زیــــــبا تـەهـــــــــــا
ئافره‌تی كورد خه‌باتێكی پڕ سه‌خت و دژواری هه‌بووه، بوێرانه توانیویه‌تی ببێته خاوه‌ن فره ده‌ستكه‌وت له‌بواره جیاوازه‌كاندا. ئه‌م خه‌باته فاكته‌رێك بووه بۆ پێشخستن و په‌ره‌پێدانی پرسی ئافره‌ت نه‌ك هه‌ر له‌ناو كوردستان به‌ڵكو میكانیزمێكی به‌هه‌ند و گرنگ بووه بۆ پرسی ئافره‌ت له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه.
ئه‌گه‌ر لێره‌دا به‌راوردێكی خێرا له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق بكه‌ین، وێنایەکی به‌رز لە کاریگەری چالاکی و خه‌باتی ئافره‌تی کورد ده‌بینین، کە ڕاسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر پێشنیاری پڕۆژه یاساكان هه‌بووه به‌تایبه‌ت ئه‌و یاسایانه‌ی په‌یوه‌ستن به پرسی ئافره‌تان و یەکسانی. لەڕاستیدا یاساکانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌نزیكه‌یی هاوتەریبن لەگەڵ بنەماکانی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەڵاواردن دژی ئافره‌تان (CEDAW) هه‌رچه‌نده له‌دوای پەسەندکردنی سیداو لە ساڵی 1986، عێراق چەند خاڵێكی پێشکەش کرد به‌ڵام نەیتوانی دەستکاری سەرجەم یاسا و ڕێساكان بکات کە جیاکاری لە دژی ئافره‌تان دەکەن.
هه‌روه‌ها له‌دوای ئه‌وه‌ی دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥ پەسەندکرا، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هەنگاوی نا بۆ سنووردارکردنی فرەژنی، دەرکردنی یاسا دژی توندوتیژی خێزانی و قەدەغەکردنی خەتەنەکردنی مێینە. له‌ڕوویه‌كی دیكه‌وه، حکومەتی هه‌رێم پێشكه‌وتنی دیاری لە بواری سیاسەتدا بەدەستهێنا و ئۆرگانی دامەزراوەیی نوێی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئافره‌تان و پشتیوانیکردن لە پرسی یه‌كسانی جێندەریدا بنیاد نا، و توانی بە دامەزراندنی دادگاکانی توندوتیژی خێزانی لە هەر سێ پارێزگای کوردستان، دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری ئافره‌تان فراوانتر بكات.
به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕێژه‌ی به‌شداریكردنی ئافره‌تان له‌ناو دامه‌زراوه سیاسیی و كارگێڕییه‌كاندا، وێنایه‌كی باشی دوو لایه‌نه ده‌رده‌خات، لایه‌نی یه‌كه‌م ده‌ستكراوه‌یی و پشتگیریی حكومه‌ت بۆ پرس و تواناكانی ئافره‌تان،و لایه‌نی دووه‌میش ده‌رخستنی لێهاتووییه‌كانی ئافره‌ت له‌بواره هه‌مه‌چه‌شنه‌كاندا، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات كه مۆدیلی پێشكه‌وتووی حوكمڕانی هه‌رێمی كوردستان له‌ناو عێراق و ناوچه‌كه ده‌ربخات. ئه‌م دوو ڕه‌هه‌نده بوونه‌ته پردێك بۆ خه‌باتی ئافره‌تانی كوردستان و كاریگه‌ری هه‌یه بۆ هێنانه‌پێش و نیشاندانی هێزی ئافره‌تی كورد له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌جۆرێك بوونه‌ته نموونه‌ی دیار له‌قوربانیدان و گیانفیدایی له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئازادی بۆ نیشتمان و ئافره‌تان.
ته‌نانه‌ت له‌ڕووی پێشكه‌وتنی ڕه‌وته فێمینیزمهكانهوه، چالاكی ئافره‌تی كورد له‌ئێستادا نه‌ك هه‌ر له‌ناو كوردستان به‌ڵكو له‌تاراوگه و له‌ده‌ره‌وه‌ی سنووری كوردستانیش بۆته جێگه‌ی بایه‌خ و به‌هاداری پرسی ئافره‌تان، ئه‌مه‌ش وایكردووه رۆژ له‌دوای ڕۆژ له‌لایه‌ن ناوه‌نده ئه‌كادیمیه‌كانه‌وه گرنگی زیاتری پێبدرێت و ببێته به‌شێك له‌و توێژینه‌وه گرنگانه‌ی كه بۆ زه‌روورییه‌تی پرسی ئافره‌ت له جیهاندا ئه‌نجام ده‌درێن.
