وەرگێڕان: شێرکۆ حەبیب
بەشی چوارەم
پێشەکی
سەرجەم ئەم بەڵگەنامانەی بە سوپاسە لە رۆژنامەی هەولێر بڵاو دەکرێنەوە بەشێوەی زنجیرە، سەرجەمیان لە ئەرشیفی نیشتمانی بەڵگەنامەکانی بەریتانیاوە دەستم کەوتوون بۆ سەر زوبانی عەرەبی وەرمگێڕاوە و چاپ کراوە و، پێشەکیەکەی لە لایەن بەڕێز پڕۆفسۆر عەبدولفەتاح بۆتانی نووسراوە، کە ١١ پەرتووکن (کەس مافی دووبارە بڵاوکردنەوەی نییە) و لێرەدا بە زوبانی کوردی دەیخەنە بەر دیدی خوێنەرانی بەڕێز بە زوبانی کوردی، بۆ ئەوەی تۆزێک لەگەڵ ئەو مێژووە ئاشنا بن.
بەشداری هێزی ئاسمانی شاهانە:
دۆخێکی هەستیار سەری هەڵدا و پێویست بوو پە لە هەنگاوی ئاسمانی بگیرێتە بەر بۆ گەڕاندنەوەی شکۆمەندی حکومەتی عێراق و سزادانی شێخ ئەحمەد لەسەر دژایەتیکردنی بۆ سوپای عێراق. عەمیدی ئاسمانی (سی.ئێڵ. کۆرتنی)، خاوەنی میدالیای خزمەتی شایستەی سەرکردەی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا، جێگرەوەی من بوو لەو کاتانەی کە لە کەنداوی فارس دەبووم، لەسەر داواکاری حکومەتی عێراق و بە ڕەزامەندی کۆمیسیاری باڵا هێزی ئاسمانی شاهانە ئەو ئەرکە لەئەستۆ بگرێت، بە هۆکاری ئەوەی هێزی ئاسمانی عێراق لەم کاتەدا شایستەی ئەوە نەییە ئەو ئەرکە لەئەستۆ بکرێت، بەم پێیە دوای ئاگادارکردنەوەی پێویست گوندی بارزان لە 10ی کانوونی دووهەم بە فڕۆکەی فەوجی ژمارە 30 (بۆمبڕێژکەر)ی سەر بە فڕۆکەخانەی (مووسڵ) بۆردومان کرا.
ڕووداوێکی نائاسایی لە کاتێکدا ڕوویدا کە فڕۆکەوانێکی سەربی ژمارە ٣٠ (بۆمبڕێژکەر) بۆردومانی دەکرد. لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ مووسڵ ڕایگەیاند کە کارکردن بە سیستمی بێتەل و، تۆپی ئاسمانی ژمارە 566410 A C I C P J E لەدەست داوە. دواتر فڕۆکەوانێکی تریش ڕایگەیاند کە یەکێک بە پەڕەشووت کەوتووەتە خوارەوە و بە سەلامەتی نیشتووەتەوە لە یەک دوو میل بەرەو باشووری ڕۆژهەڵاتی بارزانەوە. کاتێک دوایین جار بینرا، پیاوەکە بەرەو بلێ ڕای دەکرد.
ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی ١٠ی کانوونی دووهەم:
هەرچەندە هیچ ئاگرکەوتنەوەیەک رووی نەدا، جگە لە کەمێک زیانی ماددی، لە ئەنجامی بۆردومانەکەی ٩ی کانوونی دووهەمدا، پێدەچێت کاریگەرییە ماددییەکەی زۆر بووبێت و تێڕوانینی گشتی لە ئاسمانەوە ئەوە بوو کە گوندی بارزان و تەواوی ناوچەکە چۆڵ کراوە، دواتر ئەمە لەلایەن زیندانییەکەوە پشتڕاست کرایەوە ڕایگەیاند لە ئەنجامی هۆشدارییەکەدا دانیشتووان هەڵاتوون بۆ ئەشکەوت و گوندە بچووکەکانی بناری باشووری ڕۆژئاوای چیای شیرین.
ئۆپەراسیۆنەکانی ١١ی کانوونی دووهەم تەنیا زانیارییەکی سنووردار بوو، هاوکات شێخ ئەحمەد تەلەگرامێکی ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە و دۆستایەتی خۆی دەربڕیوە و داوای کردووە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی بوەستێنێت، حکومەت وەڵامی دایەوە و داوای گەڕانەوەی سەرجەم زیندانییەکان و سەرجەم ئەو کەرستانەی کرد کە دەستی بەسەردا گرتووە.
گواستنەوەی زامداراەکان لە بلێ:
بڕیار بوو لە ١٠ی کانوونی دووهەم، ئەو سەربازە زامدارانەی سوپای عێراقی کە بە سەختی بریندار کەوتبوون لە بلێ، بگوازرێنەوە، دوو فڕۆکەی لە بنکەی ڤیکتۆریا، کە لەلایەن ملازمی یەکەمی فڕۆکەوانی (وێبستەر ئەی ئێف سی) و ئەفسەری فڕۆکەوانی (بی.م. تێری ئەلهێندی) بەرێکەوتن، دوای ماوەیەکی کەم لە نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە دابە مەبەستی نیشتنەوە گەیشتنە بلێ.
لەم نێوەندەدا هەواڵگریی سوپا گەیشتبووە بلێ و، بەیانییەکەی ١١ی کانوونی دووهەم ڕاپۆرتیان دابوو کە شوێنی نیشتنەوەکە ئەگەرچی نەرمە، شیاوە بۆ نیشتنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا هەندێک گومان لەسەر وەرگرتنی ئەم ڕاپۆرتە هەبوو کە ئایا ئاسایی دەبوو فڕۆکەکە بنیشێتەوە، بەم پێیە فەرماندەی فەوجی ژمارە ٣٠ (بۆمب هاوێژ) بڕیاری دا بارودۆخی زەوی نیشتنەوە تاقی بکاتەوە بە نیشتنەوەی فڕۆکەیەکی جۆری (واپیتی) کە تایەی تایبەتی پەستانی نزمی تێدابوو. (واپیتی)بە سەلامەتی نیشتنەوە و دواتر دوو فڕۆکە لە ڤیکتۆریا بەرەو بلێ فڕین و بە پێنج بریندارەوە گەڕانەوە مووسڵ، هەردوو فڕۆکە لە مووسڵ نیشتنەوە و سووتەمەنییان پڕکرد و جارێکی دیکە لە کاتژمێر ١٩٠٠ بە کاتی ناوخۆ بەڕێ کەوتن، شەوەکە بە فڕینەوە تا کاتژمێر ٢٢٠٠ بە کاتی ناوخۆ بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی شاهانە لە بەغدا.
ئۆپەراسیۆنەکانی ١٢ـی کانوونی دووهەم:
پاشنیوەڕۆ کاروانی دیل و زیندانی کراوەکان بە قائیمەقامی زیبارەوە لە بارزانەوە گەڕانەوە بۆ بلێ. ئەم وەڵامدانەوە خێرایە بۆ ئەو فەرمانانەی کە ڕۆژی پێشوو بە شێخ درابوو، بێ گومان بەهۆی بۆردومانەکەی ٩ی کانوونی دووهەمەوە بوو، دواتر هەموو زیندانییەکان لەلایەن شێخ ئەحمەدەوە ئازاد کران، هەروەها بەڵێنی دا کە تفەنگ و تەقەمەنییەکان رادەست بکات.
پلانی کۆنترۆڵکردنی بارزان:
ڕووداوەکانی بەشی دووهەم و سێهەم پرسی بارزانیان گەیاندە سەر لوتکە، حکومەت نیازی خۆی پشتڕاست کردەوە بۆ ئەوەی هەموو دەڤەری بارزان بخاتە ژێر ئیدارەی ئاساییەوە بە گوێرەی بڕیار و ئاکامی کۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ لە ٩ی کانوونی دووهەم ١٩٣٢، کە مەبەستی سیاسی و کارگێڕی حکومەتی عێراق بەڕوونی دەرخست کە لەگەڵ تەواوبوونی چاوەڕوانکراوی ئینتداب لە ئەیلوولی ١٩٣٢، ئەمە دوا دەرفەت دەبێت کە عێراق بتوانێت پشت بە پشتیوانیی هێزی ئاسمانی شاهانە ببەستێت بۆ چەسپاندنی کۆنترۆڵی ئیداری لە چوارچێوەی سنوورەکانیدا، بۆیە بڕیار بوو پێش مانگی ئەیلوول ئیدارەیەکی ڕێکوپێک لە تەواوی ئەو ناوچەیەی کە ئێستا لە ژێر دەسەڵاتی شێخ ئەحمەد دایە دابمەزرێت، واتە ناوچەی سێ قەزای نوێی پێشنیارکراوی کە لە خوارەوە نیشان دراوە، دابمەزرێنرێت:
پلاندانانی کۆتایی بۆ کارگێڕیی مەدەنی (سیڤیل):
لە چاوەڕوانی سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بڕیار درا سێ ناحیە نوێ پێک بهێنرێت:
دوو ناحیە سەر بە لیوای (مووسڵ) بەو ناوانەوە: مەزوری باڵا و بەڕۆژ.
ناحیەی باشووری ڕۆژهەڵاتی (ڕۆکۆجۆک) ناسراو بە (شیروان)، ئەو ناوچەیەی ناحیەی (شیروان) دەگرێتەوە تا ئێستا بەشێک بووە لە لیوای (مووسڵ)، بەڵام ئیدی بڕیار درا بگوازرێتەوە بۆ ناحیەی (رەواندز) لە لیوای (هەولێر) و، سنوورەکانی دەستکاری بکرێت، لە نێوان هەردوو لیواکە بە شێوەیەکی یاسایی بۆ پەیڕەوکردنی هێڵی (ڕۆکۆجک) و سەرووی زێی گەورە، سنووری قەزا و ناحیەی نوێی پێشنیارکراوی لەسەر نەخشەی هاوپێچکراو لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتەدا نیشان دراوە.
بارەگای کارگێڕی بۆ هەر ناحیەک بەم شێوەیە دەبێت:
ناحیە ـــــ بارەگای کارگێڕی
شیروان ـــــ گەورەتوو گۆڕا و کرایە مێرگەسور
مزوری باڵا ـــــ شیروان مەزن
بەڕۆژ ـــــ بارزان
سیاسەتی گشتی:
بەو پێیەی ئینتداب وا خەریکە کۆتایی پێ دێت و، حکومەتی عێراق دەبێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت و بجووڵێت، سوپای عێراقیش دەبێ ڕێز و دەسەڵاتەکەی لە ناوچە کوردییەکان بسەپێنێت و بپارێزێت بەبێ پشتیوانییەکی جەوهەری و ئەخلاقی و مادی حکومەتی بەریتانیا. ئەوەی خوازراوە کە سوپای عێراق لە ڕێگەی سەرکەوتنی سەربازییەوە لەسەر زەویدا سەرکەوتوو بێت لە سەپاندنی شکۆمەندی خۆی لە نێو کورددا، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش پێویست بوو هێزی ئاسمانی شاهانە دوور بکەوێتەوە لە سوپای عێراق و جێ بهێڵێت تا ئەو جێگایەی کە بتوانێت دەسەڵاتی خۆی جێگیر بکات و شکۆمەندی خۆی جێگیر بکات و کارامەیی خۆی بەدەست بهێنێت، سەرەتا ئەو سیاسەتەی پەیڕەو کرا (کە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی شێخ مەحمود لە بەهاری ساڵی ١٩٣١)، ئەوە بوو کە بەرپرسیارێتیی سەرەکیی پلاندانان و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بدرێتەوە بە دەسەڵاتدارانی عێراق و پلانەکانی وەزارەتی بەرگریش لە شوێنێک کە دروست بوو پێشکەشی کۆمیسیاری باڵا کرا کرا بۆ لێکۆڵینەوە و پەسەندکردنی، بەڵام ئەمە کەمێک زیاتر بوو لە فۆرماڵیزمێک و ڕۆڵی هێزی ئاسمانی بەریتانیا سنووردار بوو بە هاوکاری ئاسمانی لەگەڵ سوپای عێراق، هەرچەندە بێگومان هەمیشە وەک یەدەگ لە حاڵەتی لەناکاودا بەردەست دەبوو.
