حەمەسەعید حەسەن
ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆ بمرم
مۆبایلکه‌م هه‌شتا و نۆ مه‌سیج و
گیرفانم بیست پاوه‌ند و
دڵم تاقه پیاوێکی تێدایه
نیگار نادر
ئه‌وه سروشتی داهێنانه که جۆرێکه له نوێکردنه‌وه، ئه‌زموونگه‌ری، یاخیبوون و ته‌نانه‌ت شۆڕشیش. (بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی هه‌ته و نیته به من بچێ، ده ئه‌مجاره‌ش کراسه‌که‌م هه‌ڵده‌وه!) کتێبێکی (نیگار نادر)ه که بریتییه له ده‌فته‌ری یادداشته ڕۆژانه‌یییه‌کانی، به‌درێژایی هه‌موو ڕۆژه‌کانی ساڵی ٢٠٠٦ که به‌گوێره‌ی زانیاریی من، ئه‌مه یه‌که‌مین جاره، شاعیرێک بێ ئه‌وه‌ی باز به سه‌ر تاقه ڕۆژێکدا بدات، بیره‌وه‌رییه‌کانی ساڵێکی ته‌واوی خۆی بنووسێته‌وه. لایه‌نێکی نوێی دیکه‌ی کتێبه‌که ئه‌وه‌یه، ڕووپه‌له‌کانی شێوه‌ی ڕۆژژمێریان هه‌یه، وه‌لێ لایه‌نی هه‌ره سه‌رنجڕاکێشی، ئه‌و بوێرییه بێ وێنه‌یه که یه‌که‌مین جاره نووسینی کوردی به خۆیه‌وه ده‌بینێت.
نه‌رمایی گوێچکه‌م ڕامووسه
زمانت ماچ ده‌که‌م سه‌گبابی زمانخۆش
چووم له بن دره‌ختێک ڕاکشام وه‌کی بن تۆ خۆش
ماچێكت له مه‌مکی ڕاستم ده‌کرد و
ماچێکت له مه‌مکی چه‌پم تا وه‌خه‌به‌رت هێنام
له‌بن (تۆ)ڕا له ژیان ده‌ڕوانم
ئای ژیان له‌بن تۆڕا
چه‌ند گه‌رم و جوانه سه‌گباب!(١)
تا ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ی نیگار نادر بڵاو نه‌کرابووه‌وه، هیچ شاعیرێکی کورد ئه‌وه‌نده‌ی قوبادی جه‌لیزاده، بوێرانه باسی له جه‌سته‌ی ژن و تینوویه‌تیی بۆ سێکس نه‌کردبوو، وه‌لێ به بڵاوبوونه‌وه‌ی (بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی هه‌ته و نیته به من بچێ، ده ئه‌مجاره‌ش کراسه‌که‌م هه‌ڵده‌وه!) کێبڕکێکارێکی ڕاسته‌قینه له قوبادی جەلیزادە په‌یدا ده‌بێت که وه‌ک هونه‌ری نووسین نا، وه‌لێ وه‌ک بوێریی ده‌ربڕین، نه‌ک هه‌ر هاوشانی ئه‌و ڕێ ده‌کات، به‌ڵکوو هه‌ندێک جار به‌جێشی ده‌هێڵێت.
ده‌سته‌یه‌ک قه‌ڵه‌مم هه‌یه بۆ نووسین و
ده‌سته‌یه‌ک پیاویش بۆ عه‌شق
پیاوان وه‌ک چه‌پکه‌گوڵ وان
هه‌ر بۆ دوو سێ ڕۆژ
ڕه‌نگیان جوانه و بۆنیان خۆش
پاشان ده‌بێ فڕێیان ده‌ی
له کتێبی (بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی هه‌ته و نیته به من بچێ، ده ئه‌مجاره‌ش کراسه‌که‌م هه‌ڵده‌وه!)ی (نیگار نادر)دا، (کۆتر) و (تامه‌زرۆیی بۆ فڕین) پانتایییه‌کی به‌رینیان داگیر کردووه. باڵنده به‌گشتی، سیمبۆلی ئازادییه، ئه‌وه بۆیه پیاوێک که له قه‌فه‌زی زێڕیندا به‌ند نه‌بێت، زوو زوو ده‌ڵێت: ئازادم وه‌ک مه‌ل. شه‌یدایی بۆ فڕینیش له ڕوانگه‌ی (فرۆید)ه‌وه، تامه‌زرۆیییه بۆ ئاوێزانبوون و ڕامووسان. نیگار نادر وێڕای کۆتر و فڕین، هانا بۆ گه‌لێک وشه‌ی دیکه‌یش ده‌بات که تایبه‌تن به باڵنده، وه‌ك: هێلانه، نیشتنه‌وه، هه‌ڵنیشتن، گمه: که ده‌نگی کۆتره و (ته‌قله‌لێدان)یش که تایبه‌ته به جۆرێک لە کۆتر.
ده‌ستت بێنه له‌سه‌ر ناوکمی دانێ
نه‌یبزێوی نه بۆ خوارتر نه بۆ سه‌رتر
ده‌نا کۆتره‌کانم هه‌ڵده‌فڕن
نامه‌یه‌کت هاویشته سه‌ر سینگم
نووسیبووت: کۆتر گه‌ردنت ده‌مژم
سه‌ر به سینگم بکه
هێنده‌م نه‌ماوه له‌لات
کۆتری وه‌ک من نابینیته‌وه ها سه‌گباب
له‌م به‌رهه‌مه‌ی نیگار نادردا گه‌لێک جار (سه‌گباب) پاته ده‌بێته‌وه، بڕوا ناکه‌م که‌س وه‌ک ئه‌و (سه‌گباب)ی وه‌ها شیرین و جوان له ڕسته‌دا جێ کردبێته‌وه و وای کردبێت، ئاوازی ئه‌و جنێوه له هی پێداهه‌ڵدان خۆشتر و به‌جۆشتر بێت. زێده‌گۆیی نییه گه‌ر بڵێم، خوێنه‌ر پڕ به دڵ حه‌زی لێیه پریشکی ئه‌و جنێوه‌ی به‌ر بکه‌وێت.
جنێوم پێ ده‌دا ئه‌و شۆخه هه‌رچه‌نده جنێو تاڵه
کوتوپڕ خۆش و شیرینی ده‌کا، لێوی شه‌کرباری
قه‌ت بڕوا ناکه‌م، جنێوی شۆخه‌که‌ی (که‌مالی) هێنده‌ی ئه‌وه‌ی نیگار نادر، خۆش و شیرین بووبێت. ئه‌و زمانه‌ی نیگار نادر پێی ده‌نووسێت، زمانێکی بێ گڕێوگۆڵ و پاراوه، وه‌لێ زۆر جار زیاد له پێویست ناوچه‌یییه و هه‌ندێک جاریش له‌بری ڕه‌چاوکردنی کورت‌بڕی، وشه‌ی هاوواتای دووباره کردووه‌ته‌وه، وه‌ک:
خۆشه‌ویستی و جغاره
که‌م که‌س ده‌خوازێ (ته‌رکیان کا و ده‌ستبه‌رداریان بێت.) ته‌رکیان کا، زیاده‌یه.
یان: ده‌زانم له‌ناو خۆتدا
(شاردووتمه‌وه و حه‌شارت داوم.) شاردووتمه‌وه، زیاده‌یه.
یان: پیاوان (هه‌میشه) هه‌نار و مین (تێکه‌ڵ ده‌که‌ن و لێک ناکه‌نه‌وه.) تێکەڵ دەکەن و لێک ناکه‌نه‌وه، یەکێکیان زیاده‌یه، (هه‌میشه) بۆ (تێکه‌ڵ ده‌که‌ن،) دروسته، وه‌لێ بۆ (لێک ناکه‌نه‌وه،) (هەرگیز) دروستە.
نیگار نادر له کۆشیعری (هه‌موو ژته‌دا ژیونه‌ته‌وه)یشدا به هه‌مان ڕاشکاوی و به هه‌مان بوێریییه‌وه، خۆی نووسیوه‌ته‌وه، ڕاشکاوی و بوێریییه‌ک که شیاوی ئیره‌یی پێ بردنن. ژن که به نهێنی سیگار ده‌کێشێت، لای نیگار نادر هێنده (سه‌ره‌ڕۆ)یه، به ئاشکرا سیگار، نێرگه‌له و (مه‌روانه)(٢) ده‌کێشێت و شه‌رابیش ده‌نۆشێت:
ئه‌ز ژنه‌کم
سه‌ربه‌خۆ و بنبه‌خۆ
ژنێکم بێ پیاو، بێ ئاوه‌ڵکراس
ژنێکم عه‌شق بێ ته‌قه ده‌مگرێ
نازانم له بن دره‌ختێک دانیشتووم
یان له بن پیاوێک
لێ ده‌زانم، ژنێکی جووتم ئه‌وڕۆ.(٣)
بڕوام به‌وه‌یه که ژن زمانی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه، هه‌ر شیعرێک به‌رهه‌می قه‌ڵه‌می ژن بێت و گه‌واهی له‌سه‌ر خاوه‌نه‌که‌ی نه‌دات که ژنه، ئه‌وا ئه‌و ژنه‌شاعیره، خۆی له زیندانی زمانی پیاوان قوتار نه‌کردووه و هێشتا دیلی ده‌ستی زمانی باوه که زمانی پیاوه. نیگار نادر وه‌ک ژنێکی بوێر، بێ ترس و دڵه‌ڕاوکێ، به زمانێک که هی مێیینه‌یه، گۆرانی بۆ ئه‌و پیاوه ده‌چڕێت که له هێلانه‌ی دڵیدایه.
*
(١) نیگار نادر، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی هه‌ته و نیته به من بچێ، ده ئه‌مجاره‌ش کراسه‌که‌م هه‌ڵده‌وه، ده‌زگای ئاراس ٢٠٠٨ هه‌ولێر.
(٢) سه‌رڕۆ، ده‌ربڕینی ن. ن خۆیه‌تی، مه‌روانه، جۆرێکه له تلیاک.
(٣) نیگار نادر، هه‌موو ژته‌دا ژیونه‌ته‌وه، ده‌زگای ئاراس ٢٠٠٨ هه‌ولێر.