ئافره‌تانی كوردستان، هه‌نگا له‌دوای هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه ده‌ڕۆن كه نزیكه‌ی سه‌ده‌یه‌كه خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ن و به‌دنیابینی جیاوازه‌وه سه‌یری داهاتووی پرسی ئافره‌تان ده‌كه‌ن، و تێكه‌ڵی ئه‌و ژینگه ده‌بن كه بۆ ئایندهی ئافره‌تان گرنگه. له‌و ڕوانگه‌وه‌یه ده‌بێت ئافره‌تان و ژنانی كوردستان كار له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه بكه‌ن كه ده‌بنه ڕێگه‌یه‌ك بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان، ئه‌وه‌ی هه‌تا ئێره له‌ڕووی ده‌ستكه‌وت و مافه‌وه هێناویانه ده‌توانین بڵێین له‌زۆر لایه‌نه‌وه له‌ئافره‌تانی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق له‌پێشترن، به‌ڵام كاتێك باس له ده‌ستكه‌وته‌كانی ئافره‌تانی عێراق ده‌كرێت، بێگومان خه‌باتی ئافره‌تانی كوردستان ده‌بێته پێشه‌نگی سه‌رجه‌م خه‌باتی ئافره‌تانی عێراق، دواجار ئه‌مه‌ش وه‌ك سیمبولێك بۆ گۆڕانكاری و چوونه پێشی پرسی ئافره‌تان له‌ناوچه‌كه ناوده‌هێندرێت.
زۆر گرنگه ئێمه‌ی ئافره‌تان ئه‌و بوارانه‌ی پێویستی به‌لێهاتوویی زیاتر هه‌یه له‌سه‌ری بوه‌ستین و هه‌موو هه‌وڵێكی خۆمان بده‌ین بۆ ڕاگرتنی باڵانسی یه‌كسانی له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌دا و پشت ئهستوربین به توانا و لێهاتووییه‌كانی ئافره‌تان بۆ ڕاپه‌راندنی كاروباره جیاوازه‌كان و له‌سه‌ر ئه‌و خاڵه هه‌موو كۆك بین كه ئافره‌تی به‌هره‌دار و به‌توانا ده‌توانێت گۆڕانكاری نه‌ك له‌خێزانی خۆی به‌ڵكو لهكۆمهڵگهش دروست بكات و ببێته چاوساغێك بۆ ئافره‌تانی دیكه.
له‌ئه‌مڕۆدا ئێمه‌ی ئافره‌تان، گه‌لێك ستێپی باشمان بڕیوه و به‌رده‌وامیشین، ئه‌وه‌ی ده‌بێته هۆی به‌هێزتربوونی پێگه‌ی ئافره‌تان له‌ناو خێزان و كۆمه‌ڵگه بڕوا بهخۆبوونیهتی واته متمانه‌ی به‌و توانا و ووزه‌یه هه‌بێت كه وه‌ك به‌خششێك خوای گه‌وره پێی به‌خشیوه، له‌وه گرنگتر ئه‌و تێڕوانینه فراوانه‌یه كه بۆ پرسی داهاتووی خۆی هه‌یبێت و پێداگیری له‌سه‌ر هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجانه بكات كه وه‌ك پلان له‌ژیانی كه‌سی خۆی دایناوه. له‌م سۆنگه‌وه ده‌مه‌وێت بڵێم كه خه‌باتی ئافره‌تی كورد زۆر كاریگه‌ره و بۆ ئاینده‌ش ده‌توانێ كاریگه‌رتربێت و ئه‌و مافانه ده‌سته‌به‌ر بكات كه له‌پێناویدا خه‌بات ده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌توانێت ئه‌و ژینگه‌یه بنیاد بنێت كه تێیدا ئافره‌ت ده‌بێته خاوه‌ن پێگه‌ی به‌هێزتر و كاریگه‌رتر.