وشیاربوونەوەی تاکی كۆمەڵگە بەرامبەر دامەزراوە و قوتابخانە ناحكومییەكان

بەكر كەریم حەسەن
(مارك تواین) نووسەری ئەمریكی دەڵێ: “لە ئێستاوە تا بیست ساڵی تریش پەشیمانیت لەو شتانەی نەتکردووە زیاترە لەو شتانەی کردووتە، بۆیە خەیاڵ بكە و هەوڵ بدە و بیدۆزەرەوە “.
بێگومان وشیاربوونەوە و وشیاركردنەوە و چاوكراوەیی تاكی كۆمەڵگە بەرامبەر بە كۆمەڵێ ڕێنمایی و رێوشوێنی خوێندنی ناحكومی بە ئامڕاز و هۆكاری سەرەكی كاریگەر دادەنرێت بۆ بەدیهێنان و جێبەجێكردنی گۆڕانكاری ئەرێنی و باش لە كۆی پرۆسەی پەروەردە و فێركردن و تێكڕایی كۆمەڵگە، چونكە لە ئەنجامی وشیاربوونەوە و بە ئاگایی تاكی كۆمەڵگە لە سەر وردەكاری و ڕێنماییە پێویستییەكانی خوێندنی ناحكومی و زانین و پرسینەوە لە چۆنیەتی و جۆری خوێندن و كوالێتییەكەی ئەنجامی باشتری دەبێت بەشداری و هاوبەشیەکی تۆكمە دروست دەبێت لە نێوان كۆمەڵگە و قوتابخانە بە گشتی كە دەبێتە سەرەتایەك بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی باشتر و تۆكمەتر و زیاتریش پێشكەوتوو و پێكەوە بەستراو و یەكگرتوو.
لە هەمان كاتیشدا دڵنیایی و متمانەیەكی زیاتر لای تاكی كۆمەڵگە دروست دەكات و پرۆسەی پەروەردە و فێركردنیش زیاتر شەفافتر و ڕاشكاوتر و پڕ بایەختر دەبێت، بۆیە وشیار بوونەوەی كۆمەڵگە بەرامبەر بە دامەزراوە و قوتابخانە ناحكومییەكان لە پێویستییە هەرە گرنگەكان دادەنرێت بۆ بنیاتنان و بەرەوپێشبردنی فێركردن و فێربوون و چاكتركردنی كوالێتی ژیان و پەروەردەكردن. كە لەئەنجامدا وشیاری و زانیاری تۆكمەتر دەبن و دەبنە مایەی هەبوونی زانیاری تەواو لای تاكی كۆمەڵگە لەسەر قوتابخانە و دامەزراوە ناحكومییەكان، بۆیە گرنگە هەر تاكێك لە كۆمەڵگە كە منداڵی لە قوتابخانەیەك یان دامەزراوەیەكی تری ناحكومی دەخوێنێ سەرەتا پێویستی بە پرسینە و بزانێ‌ لە كۆمەڵێ بابەتی گرنگی پەیوەندیدار وەكو نرخی خوێندن و جلوبەرگ و پەرتووك و وردەكاری تری جۆراوجۆر و لە نرخی فەرمی ڕێگاپێدراو پرسینەوە بكات، هەروەها بەدواداچوون بكات و بپرسێ کە بەڕێوەبەر و دەستەی كارگێڕی و مامۆستای بابەتەكان كێن و كامە مامۆستا وانەكان دەڵێنەوە و، بپرسێ و بزانێ‌ باڵەخانە چۆنە و گونجاوە لە ڕووی ئاو و ئاوەڕۆ و ئاودەستەكان و تا چەند تاقیگەكان بە گشتی گونجاوە. بە كورتی زانیاری هەبێ لەسەر ئەو ڕێنماییانەی كەوا پێویستە لەلایەن قوتابخانە و دامەزراوەكان جێبەجێ بكرێن.
جگە لەوەی دڵنیایی و متمانەی زیاتر دەداتە كۆمەڵگە بەرامبەر دامەزراوەكە، لە هەمان كاتدا دامەزراوە و قوتابخانەكەش زیاتر دەبنە مایەی متمانە و دڵنیایی كۆمەڵگە و پێگە و كوالێتی خوێندن و پابەندییان بە ڕێنماییەكان تۆكمەتر دەبێت، ئەمەش دەرئەنجام ڕووبەری دڵنیایی و متمانە فراوانتر دەكات بە قوتابخانە كە و هاوبەشی و بەشداری، زیاتر دەبێت و قوتابخانەكەش ڕۆڵی و دیار تر و بەرچاوتر و شەفافتر و بەرپرسیارانەتر دەبێت لەپێناو بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی باشتر و چاكتردا.
هەر لەسەر ئەو بابەتە كە وشیاركردنەوەی تاكی كۆمەڵگەیە بەرامبەر خوێندن و دامەزراوە ناحكومی وتارەكە بەو وتەیە كۆتایی پێ دێنم كە دەڵێ: “داگیرساندنی مۆمێكی بچووك باشترە لەوەی تەمەنت بەسەر ببەی و لەعنەت بكەی لە تاریكی.”

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی