بەرز و پیرۆز بێت یادی 26ی گوڵان

فازل میرانی*
شۆڕشی گوڵان درێژەدان بوو بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول. دووبارە پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەركردایەتیی خۆی و كادیرانی چالاك و نەبەردی، ئاڵای شۆڕشی ڕزگاریخوازی كوردستانی گرتەوە دەست و دوای ساڵێك لە خامۆشكردنی ئاگردانی شۆڕش بە پیلانێكی هاوبەشی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، ئەم جارە بە هەمان هەناسە و خواست و ئامانجی بەرزی شۆڕشی ئەیلوول، پێشمەرگە و ڕێكخستنەكانی پارتی لە شار و شاخ كەوتنەوە خۆ و دژ بە ستەم و زۆرداریی حوكمەتی خۆسەپێنی بەعس تێكۆشان و شۆڕشیان دەست پێ کردەوە.
شۆڕشی ئازادیخوازی گوڵان لە ساتەوەختێكی زۆر دژواری نەتەوەكەمان و لە هەلومەرجێكی سەختدا بەرپا بوو. دوای نسكۆی 1975 و پیلانی جەزایر، نائومێدی باڵی بەسەر دۆخی دەروونیی ڕۆڵەكانی نەتەوەكەماندا كێشا بوو، هاوکات حكوومەتی عێراقیش سیاسەتێكی دژە مرۆڤانەی دەرهەق بە نەتەوەكەمان و تێكۆشەرانی ڕێی ڕزگاریی كوردستان پیادە دەكرد. دەست پێ کردنەوەی شۆڕش هیوا و ئومێدی گەورەی لە نێو دڵی ڕۆڵەکانمان بووژاندەوە و ئەوەی دووپاتکردەوە کە کورد نەتەوەیەک نییە بە پیلانی چەند جەمسەرە چۆک دابدات، بەڵکوو مەشخەڵی شۆڕش تا گەیشتن بە ماف و ئازادی، هەر گەش و لە بووژانەوەی بەردەوامدا دەبێت.
شۆڕشی گوڵان و تەواوی بزاڤ و خەباتی نەتەوەیی و نیشتیمانیی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەردەم پشتی بە ورەی بەرزی نەتەوەی کورد بەستووە.
ڕۆڵەکانی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، هەموو کات بۆ پشتیوانی کردنی پارتی و ڕێبازی ڕزگاریخوازانە و مرۆڤدۆستانەی بارزانیی نەمر ئامادە بوون. ورەی بەرزی گەل و خۆڕاگری و خۆ نەچەماندنی ڕۆڵەکانی وڵاتمان بەرانبەر بە گوشاری نەبڕاوەی ڕژێمی داگیرکەری بەعس، هێندەی دیکە گوڕ و تینی زیاتری بە شۆڕشی گوڵان دا تا بگەینە ئامانجی پیرۆزی نەتەوەیی و نیشتیمانیی گەلەکەمان.
لە (49)ـەمین ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز بە دەرفەت دەزانین، دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ئەو شۆڕشە و سەر کاروانی شەهیدان بارزانیی نەمرو کاکە ئیدریسی هەمیشە لە یاد و تەواوی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریخوازی کوردستان دەنێرین. تێکۆشانی مەدەنی و یاسایی و دەستووری و ئاوەدانیی ئێستای وڵاتمان، توێشووی خۆی لە قوربانیدان و خەباتە پڕ لە نەبەردییەکانی شۆڕشی گوڵان و شۆڕشە یەک لە دووای یەکەکانی گەلەکەمان بەدەست هێناوە. بە هیوای کوردستانێکی ئازاد و گەش و هەردەم ئاوەدان، دروود بۆ تێکۆشانی نەتەوەکەمان لە پێناو گەیشتن بە سەرفرازیی یەکجارەکی.

*بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی