سیروان مینەخان
هەرێمی کوردستان، سەرەڕای پێگەی فیدراڵی وەک قەوارەیەکی نادەوڵەتی، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بووەتە نموونەیەکی دیار و پێشەنگ لە بەکارهێنانی دیبلۆماسییەتی کاریگەر لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی. بنەمای فیکری ئەم ستراتیژییە دیبلۆماسییە پشت بە ڕوانگەی دوورمەودای جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەبەستێت کە لە دەربڕینێکی پڕمانا و ستراتیژیدا فەرموویەتی: “سەد ساڵ دیبلۆماسییەت و گفتوگۆ و دانوستاندن لە ساڵێک جەنگ و شەڕ و توندوتیژی باشترە.”
ئەم ڕوانگە ژیرانەیە بنەمای سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستانی داڕشتووە و وای کردووە کە ئەم قەوارە سیاسییە دەستوورییە ببێتە فاکتەرێکی سەرەکی لە سەقامگیرکردنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا. بە شێوەیەکی بەرچاو، هەرێمی کوردستان توانیویەتی سەرەڕای نەبوونی ستاتۆی دەوڵەتی، لەسەر شانۆی سیاسەتی نێودەوڵەتی وەک ئەکتەرێکی خاوەن کاریگەری و پێگەی تایبەت دەربکەوێت.
بەڵگەی ئەم بانگەشەیە ئەو دیپلۆماسییەتە چالاک و فرەڕەهەندەیە کە لە ئاستی باڵادا پەیڕەو دەکرێت، وەک:
١. بەشداریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، پایتەختی عێراقی فیدراڵ.
٢. ئامادەبوونی بەڕێزیان لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی لە تاران، پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران، و پێشکەشکردنی دیدگا و پەیامی ستراتیژی هەرێم دەربارەی پرسەکانی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکە و جیهاندا.
٣. لە هەمان کاتدا، بەشداربوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆڕبەندی نێودەوڵەتی تایبەت بە وزە لە واشنتۆن، پایتەختی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، و خستنەڕووی دیدگای ستراتیژی هەرێم لە بواری وزەدا.
ئەم هەنگاوە دیپلۆماسییانە پێگەی نێودەوڵەتی هەرێمی کوردستانیان بەهێز کردووە و نیشانیان داوە کە دەکرێت قەوارەیەکی نادەوڵەتی بە پشتبەستن بە سیاسەتی دانایانە و دیپلۆماسییەتی کاریگەر، ڕۆڵێکی بەرچاو و پۆزەتیڤ لە هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و هەوڵەکانی سەقامگیرکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا بگێڕێت.