خێر لە مرۆڤدا دەجووڵێنێت و، ویستەکانی شەڕ تیایدا دەمرێنێت.
2. بەدەستهێنانی ئیخڵاس لە قسە و کاردا.
3. بەدەستهێنانی شەرم لە خودای گەورە: کەسێک کە هەست بە چاودێریی خودا دەکات لە نهێنی و ئاشکرادا لێی دەترسێت، حاتەمی ئەسەم (خودا لێی ڕازی بێت) دەڵێت: سێ شوێن بەبیری خۆت بهێنەرەوە: کاتێک کار دەکەیت چاودێریی خودات بیر بێتەوە بۆت و کاتێک قسە دەکەیت گوێگرتنی خودات بیر بێتەوە بۆت و، کاتێک بێدەنگ دەبیت زانینی خودات بیر بێتەوە سەبارەت بە تۆ.
با لە خودا بترسین و خۆمان و منداڵەکانمان پەروەردە بکەین لەسەر هەستکردن بە چاودێریی خودای گەورە، بەوەی باوەڕ بە ناو و سیفەتەکانی خودا لە دڵیاندا بچێنین، لەوانەش (الرقیب). خودا پاداشتێکی مەزن بۆ ئەو مامۆستایە بنووسێ کە هەر قوتابیەک و باڵەندەیەکی دایە دەستیان و پێی وتن: با هەر یەکێکتان پەلەوەرەکەی سەر ببڕێت لە شوێنێکدا کە کەس نەیبینێت، هەموویان سەریان بڕی تەنها یەکێکیان نەبێت، وتی: تۆ بۆ سەرت نەبڕی؟ وتی: خودا لەگەڵمدایە لە هەموو شوێنێکدا .