فەزیلە شۆرش
باوەڕ بەخۆبوون بناغە و سەرەتایەکە بۆ دروست کردنی کەسایەتی بەهێز و بە توانا.
بێگومان، هەرکەسێک هەڵگری کەسایەتی خۆیەتی و بەرپرسیشە لەکار و هەڵسوکەوتی خۆی، گرنگە مرۆڤ ببێتە پۆلایەک لە بەردەم هەموو ئاستنگەکان کە دەبنە هۆکاری رێگری لە سەرکەوتن.
مرۆڤی باوەربەخۆ، بەئەرێنی سەیری ژیان دەکات و ڕووبەڕووی ئاڵەنگارییەکانی دەبێت، کێشەکانی بە توانای بیرکەر چارە دەکا، بەمە دوور دەبێت لە بریاری هەڵە و شکست، ئەگەر تووشی شکست وبریاری هەڵەش بێت، بە ئەزمونێکی پڕ بایەخ سەیریان دەکا و دەبنە وانەیەک و سوودی ڵێوەردەگری، لە زۆربەی زۆری کارەکانی توانای لێکجیاکردنەوەی کارە باش و خراپەکانی دەبێت، هەنگاوەکانی بەرەو ژیانێکی ئاسودە و سەرکەتوو خێراتر دەروا، نزیک نابێتەوە لە ژیانێکی چەوت و ئاکامی چەوت، چونکە هەڵسوکەوت و کارەکانی درەوشانەوەی هەستی ئەرێنیەکەی ناخیەتی کە هەڵقوڵاوی باوەر بەخۆبوونە.
لە گرنگترین تایبەندیەکانی باوەربەخۆبوون، هێز بەخشینە بە مرۆڤ بۆ بەرگەگرتنی بەرامبەر کاریگەری نەرێنیەکان، بە متمانەوە دەڵێ نەخێر بۆ هەرکارێک وەیا هەڵسوکەوتێکی زەرەرمەند.
بێگومان لە ژیان و ڕۆژگاری ئێستادا، کە جیهانێکی کراوەیە، بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و ئەنتەرنێت بە شێوەیەکی فراوانە، ئەمانە کاریگەرێکی راستەوخۆیان هەیە بەسەر تاک و کۆمەڵگە و پەیوەندیە کۆمەڵاتیەکان، ئینجا چ بە ئەرێنی بێ یا بە نەرێنی بێت، مرۆڤی باوەربەخۆ بە متمانەوە زاڵ دەبێتە سەر نەرێنیەکانی ئەم پێشکەوتنە و ژیانێکی هاوسەنگ لە نێوان کەسایەتی خۆی و خێزانی و کۆمەڵگەی دروست دەکا و دەبێتە پێکهێنەرکی گرنگ و سودبەخش لە کۆمەڵگە و ڕۆلێکی باش و بەرچاوی دەبێت لە دروست کردنی متمانە و هەستی ئەرێنی لە ناخی تاکەکانی دەوروبەری، پاڵنەرە بۆ سەرکەوتنی ئەرێنیەکان لە ناخی تاک و بەهێزتر کردنی کەسایتیەکانیان.
کاتێک مرۆڤ کەسایەتی بەهێز دەبێ پەستانی ژیان بە نەرێنی کار ناکاتە سەر شێوەی ژیانی، بەڵکو ئامانجەکان لە قۆناغە جیاکانی ژیانی، ژیان بە نرختر و بەرزتر دەکا و دڵخۆشی و ئۆمێد، مانایەکی رەوشەنتری دەبێت لە لای و هەستی خەمۆکی زال نابێتە سەری و ڕێڕەوی ژیان و چۆنیەتی ژیان و دانانی ئامانجی رۆنتر و ئاسانتر دەبێ.
تاکوو مرۆڤ، باوەربەخۆبوون و متمانە بەدەست بهێنی، گرنگە هەرگیز بە نەرێنی بیرنەکاتەوە.