سەودەت خالید
لە رۆژگاری ئەمرۆمان شایەتحالی ئەوەین کە هەوڵی زۆر و چەند ساڵە دراوە بۆ وەستاندنی توند و تیژی و پێشیلکاری دژی مافەکانی ئافرەت لە سەرتاسەری دونیا و جیهان،بە تایبەت لە رۆژگاری ئەمرۆمان کە هەوڵدراوە ئافرەت بەژداربێ و شوین پێ هەبێ لە بواری سیاسی و زانستی و ئابووری و وەرزشی و تەنانەت سەربازیش،بەڵام جێگەی داخە کە وەکو پێویست مەبەستەکە نەگەشتووە و دانی پێدا نەنراوە، بە تایبەت لە وڵاتەکانی دواکەوتوو و جیهانی سێیەم، ئافرەتان رووبەرووی توند و تیژی دەبنەوە و دەبنە قوربانی دەستی بەرنامەی پیاو سالاری.
سەرەرای ئەوەی کە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە (٢٥) تشرینی دووەمی ساڵی (١٩٨١)، بە رۆژی بە گژداچوونەوەی توند و تیژی دژی ئافرەتان راگەیاندوە، بەڵام نەتوانراوە ببێتە هۆی پاراستنی تەواوی ئافرەت و مافەکانیان لە دژی توند و تیژی و هەمووامان وا شاهیدی ئەوەین کە رۆژانە لە وڵاتە دواکەوتوو و پێشکەوتووکان جۆرەها رەفتاری نا مرۆڤانە بەرامبەر ئافرەت دەکرێت.
هەروەها ئاینی پیرۆزی ئیسلامیش رۆڵکی گەورە و کاریگەری هەبوو لەو زەمینە، هەر ئیسلام بوو ئافرەتی رزگارکرد لە زیندە بە چاڵکردن لە سەردەمی نەفامیدا، چەندین سەدە لەمەوبەر ماف و پلەی بەرزی بە ئافرەت بەخشیوە .
سەبارەت بە ئافرەتەکانی کورد ئەگەر سەیری ژیانی رۆژانەیان بکەن دەبینن کە رێژەکی کەم هەیە لە ئافرەتەکان ژیانیان بە سیاست نەبەسترابێت، هۆکاری گرێدانی ژیانیان بە بابەتی سیاسی هەڵبژاردەیان نەبووە بالکو هۆکاری هەڵکەوتەی شوێنی جوگرافی و ژیانیانە، وەک ئاشکرایە کە خەلکی هەر چوار پارچەی کوردستان لە دوای پارچەکردنی لەلاین بەریتانیا و فەرنسا بەردەوام لە ناو گێژاوەی شەر بووە، وە شەهید کردنی هاوسەر و باوک و برایان ئەو غیرەتەی بە ئافرەتان بەخشی کە چیتر کوشتن کەسوکار و زولم قبول نەکەن و کاری بۆ بکەن و بێنە ناو سیاسەت و چەک هەڵگرن .
بەڵام ئەگەر باسی مافەکانی ئافرەت بکەین لە کوردستان ئەوە دەبی بڵین کە کەم تا زۆر مافەکانیان بۆ جێبەجی کراوە و ئافرەتی کورد رۆلی بەرچاووی گێراوە لە زۆربەی پیشە و کارە جیاوازەکان و شوین پێی دیارە چونکە ئافرەتی کورد زۆر چاو نەترس بووە و شان بە شانی پیاو کاریان کردوە و داکۆکیان لە مافی کورد کردووە، ئەمە بەو مانایە دێت کە ئافرەتی کورد بۆ بچووکترین مافی چەندین و چەندین جار جەنگاوە بۆیە گەشتۆتە ئەو قۆناغەی ئیستا کە شانازی بە بوون و غیرەتیان دەکرێت.
نموەی بەر چاو خەجە باو کە چاونەترسی دەنگدانەوەی هەبووە. وە ( لەیلا قاسم، قەدەم خێر، حەپسەخانی نەقیب، خانزادی میری سۆران، ئامینە خان، مینا خان، مەستورەخانی ئەردەلان …) ئەمانە سەلمینەری ئازای و چاونەترسی ئافرەتانی کوردن، جێگای سەربەرزی و شانازیە بۆ گەلی کورد کە ناویان هەمیشە درەوشاوەیە لە مێژووی کورستانی پیرۆز، هەر وەک خوا لێخۆشبوو کاپیتان (حەمەدی مەولودی) دەلی کورد کاتەک لە دایک دەبی ترس لە دوای خۆی بە جێدەهێلی و چاو نەترس دەبی.
هەرچەند خۆشبەختانە لە هەرێمی کوردستان گرنگی دراوە بە مافی ئافرەت بەلام دەبێ زیاتر کاری بۆ بکرێت سەرەتا لە داینگا و خوێندنگا فێری منداڵەکان بکرێت کە دەبێ رێز لە ئافرەتان بگیرێت چونکە ئافرەت بەخشەری رەنگە بە ژیان، ئافرەت دایکە، خوشکە، خێزانە، کچە.
هەروەک وتراوە کە ئەگەر پیاوێک هۆشیاربوو مرۆڤێک هۆشیار دەبێ، بەڵام ئەگەر ئافرەتەک هۆشیاربێ، میللەتێک هۆشیار دەبێ.
لە کۆتایدا دەبێ دان بەو راستیە بنێین کە بۆ بنبرکردنی توندوتیژیەکان تەنیا گرتنەبەر ڕێوشوینی ئیداری و یاسایی، یاخود ڕێپێوان و دەرکردنی بەیاننامەی نارەزای یان سازکردنی مەراسیمی یادکردنەوە و بڵاوکردنەوەی پۆستەرات، تەنانەت سەرکوت کردن و لۆمەکردنی کلتووری دواکەوتوی کۆمەڵگاش بەس نین، بگرە پێویست لە ریشەوە کار بۆ بنبرکردنی بکرێت، لە ریشەوە کار بۆ لە ناوبردنی ئەو زەمینە روحیە بکرێت کە هۆکاری بەکارهێنانی توند و تیژیە بەرامبەر ئافرەت و مافەکانیان و بێ دەسەڵات و زەحیف بینینی ئافرەتە، ئەو بیرو باوەرە بسەپێنرێت کە ئافرەتیش مرۆڤە و دەبێ مامەڵەی مرۆڤانەی لەگەل بکرێت.