خوانی ماڵئاوایی

فەرهاد قادر ئۆمەر
ئەمڕۆ رۆژێكی نیمچە هەور وگەرمە، دوارۆژی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی ساڵە. ئۆو، بیرم چوویەوە خۆمتان پێ بناسێنم، من مامۆستا عەبدوڕحمانم، مامۆستام لەقوتابخانەی شاهەنگی بنەڕەتی، قوتابخانەكەمان ساڵانە كردوویەتی بە نەریت هەركە تاقیكردنەوەكان كۆتاییان هات، قوتابخانە خوانێكی خنجیلانە بۆ مامۆستایان رێك دەخات. ئەوە بوو هەركە دوا قوتابی پێی لەقوتابخانە چووەدەرەوە، هێدی هێدی مامۆستاكان بەخەندەو پێكەنینەوە بەرەو ژووری مامۆستایان وەڕێكەوتن، بەو ئومێدەی مێزی خوانەكە ڕازابێتەوە بەخواردن وخواردنەوە، وێڕای مامۆستایانی قوتابخانەكەی خۆمان مامۆستا ڕێبواریش، بەڕێوبەری قوتابخانەی ئەتروش میوانی ئەو ئاهەنگەخوانەی قوتابخانەكەمانە. ئەوەی لەو خوانە بۆ ئێمە ڕۆژێكی جیاوازو خۆشبوو، ئەو رۆژە هاوكاتە لەگەڵ گێڕانی یادی بیست ساڵەی دامەزراندن ودروستكردنی قوتابخانەكەمان. لەگۆشەی ژووری مامۆستایان، خاتوو ئاراز یاریدەدەری قوتابخانە بەهێمنی مێزەكەی دانا بوو. مەنجەڵێكی مەرەگەی تەشریب وكولێرەی گەرمی هێنابوو، كە بۆن وبەرامەی ڕۆژە ڕێیەك دەڕۆیشت، كە چاوی بەمامۆستایان كەوت وا لە بەلەكۆنەكەوە بەرەو ژووری مامۆستایان دێن بەجەستەیەكی ماندوو، بەڵام دڵیان ئاسوودە، ڕووی تێكردن وگوتی: فەرموون فەرموون، ئەوە تەنها خوانێك نییە، بەڵكو سوپاسێكە بۆ هەر دڵۆپە ئارەقەیەكی ماندووێتی كە هێشتا وشكنەبووە، خوانێكە بۆ یادگاری.
مامۆستایان چوونە ژوورەوەو هێدی هێدی هەر یەكەو بەرەو كورسی دانیشتنەكەی خۆی چوو، مامۆستا توانای بەڕێوبەریش لەسەری مەجلیسێ دانیشت. پیاوێكی بێدەنگ وقژی خۆڵەمێشی بوو، بەدریژایی ساڵ ماندوێتی خۆی لەپشت چاویلكە تەنكەكەیەوە شاردبۆوە. بێدەنگیەكی حەسرەتانە باڵی بەسەر مەجلیسەكە كێشا بوو، هەموویان بەسەرسامیەوە سەیری دیمەنی جوانی خواردن وخواردنەوە سەرنجڕاكێشەكانی سەر خوانەكەیان دەكرد. خاتوو ئاراز بێدەنگیەكەی شكاندو وتی: براینە، ئەمە دوا خوانی ئەم ساڵمانە، بەر لەوەی پەڕاوی تاقیكردنەوەكان دابخرێن وهۆڵەكان لەدەنگی قەڵەم بەتاڵ بكرێنەوە. مامۆستا دەشتی پێكەنی وگوتی: ئەم ساڵ زۆر ماندووبووین بەو خشتە هەڵگەڕاوەو قوتابیە جارسكارانەو تەنانەت ئەو ماجیكە عادیانەی نەیاندەنووسی..!
بەڕێوبەر زەردەخەنەیەكی كردو بەدەنگێكی نزم وتی: بەڵام ئێمە شتێكمان لەسەر دڵیان نووسی، ئەوە بەسە بۆ ئێمە، بۆیە دەڵێم ئەوە تەنها خوانێك نییە، بەڵكو ماڵئاواییەكی ناڕاستەوخۆیە لەساڵێكی دوورو درێژ، ڕەنگە بۆ هەندێ هاوكار دوا ماڵئاوایی وكۆتایی بێ..
هەمووان سەیریان دەكرد، وشە سادەو كاریگەرەكانی بەڕێوبەر لەهەموو كاسەو قاپەكانی سەر خوانەكە قورستر بوو.
بەر لەوەی بڕۆن، هەموویان واژۆیان لەسەر تابلۆیەك كرد كە بەدیواری بەلەكۆنەكەوە هەڵواسرابوو تیا نووسرا بوو: “بۆ هەموو ئەوانەی ماندوو بوون وبەشی پێویست سوپاسیان نەكراوە، ئەو خوانە شایەتحاڵی ئەوەیە كە ئێمە تەنیا نەبووین..