کوشتنی بە کۆمەڵەی خێزان، ترێندی سۆشیال میدیا

کەلسوم گەزنەی
کاتێک لە میانەی مێژووی کۆمەڵگا مرۆییەکانەوە ژیانی خێزانی دەخەینەڕوو، دەبینن گۆڕانکارییە وەزیفی و ستراکتۆرییەکانی هاو گوزەری گۆڕانکار ئەو کۆمەڵگایە بووکەتێدا ژیاوە. کۆمەڵناسان باس لەوە دەکەن کەوا خێزان گرنگترین دامەزراوەی کۆمەڵایەتییە، چونکە ئەرکە جەوهەرییەکانی تاک و کۆمەڵگا هەڵدەسورێنی. واتە خێزان بوونەوەرێکی مرۆیی دەگۆرێت بە مرۆڤێکی بە مرۆڤکراوەی خاوەن سروشتی کۆمەڵگاکەی، بە هۆی پەروەردەکردن و ئاراستەکردنی لەسەر بنەمای کارلێکی رەمزی کۆمەڵایەتی لە نێوان تاکەکان خۆیاندا. ئەمەش مانای ئەوە دەگەینێت خێزان ئەرکی ڕێنیشاندان و فێرکردن و راهێنانی منداڵەکەیەتی، بنەماکانی تایبەت بە ڕەفتاری تایبەت بونیاد دەنێت. ئەمەش لە ڕێگای پرۆسەی بە کۆمەڵایەتیبوون و بەها و کولتور و نۆرم و بەها ئاینیەکان. بە داخەوە وەک دەزانین لەم ماوەیە پێشوودا چەندین حاڵەتی کوشتنی بەکۆمەڵەی ئەندامانی خێزان لە هەرێمی کوردستان روویداوە. ئەو گرفتە خێزانییانەی ئەمرۆ بەرۆکی کۆمەڵگای کوردی گرتووە، پەیوەستە بە دۆخی ” ئانومیی” دۆخی ئانۆمی چیە؟ واتە دروست بوونی کۆمەڵگایەکی بێ پێوەری و بێ سەرو بەر و سەرلێشواو، لە رۆژگاری ئێستادا خێزانی کورد بەم دۆخەدا گوزەر دەکات، دروستبوونی کۆمەڵگای بێ سەرو بەرو بێ سیستەم چەندین تاوان و دیاردەی کۆمەڵایەتی نامۆ جیاواز تێدا سەرهەڵدەدات. وەک تاوانی کوشتن، دزی، لێکترازان، ئاژاوە گێری، تووشبوون بە مادەی هۆشبەر، سەرپێچی لە یاساو رێسا، نادادپەروەری، گەندڵی…..هتد ئەم دیاردە و تاوانانە لە ئێستا زۆر بە زەقی لەکۆمەڵگەی کوردی بەدەرکەوتووە. بەرۆکی کۆمەڵگای کوردی و تاک و خێزانی کوردی گرتووتەوە. هەرچەندە گرفتە خێزانییەکان دیاردەی کۆمەڵایەتی هەمیشەیین، هیچ کۆمەڵگاو خێزانیک بێ کێشە نابن، بوونی گرفت واتە بوونی ناتەواوییەک یان بۆشاییەک یان لادانێک لە چوارچێوی خێزان و کۆمەڵگادا، کاتێک گرفتی خێزانی تووشی تاک دەبێتەوە، کاریگەری نەرینی لەسەر کۆی ئەندامانی خێزان و کۆمەڵگا دەبێت. دروست بوونی زەمینەیەکی وا نالەبار وەک پێشوتر باسمان کرد پەیوەستە بە دۆخی ئانۆمی، واتە لاوازەی بەها ئاینیەکان، بەهاو نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان، تێکشکانی هاوسەنگی لە نێوان ئەرک و مافەکاندا، لاوازەی یەکپارچەی کۆمەڵایەتی، سەرگەردانی لە شوناسدا، ……….هتد بوونی ئەم پێورە ئانۆمیانە دەیان کێشەی خێزانی خولقاندووە، بەنموونە کوشتنی ئەندامانی خێزان بە کۆمەڵ چەندین حاڵەت هاوشێوە لە کوردستان لە ماوەی دوومانگی ڕابردووە روویداوە، لە لایەکی دیکە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان و گرفتەدەروونیەکان دیوەکی تری ئەم حاڵەتانەن، گرفتە دەرونییەکان وەک دڵ راوکی، خەمۆکی، تووڕەبوون، گوشەگیری، ڕەق کینە…….هتد ئەم گرفتە دەروونیانە وایکردووە چەندین تاوانی نامۆ ئەنجام بدرێن، دیسان دەگەڕێمەوە سەر ئەو نموونەیە کوشتنی بە کۆمەڵەی ئەندامانی خێزان. کە ئەمە نە لە دین نە لە کلتورو پێوەرە کانی کۆمەڵگا ڕێگا پێدراوە. دەکرێت ئەم بابەتە لە ڕێگای پرۆسەی بە کۆمەڵایەتیبوونەوە چارسەر بکرێت واتە لە ڕێگای پەروەردەی خێزان و دامەزراوەکانی تری کۆمەڵگا. زۆر گرنگە منداڵ لە کاتی منداڵیدا سۆز ریز و خۆشەویستی دایک و باوکی پێ پیشان بدرێت، چونکە سۆزداری زادەی خۆشەویستی و ڕێز و لێکتیگەیشتن و هاوکاری دوولایەنی ئەندامانی خێزانە، بەڵام نابێت نازی زۆری پێ بدرێت، هەر بۆیە ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی خێزان تووشی سستی ئەقڵ بێتەوە، هەروەها لە کێشە دەروونیەکە وا دەکات پەروەردەیەکی هەڵە بەرامبەر بە منداڵ پەیڕەو بکرێت، بەمەش پەروەردەیەکی ناکام بەرامبەر بە ئەنادامانی خێزان دەکات، کەوا کاریگەری نەرینی لەسەر کۆی ئەندامانی خێزان و تەواوی کۆمەڵگا دروست دەکات، بەمەش خێزان و کۆمەڵگا دەخاتە مەترسییەوە، هەر بۆیە چۆن گرنگی بە لایەنی تەندروستی و جەستەیی دەدەین پێویستە ئاواش گرنگی بە لایەنی دەروونی بدەینن چونکە دەروونێکی ئارام و تەندروست کۆمەڵگا و خێزانی تەندروستی لێ بەرهەم دێت.