حەمەسەعید حەسەن
بە کۆمەکی ئۆشۆ
جوبران خەلیل جوبران و تاگوور داوایان لێ دەکردین، خۆشەویستی لە قەفەزدا دیل نەکەین، پێیان وابوو: خۆشەویستی خەڵاتە، بەبێ بەرانبەر بە یەکتری دەبەخشین، ئەگەر خۆشەویستی کە بەبێ ئازادی هەڵناکات، لە نێوانماندا نەبێت، با لە ژوورێکیشدا بژین، پردی لێک تێگەییشتن لە نێوانماندا نابێت و وەک ئەوە وایە، هەر یەکی لە ئەستێرەیەک بژین. خۆشەویستی گۆمێک نییە لە شوێنێکی دیاریکراودا قەتیس بووبێت، زەریایەکە شەپۆل دەدات، بەبێ شەپۆل کە ڕەمزە بۆ ئازادی، پێوەندیی نێوان ژن و مێرد، وەک ڕۆتینێکی بێزارکەری لێ دێت.
خۆشەویستی پرسێکی ئەوەندە سەختە، تا ڕۆشنتری بکەینەوە، تەمومژاویتر دێتە پێش چاو، تا ئاسانکاری لەبارەیەوە بدرکێنین، ئاڵۆزتر دەبێت. ئەگەر بێدەنگ دەبیت، هاوژێنەکەت دەپرسێت: خێرە وا کز و خامۆشیت؟ ئەگەر دێیتە قسە و خۆشحال خۆت پێشان دەدەیت، دەپرسێت، چی تازە هەیە، وا گەش دیاریت؟ نزیکەی بەردەوام هاوژینەکەت، بەد لێت حاڵیی دەبێت! کە خوڵکی پرسیارکردنی نامێنێت، کە شەڕت پێ نافرۆشێت، ئەوە بەو مانایە نییە، لێت ڕازییە و خۆشی دەوێیت، نیشانەیە بۆ ئەوەی لێت بێزارە و بە تەواوی تاقەتی لێت چووە.
خۆشەویستی مەتەڵێکی ئەوەندە ئاڵۆزە، هەر چی بکەین وەڵامی دروستی بۆ نابینینەوە. مەتەڵێکە بە جۆرێک داڕێژراوە، تا زیاتر لێی ورد ببینەوە، ئاڵۆزتر دێتە پیش چاومان و ناتوانین هەڵیبهێنین. هاوسەرگیری کۆبوونەوەی دوو کەسی جیاوازە، هەر یەکی ڕوویان لە جێیەکە، ئاخر هەر یەکی بە هەلومەرجێکی تەواو جیاوازدا تێپەڕیون. هەموو پێوەندییەک کێشەی خۆی هەیە، ئەگەر پێوەندی بە جێیەک گەییشت هیچ کێشە نەنێتەوە، ئەوە بەو مانایە دێت، پێوەندییەکە کۆتایی پێ هاتووە، هەردوو لا هەم بەدەست یەکدییەوە ماندوو بوون و هەم لە یەکیش بێزار بوون، ئەوەندە لە یەکدی وەڕز بوون، نە حەوسەڵەی شەڕیان ماوە، نە قسە، ئاخر بڕوایان بەوە نەماوە، بتوانن هیچ لە دۆخەکە بگۆڕن.
کە ژن وا هەڵسوکەوت دەکات و وا دەپەیڤێت کە مێردەکەی دەخوازێت، ئەوە بەو مانایە نییە، کێشە لە نێوانیاندا نەماوە، نیشانەیە بۆ ئەوەی ژنەکە بە زەبری سەرکوتکردن، کەسایەتیی خۆی لەدەست داوە و وەک ئامێرێکی لێ هاتووە، ئیدی بەختەوەرییش لەو ماڵەدا نامێنێت و پیاوە بەدوای ژنێکی دیکەدا دەگەڕێت! ئەگەر پێت وایە لە ژیانی هاوسەرگیریدا بەختەوەریت، ئەوا هیچ گومانت نەبێت، بە هەڵەدا چوویت، ئاخر تەنیا دیوی دەرەوەی شتەکان دەبینیت. بۆچی ژن و پیاو پێکەوە ناگونجێن؟ چونکە نازانن ڕامان بەری چ دارێکە و خۆیان نەناسیوە. ئەوە وەک مەحاڵ وایە، بێ ڕامان و بێ خودناسین، بتوانین یەکدیمان خۆش بوێت، ئەوەی ساڵانێک پێکەوە دەژین، پێوەندییە، خۆشەویستی نییە. ئەگەر خۆمان نەناسین، کەسێکی شڵەژاومان لێ پەیدا دەبێت، کەسێک کە کێشە دەخوڵقێنێت و کێشە گەورەتر و ئاڵۆزتر دەکات.
کە ئینسان بە تەنیا بژی، کێشەیەک لە گۆڕێدا نییە، چونکە هەست بە کەموکووڕییەکانی خۆی ناکات، کە شوو دەکات، یان ژن دێنێت، هاوژینەکەی وەک ئاوێنەیەکی لێ دێت، خەوشەکانی پیشان دەدات، ئیدی چونکە کەس ددان بە هەڵەی خۆیدا نانێت، کێشە بەردەوام دەبێت. پیاو کە خەوشەکانی خۆی لە ئاوێنەی ژنەکەیدا دەبینێت، لەبری ئەوەی سوپاسگوزاری هاوژینەکەی بێت کە لە خەوشەکانی ئاگاداری کردووەتەوە و بەڵێنی چارەسەرکردنیان بدات، تووڕە دەبێت و دەڵێت: من جوانم، ئەوە تۆیت ناشیرین دەمبینیت، ژنەیش هەروەها.
ئینسان کە دەکەوێتە داوی (خۆشەویستی)یەوە، بایەخ بە ڕامان نادات، ئەوە بۆیە هەر زوو تووشی کێشە دەبێت. چارەسەر ئەوەیە، بەدەم خۆشەویستییەوە سەرقاڵی ڕامان بین، ئەگەرنا خۆشەویستی بە تەنیا هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات، خۆشەویستی بەبێ ڕامان وەک مەلێکمان لێ دەکات، باڵێکی شکابێت، ئەوە بۆیە کە باسی خەوشێکمان دەکرێت، هاوسەنگیمان تێک دەچێت. خۆشەویستی کۆسپ نییە لەبەردەم ڕاماندا، ئاخر ئاسۆی بیرکردنەوەمان بەرینتر دەکات و یارمەتیمان دەدات چاکتر خۆمان بناسین. تەنیا ئەو وەختە دەتوانین پارێزگاری لە هاوسەنگیی خۆمان بکەین، کە بە دوو باڵی خۆشەویستی و ڕامان دەفڕین.