ئامادەکردنی هێزەکان بۆ ئۆپەراسیۆنەکان:
دوای رەزامەندی و ڕێگەپێدان بە داواکارییەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق، ئەم هێزانەی خوارەوە بە پلەی یەکەم بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی باکووری کوردستان ئامادەبوون:
یەک فەوج لە پیادە
پاتری شاخاوی
یەکەی پیادەی ٤
یەکەیەکی رەشاشی ئۆتۆماتیکی
یەکەکانی جۆڵاو
یەک کەتیبەی پیادە ( لە حامیەی بلێ پێک دەهێنێت)
یەک فەوجی پیادە (یەدەگ لە کەرکووک)
ژمارەی یەکەکان:
لەکاتی تاوتوێکردنی پلانەکان لە شوباتی ساڵی 1931، حکومەت لە بنەڕەتدا پلانێکی پەسەند کرد بوو کەوا سێ یەککە کۆببنەوە لە باکووری ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بۆ هێرش کردنە سەر بارزان، هێرشێکی لەم جۆرە کەموکوڕی زۆری خستە روو، بەڵام من ڕەتمکردەوە بەهۆی سروشتی شاخاویی ناوچەکە ئەو سێ یەککەیە نەیاندەتوانی پشتگیری و هاوکاری یەکتر بکەن، هەروەها بەهۆی سنووردار و کەمی سەرچاوەی بەردەست و ئامادەیی ئەوان بۆ دواکەوتن، نەتوانرا جووڵەی یەکەکان هەماهەنگ بکرێن و هاوکاری ئاسمانی قورس دەبوو.
لە کۆتاییدا، وەک پێشتر ڕوونمان کردۆتەوە، ناوچەی سەرەکی (بارزان) بەربەستی ئاستەم و مەترسیداری سروشتی هەیە بە ڕووبار و شاخەکانەوە پارێزراوە و، تاکە خاڵی پراکتیکی چوونە ژوورەوە لە باشووری ڕۆژهەڵاتەوە بوو لە دەروازەی سەر ڕۆکچۆک و نزیکبوونەوە و چوونە ژوورەوە لە باکووری ڕۆژئاواوە بەسەر ڕووباری شەمدینان لە ڕادەبەدەر قورس بوو.
بڕیاردرا واز لە پێشنیازی ناردنی یەکەیەک لە ئامێدیەوە بەرەو ڕووباری شەمدینان بنێردرێت، بەڵام هەمیشە خواستی پاسەوانیکردنی دەروازەکانی سەر ئەم ڕووبارە و هەڕەشەی سەرەکی بۆ سەر بارزان لەم دیوەوە هەمیشە لەبەرچاو دەگیرا و لە ڕاستیدا هەر کە هێزەکان گەیشتنە قۆناغێکی دواتری ئۆپەراسیۆنەکان خرابوونە بواری کردەوە.
لە ئەلقەی ئایندە:
ئەو ڕەچاوکردنانەی کە کاریگەرییان لەسەر ئامانجی سەرەکی هەیە:
• قۆناغە سەرەکییەکانی پرۆسەکە
• پشتگیری ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان
• هاوکاری نێوان ئیدارە مەدەنییەکان
• بەکارهێنانی هۆزە نانیزامییەکان