عەمەر ئەرگوشی
لە مێژە دەمویست بڵێم ئێوە ڕێگایەکتان گرتووە و هێدی هێدی پێیدا دەڕۆن و هەر خۆتان و ئەوانەی لێتان تێدەگەن دەزانن کام دەشت و کێو دەبڕن و لە کام لووتکەی سەربەرزن.
کاتێک کە کوردستان لە زوڵماتی داگیرکاری و جەنگێکی سەپێنراوی عەرەبدا بوو، لەسەر ئەو هەرێمەی کە هی هەمووانە، ئێوە و هەموو ئەوانەی لێتان تێدەگەیشتن زەردەخەنەی ڕزگارییان لەسەر لێو بوو و دەشتانزانی لە کام قۆناغی ڕزگاریدا لەنگەر دەگرن.
هەموو ڕۆژە سەختەکانتان بڕین و بە ئارامترین بزاڤ توانیتان گەلەکەتان لە قۆناغێکی زۆر نزیک لە ڕزگاریی یەکجارەکی نزیک بکەنەوە. ئەو خەڵکانەی لە خەیاڵیشماندا نەبوو ناومان بێنن، کردتاننە دۆست و کردتانە هاندەر و پشتیوانی بەهێزی کێشە ڕەواکەی میللەتەکەتان. کێیە بێجگە لە خۆت، دەستی بگاتە ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمریکا و بییانخاتە جووڵە بۆ خزمەتی ئەو کوردستانەی کە هەموویان خەریکی تێکدانی بوون، جگە لە خۆت و ئەوانەی لە دێر زەمانەوە لێتان تێدەگەن؟ خۆ ئێوە بەتەنیا نین، هەموو ئەوانەی شوێنکەوتەی ئەو ڕێبازەن کە خۆتان و هەموو ئەوانەی پێی پەروەردە بوون لەو پشک و بەشە شێرەی سەرکەوتنەکان و گۆڕینی ئاراستەی مێژوودا بەشدارن.
ئەمجارە جیاوازە، لە کاتێکدا ناوچەکە نوقمی خوێنە و بۆنی بارووت و دووکەڵ ناوچەیەکی شپرزەی دروست کردووە و دەڤەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شینن و ڕەشپۆشن، ئێوە زەردەخەنە دەخەنە سەر لێوی ئاشقانی ئازادی و هەموو ئەوانەی خەون بە ڕزگاری و خۆسەریی گەلی کوردستانەوە دەبینن. هەموومان لە کەناڵەکانەوە دەتانبینین چۆن ئەوانەی تا دوێنێ ئامادە نەبوون ناومان بێنن، ئێستا نۆبەت دەگرن ئەو شەرەفەیان بەرکەوێت یان شانازییان پێ ببەخشرێت کە لە دیدارتان بگەشێنەوە. ئەگەر خۆتان نەبن، دەبێت کێ بێت ئاراستەی مێژوو وەرگێڕێت و پۆڵا نەرم بکات و چیا بکاتە دەشت و ئەمریکا، بە گەورەیی خۆی، بکاتە دۆستی ڕۆژانی تەنگانە؟ هەر ئێوەن ناوچە و جیهانتان سەرسام کرد و ئەوانەی دەسەڵاتیان بەسەر هەموو جیهاندا دەشکێت، دەیانەوێت بە شێوەیەک لە ئێوە نزیک بن کە وەک ئێوە ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشانە ببنەوە کە لەسەر ئەو میللەتەتانە کە بە درێژایی مێژوو پێشمەرگەکانی ئێوە قەڵغانی پاراستنی بوون.
ستایشی ئەو ڕێککەوتنانەی ئێوە ناکەم لەگەڵ ئەمریکییەکان یان ئەو گرێبەستانەتان لەبارەی وزەوە، لەبەر ئەوەی بەهایان زۆرە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی توانیتان متمانەیەک لە لایەن ئەوانەوە دروست بکەن کە بێن لە کوردستان، خەمەکانی گەلی کوردستان بە هی خۆیان بزانن و بەختەوەری و پێشکەوتنیشیان بە شانازییەکانیان بزانن و لەم سەردەمە پڕ کێشە و مەترسیدارەدا بە دەوڵەتی عێراق بڵێن: “ئەوەتا کورد لە دەستی ئێوە دەرچوون و کورد ئیتر لەمەودوا ئامانج و نیشانەیەکی ئاسان نییە کە نە مافیان بخورێت و نە وڵاتەکەیان داگیر بکرێت، بەڵکوو دەبێت مافیان بدرێت و شایستە دەستوورییەکانیان بێ کێشە ڕێزیان لێ بگیرێت.”
ئەمجارە لە گەڕانەوەدا دەستتان پڕە. زوڵملێکراوانی کوردستان حەز دەکەن لە گەڕانەوەدا بە پیادە بگەڕێنەوە، بەڵام لە ئەمریکاوە نا چونکە دوورە، بەڵام ئەگەر لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دابەزین، لەوێ بەڵێن بێت فەرشێکی سوورتان بۆ بە درێژایی زەوی تا هەولێر ڕاخەین بە شێوەیەک خەڵکی کوردستان لە هەردوو لای فەرشەکە بە چەپڵەڕێزان ڕاوەستن کە ڕیکۆردی پێشوازیکردن لە پاپای پیرۆزی ڤاتیکان بشکێنێت و بەرەو هەولێر بەرێکەون بەو هیوایەی بەم زووانە بکرێتە پایتەختی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و ئەو ئاڵایەی لێ هەڵبواسن کە قازی محەمەد بە ئەمانەت دابوویە دەست بارزانی بۆ ئەوەی پارێزراو و شەکاوە بێت.