هەوڵەکانی ئۆپۆزسیۆن پێویستە لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتدا بێ

شێرکۆ حەبیب
لە زانستی سیاسەتدا وەک ئاماژەی پێکراوە لەلایەن شارەزایانی ئەو زانستە، دەستەواژەی ئۆپۆزسیۆن پەیوەستە بە پارتە سیاسییەکان یان هەر گروپێکی ترەوە کە دژایەتی حکوومەتێک یا گروپێکی سیاسی یان حزبێک دەکەن لە ناوچەیەک، شارێک یان وڵاتێکدا، ڕادەی دژایەتی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر و لە سیستەمێکی سیاسییەوە بۆ سیستەمێکی تر جیاوازە.
پەیوەندی هاوبەشی نێوان حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن لەوەدایە کە هەردووکیان دوو جەمسەری سەرەکی سیستەمی سیاسین و بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پشت بە یەکتر دەبەستن، حکوومەت پێویستی بە ئۆپۆزسیۆنی تەندروست هەیە بۆ ئەوەی چاودێری کارەکانی بکرێت و بە رێک و پێکی کارەکانی ئەنجام بدات، و بوونی ئۆپۆزسیۆنیش بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و بەشداری سیاسی گرنگە.
ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە ئەو ئۆپۆزسیۆنەیە کە ڕەخنە لە حکوومەت دەگرێت و هەڵەکانی دەست نیشان دەکات و حکومەتی لێ ئاگادار دەکاتەوە بۆ ئەوەی حکومەت پێداچوونەوەی بۆ بکات و چارەسەریان بکات بەو شێوازەی لە بەرژەوەندی میللەت دابێ، بەڵام هەندێ مامەڵەکردنی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ حکوومەت وەک دوژمن داریەک وایە کە میللەت باجی ئەم دوژمنایەتیە دەدات و ئەم شێوازە بە هیچ شێوەیەک پێ ناگوترێت ئۆپۆزسیۆن چونکە نیشتمان لەوە زۆر بە بەها و بەنرخ ترە، و مەحاڵە بتوانێت لەو بارودۆخە پێشکەوێت بەڵکو بەهۆی ململانێ سیاسی بێ بنەما لاواز دەبێت.
ئەمرۆ لە کوردستان خۆشبەختانە سیستەمێکی دیموکراسی پەرلەمانی لە ئارادایە، کە پانتایەکی بەرفراوانی بۆ دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن رەخساندوە، کە بتوانن بە گوێرەی بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی چ دەسەڵات چ ئۆپۆزسیۆن کارەکانیان ئەنجام بدەن.
ئەوەی ئەمڕۆ لە کوردستان بەدی دەکرێت بەداخەوە، ئۆپۆزسیۆن نەک چاودێری حکوومەت ناکات بەڵکو دژایەتی حکوومەت و میللەت دەکات (لەگەڵ رێزم بۆیان وەک کەسایەتی)، کە ئەمەش بە زەرەری میللەت و وڵاتدا دەشکێتەوە و هاووڵاتی دووچاری دڵەڕاوکێ دەبێ، و ئەزموونی دیموکراسی میللەتێکی زیاتر لە سەدەیەک کە ژێر دەستی رێژێمێکی دیکتاتوری ڕەگەزپەرستی بوو لە ماوەی ئەو چەند ساڵانە توانی کیانێکی نیمچە سەر بەخۆ بۆ خۆی پێک بێنێ کە دوژمنان چاویان لەسەرە و هەوڵی نهێشتنی دەدەن، بۆیە هەر کارێکی دژایەتی کردن دەچێتە خانەی زیان گەیاند بەو ئەزموونە دیموکراسییە.
لەو ماوەیە حکوومەتی هەرێم پرۆژەی ڕووناکی ڕاگەیاند، باوەر ناکەم لە نەیارەکان زیاتر کەس دیکە دژی ئەو پرۆژەیە بێت، هەندێ لایەن لە کەناڵەکانی ڕاگەیاند دەهۆڵی ئەوە لێدەدەن و بەردەوامن کەوا ئەوە دژی هاووڵاتیە و نرخەکەی زۆرە، لە سەرتاپای جیهان تێچووی کارەبا پەیوەستە بە چەند بەکار دێت، و پرۆژەیەکی وەها سەردمیانە کە وزەی کارەبا ٢٤ کاتژمێر هەبێ ئەمە دژی هاووڵاتیە؟، هەر هەمان ئەو لایانەی بە ناو ئۆپۆزسیۆن دەیان گوت حکومەت ناتوانی کارەبایەکی رێک وپێک بۆ هاووڵاتیان دابین بکات.
واژوو کردنی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانییەکانی ئەمریکا لە بواری وزە و گاز، ئایا بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتی و وڵات نییە؟دەهۆڵی بێ بنەما دەکوتن و دژایەتی دەکەن.
بەداخەوە ئۆپۆزسیۆنی کوردستان نەک تەنیا دژی حکوومەتە بەڵکو دژی میللەت و وڵاتیشە، بە هیچ کارێکی حکوومەت ناڵێن دەست خۆش، ساتێک ئۆپۆزسیۆنی وڵاتان لەگەڵ حکوومەت هاوکارن بۆ پرۆژەو خزمەتکردنی هاووڵاتی تەنانەت جیاوازیان لە شێواز و جۆری پێشکەش کردنی ئەو خزمەتانە، کە لە ڕوانگە و دیدی حزبەکەیان تێروانینیان بۆی هەیە کەئەویش بەرژەوەندی هاووڵاتی لەسەری هەموویانە.